ئەمەریکا و کوردستان بەرەو رێککەوتنی نوێ

ئەمەریکا و کوردستان بەرەو رێککەوتنی نوێ
لەچەند ڕۆژی داهاتوو گفتووگۆی باڵا لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەتایبەت سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی پرۆتۆکۆلی (هەولێر -واشنتۆن)، کە لە (١٢ی تەموزی ٢٠١٦)، لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی (رۆب وۆرک)، جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا و بارزانی و کەریم سنجاری، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت واژۆکرا دووبارە دابڕێژرێتەوە، ئەم رێککەوتنە رەنگە بکرێتە رێککەوتنێکی سیاسی و ستراتیژی لەنێوان هەردوولا بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەهاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، بەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکدەخرێتەوە، لە چوار چێوەی هێزێکی نێودەوڵەتی مەشقیان پێدەکرێت، سەرجەم پێداویستییەکانی چەک و تەقەمەنی جەنگیان پێ دەدرێت، بەپێی ئەو رێککەوتنە گەرەنتی دەدرێتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەبەهێزی لە ناوچەکە بمێنێتەوە، لەپێناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامیگری ناوچەکە، هەڵبەتە ئیدارەی (ترمپ) سیاسەتێکی نوێی هەیە، دەیەوێت رێککەوتنەکان لەئاستی نێودەوڵەتی دابەزێنێتە خوارەوە، بۆ هەرێمەکان، بۆیە لەمێژووی پرۆتۆکۆلەکانی ئەمەریکا ئەمە یەکەم جارە کاربکرێت بۆ ئەوەی پرۆتۆکۆلەکە بکرێتە رێککەوتنی سیاسی.
بۆ داهاتووی کوردستان پرۆتۆکۆلی (هەولێر- واشنتۆن) زۆر گرنگ دەبێت، چونکە ئەو کاتە هەرێمی کوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆی دەنێت و بۆی گرنگە پاڵپشتێکی گرنگی هەبێت وەک ئەمەریکا، رەنگە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بۆ ئاستی پەیوەندی دیپلۆماسی و سیاسی درێژبکرێتەوە، وەک قۆناغی یەکەم رەنگە واشنتۆن مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ کوردستان بکات، بەتایبەت ئەو کاتەی ئیدارەی ئەمریکا ڕازی بووە لەسەر 200 ملیۆن دۆلار بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو پارەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە نێوان ئیدارەی ئەمریکا و عێراق کراوە.

لەسەر زۆر پرسی داهاتووی ناوچەکە بریارە سەرۆک بارزانی سەردانی ئەمەریکا بکات رەنگە گفتووگۆی بارزانی و ئەمەریکا لەسەر پرۆتۆکۆلی نێوانیان بێت، چونکە ئیدارەی ترمپ رەزامەندیان نیشان داوە لە دووئاست گفتووگۆ لەسەر ئەو رێککەوتنە بکەن، یەکەم وەک پرۆتۆکۆل بمێنێتەوە و هەندێک گۆڕانکاری تێدابکرێت، دووەم وەک رێککەوتنی سیاسی و ستراتیژی واژۆی لەسەر بکرێت، ئێستا دەکەوێتەوە سەر هەڵوێستی سەرکردایەتی سیاس کوردستان چۆن بتوانێت ئەو رێککەوتنە فراوان بکات.
Top