فێربوون، نیشتیمانێک دەچێنێ و درووستی دەکات

فێربوون، نیشتیمانێک دەچێنێ و درووستی دەکات
دامەزرێنەری میرنشینەکانی عەرەبی و یەکەم سەرۆکی میرنشینەکان شێخ زاید کوڕی سولتان دەلێ"ئەگەر فێربووکردنی خەڵک و رۆشنبیرکردنیان بۆخۆی سەروەتێکی گەورەبێت کە شانازی پێ بکەی ، ئەوا زانست بۆخۆی سەروەتێکە کە ئێمە پاشە رۆژ بینات دەنێن لەسەر بنچینەی زانستی"ھەروەھا گەورە شۆرشگێر و سەرۆکی باشوری ئەفریقیا نیلسۆن ماندێلا دەلێ" فێرکردن بەھێزترین چەکە کە دەتوانین بەکاری بھێنین بۆ گۆڕینی جیھان"
بێگومان گەر وورد ببینەوە لەم دوو قسەو پەندەی سەرەوە کە وەکو بیردۆز وایە کە خاوەنداریەتی بۆ دوو مرۆڤی مەزن دەگەرێتەوە کە زۆر خزمەتی ووڵات و میللەتەکەی خۆیانیان کردوە کە چەقی قورسایی بیردۆزەکەیان بریتیە لە فێرکردن و زانست، گومانی تێدانییە ھەر میللەتێک بیەوێ ھانگاو بھاوێژێ بۆ گەیشتن بە پاشە رۆژ و چارەنووسی خۆی و بینیاتنانی کۆمەڵگا لەسەر بنچینەیەکی درووست ئەوا دەبێت لە فێرکردن و زانست و بڕوا بەخۆبوون دەست پێبکات و ھەنگاو بھاوێژێ کە فێرکردن و زانست وەرگرتن بۆ تاکەکان لە قوتابخانەوە دەست پێدەکات، قوتابخانەیە قوتابیان لە باوەش دەگرێت و پەروەردەیان دەکات و فێریان دەکات لەسەر پرۆگرام و سیستەمێکی دیاری کراو، بەڵام کاتێک قوتابخانە دەبێتە پشوو وەکو پشووی ھاوین کە زیاتر لە (٩٠)نۆھەت رۆژ دەبێت و قوتابیان چاوەڕێن لەم پشووە درێژەدا، پشووێکی دەروونی و جەستەیی بدەن چێژ ببینن لە یاری کردن و سەردان و خواست و ئارەزووەکانیان بە گشتی دوای فشار و پاڵەپەستۆی قوتابخانە و خوێندن و تاقیکردنەوەکان ، بەڵام لە بەرامبەریشدا زۆرێک لە قوتابیان ھەست بە بۆشاییەکی گەورە دەکەن و بێزار دەبەن ھەست بە گۆڕانکاری و سوود وەرگرتن دەکەن لەم پشووەدا، لەوانەیە لێرەو لەوێ قوتابیان گەشت دەکەن بۆ شارەکان یان ووڵاتان بۆ زانینی زیاتری زانست و فێربوون ھێوربوونەوەیەکی گشتی قوتابیان، زۆرێک لە قوتابیانیش لە پشووی ھاوین دەیانەوێ کاربکەن لە کارگەیەک یان ھەرکارێکی تر بۆ فێربوون و چاوکراوەیی و ڕێزگرتن و چۆنیەتی ڕەفتارکردن و ھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خەڵکانی تر ، جگە لەوەش کارکردنیان ھاوکاریی کردنی ماڵەوەیان و دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆیان و متمانە بەخۆیان و بەرگە گرتن و بەرپرسیاریەتی و چەندەھا سوود و قازانجی تری ھەیە کەوا لە قوتابی دەکات باوەڕی بەخۆی ھەبێت و جگە لە فێربوونی چەندەھا پڕەنسیپ و داب و نەریتی کۆمەڵگا، جگە لەوانەش زۆرێک لە قوتابیان لەم پشووە درێژە بێزار دەبن و شەکەت دەبن ، بۆیە گرنگە وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەکان لە سەر ئاستی پارێزگا و قەزاکان پلان و بەرنامەی جۆراوجۆری ھاوینەیان ھەبێت بۆ قوتابیان بەگشتی تا بتوانن قوتابیە خۆشەویستەکانیان سوود و قازانج لەم ماوەیە درێژە ببینن ئەویش بە بەشداری کردنیان لە بەرنامە و پلانەکانی پەروەردە چ کردنەوەی خیوەتگای دیدەوانی یانیش کردنەوەی فێرگەی وەرزشی جۆراوجۆر یان کردنەوەی چەندەھا خوڵ و مەشقی زانستی و ھونەری و زمانەوانی و جۆرەکانی کە قوتابی سوودیان لێ دەبینێ.
بێگومان کردنەوەی ئەو جۆرە چاڵاکی و خوڵ و ڕاھێنانە سوود و قازانجی زیاد بە قوتابی و پەروەردە و کۆمەڵگا دەگەینێ ، بۆ نموونە لە کردنەوەی فێرگاکانی وەرزشی یان خیوەتگای دیدەوانی وا لە قوتابی دەکات پەڕە بە توانای فێربوونی و بەھرەی قوتابی بدرێت، چەندەھاقوتابی تر دەناسێت و بڕوای زیاتر بەخۆی دەبێت، دەتوانین بلێن زیاتر پەڕە بە گەشەکردنی کەسایەتی قوتابی دەدرێت و متمانەی زیاتری بەخۆی دەبێت، ھەروەھا لە جۆرە خولەکانی تری زانستی و ھونەری و زمانەوانی بەھەمان شێوە پەڕە بەتواناکانی قوتابیان دەدرێت واتە زیاتر فێردەبێت لە ھەر بوارێک کە بەشداری تێدا دەکات، بێگومان قوتابی کە دەگەرێتەوە قوتابخانە دوای تەواو بوونی لە پشووی ھاوین وەکو کەسێکی چەکەرە کراو بە زانست و فێربوون دەگەرێتەوە قوتابخانە توانیویەتی سوود و قازاتج لە پشوو وەربگرێت، جگە لەوانەش ھەمووی ، وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی بۆ قوتابیانی ئامادەیی دەتوانی ھەماھەنگی لەگەڵ چەندەھا کۆمپانیا و کارگەی جۆراوجۆر بکات بۆ ئەوەی قوتابیان لە وەرزی ھاوین بتوانن تا ڕادەیەک لەم کارگە و کۆمپانیایانە کاربکەن تا قوتابی زیاتر فێری پسپۆری و ڕەفتار و ھەڵسوکەوت و کردەوەکانی بێت و متمانە بەخۆبوون لە ناخی قوتابی درووست بێت و ئەزموون و شارەزایی لەم بوارە دا پەیدا بکات جگە لە قازانجی دارایی بۆ خودی قوتابی و خێزانەکەی لە ھەمانکاتیشدا مێژوویەکە بۆ قوتابی بەھێزکردنی کەسایەتی قوتابییە کە لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی تۆکمە و بارگاوی کراو بە متمانە بەخۆبوون و بە پشت بەستن بە فێربوونی بنەڕەتی لە مێژینەی ڕەگدا کوتراو لە ناخی تاکە بەھێزەکان کە ھەردەم پارێزەر و بەرگریکار و پێشمەرگەی دڵسۆزی ئەو ئەزموونە دەبن کە بەخوێن بە دەست ھاتووە و پارێزراوە بە تۆکمەیی و تەبایی و فێربوون و خۆنەویستی دەگەشێتەوە ، ھەروەکو نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەفسەری میسری جەلال عامردەلێ " کشتوکاڵ برسیەتی ناھێلێت، پیشەسازی پێداویستیەکان فەراھەم دەکات، بەڵام فێربوون نیشتیمانێک دەچێنێ و درووستی دەکات.
دەبا ئێمەش لە رێگای پەروەردە لە پێناو نیشتیمانەکەمان کوردستان برایەتی و تەبایی ودڵسۆزی و خۆنەویستی و خۆشەویستی بچینین و درووستی بکەین تا نەوەکانمان لە داھاتوودا شانازیمان پێ بکەن و نەفرەتمان لێ نەکەن و خۆشمان ویژدانمان ئاسودە بکەین خوێنی شەھیدانمان بە فیرۆ نەدەین.

بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top