ترس و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان

ترس و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان
لە یەکێک لە بیردۆزەکانی پەویوەندار بە پرۆسەی کارگێڕی و بەڕێوەبردندا، کە بەناوی "تیۆری بەڕێوەبردنی ترس" دەناسرێتن، ترس لەو پرۆسەیەدا بە گرنگ ھەژمار دەکرێتن. ئەو تیۆرییە ئاماژە بەوە دەدات کە ترس وروژێنەرێکی سەرەکیی کاریگەرە لەسەر کەسایەتی و لایەنی سایکۆلۆژیای خۆدی مرۆڤ و ئاستی ئەم کاریگەرییە بەسەر مرۆڤەوە ھیچ کەمتر نیە لە مردن.
بە پێی ئەم تیۆرە مرۆڤ بە شێوەیەکی بایۆلۆژیکی ھەوڵی خۆپاراستن دەدات لە بەرامبەر ترس. ئەو ترسە لەوانەیە لەسەر ئاستی کەلتووری و فەرھەنگی بێ، کە ھەر کەسێک تیایدا لە ڕێگەی پەرەپێدان بە واتا و ئامانجەکانی خۆی و ژیانەکەی، بەرگەی دەگرێتن یان لەوانەیە ئەو کارە لەسەر ئاستی تاکی بێ کە لە ڕێگەی خۆھەڵسەنگاندن ئەو کارە ئەنجام دەدرێت. واتا تاکەکان دەتوانن بەردەوامی بە ژیانیان بدەن لەسەر بنەمای ھزر و بیرکردنەویان لەسەر بە واتادارکردن و ڕامان بەخشین بەو ژیانە.
ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەبێتە ھاوکاریان بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی نیگەرانی و ترسەکانی ژیان بگرن. ئەمە لەسەر ئاستی وەڵات و دامەزراوە و سیستەمی کارگێڕی و دەولەت و ڕێکخراوەیی، و لەسەر ئاستی تاکیش مرۆڤەکان ھەوڵدەدەن ئەم کارە بە شێوازی جیاواز و لەوانەشە بە ڕێگەی دروستکرنی ھەستی پۆزەتیڤانە لە بارەی خۆیان ئەنجام بدەن. بیردۆزەکە لە بەردەوامی بیروباوەری خاوەنەکانیەوە وای بۆ دەچێ کە لە ڕێگەی خۆھەڵسەنگاندن مرۆڤ دەتوانێ جۆرە بەڕێوەبردنێک ئەنجامبدات کە بە جەختکردن لەسەر بەھا ناوخۆییەکان و گرنگی خۆدی خۆیان بەرگەی ئەو ھەموو ترسە کۆشندانە بگرن.
ئەوەتا ئێمە لەو ڕۆژانە دا لە ھەڵوێستێکی ھاوشێوەی ئەم بیردۆزە دا دەژین. ڕۆژانی ریفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان ئەو ھەڵوێستەیە کە ترسەکان وەک خۆر ڕوون و ئاشکران و دووبارەکردنەوەیان تەنھا دورودرێژکردنی ئەم بابەتەیە. ھەر کەسێک دەتوانێ بە چرکەساتێک بیرکردنەوە ھەموو ئەو ترسانە، چ ئەوەی لە ڕابردووە تاڵ’کانی ساڵانی پێشووتر لێمان قەوماوە و چ ئەوانەی کە لە ئاییندە و لە ئەنجامی بەردەوامی ژیانی ژێر چەپۆکی داگیرکەران لەوانەیە ڕووبدەن، وەبیر خۆی بێنێتەوە. ئایا ئەو کات ئەرکی دەنگدەرانی ئەو ڕیفراندۆمە و لە سایەی ئەم تیۆرییە جیھانییە چ دەبێ؟ " بەڵێ " یان " نەخێر "؟ وەڵام و ھەڵبژارتنتان ئاستی جێبەجێکردنی ئەو تیۆرییە دیار دەخاتن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top