بەلێ بۆ ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان چونکە ئێمە مرۆڤین نەک مەوالی

بەلێ بۆ ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان چونکە ئێمە مرۆڤین نەک مەوالی
بە پێچەوانەی فەلسەفەی ئیسلامی پیرۆز بۆ سەپاندن و بڵاوکردنەوەی دادپەروەری و یەکسانی، کە تا ئەو کات لە مرۆڤە ناوچەکانی ژێر دەستھەلاتێ عەرەبە بیابانیەکان ب تایبەت و جیھان بەگشتی، زەوت کرابوو، دوای کۆچی دوایی پەیامبەر پەیتا پەیتا ڕەنگی ئەو دروشمە کاڵتر بوو، تا ئەو ئاستەی کە لە کاتی خەلافەتی ھەندێ خەلیفەی ئەمەوی و عەباسی دا، مۆسڵمانان نەک لە ھەموو شتەکاندا یەکسان نەبوون، بەڵکۆ مۆسڵمانە نەعەرەبەکان، سەرەڕای زۆر خەسڵەتی باش و لێھاتوویی و دەستپاکی و پابەندبوونیان بە بنەما سەرەکیەکانی ئەو ئایینە بە چاوێکی کەمتر لە عەرەبێکی مۆسڵمان تەماشە دەکرا و لەو پێناوەشدا بە بیانۆی جیاواز ڕەفتار و ھەڵوێستی زۆر نەشرینی لەگەڵدا پیادە دەرکا، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ کاردانەوە و کاریگەرییەکی خراپی بەسەر کەسایەتی ئەو مۆسڵمانانەوە ھەبووە.
ئەگەر لە دڵسۆزی و و چاکەی خۆی نەبێ و فاکتەری ھەبوونی خاڵی وێکچوونی بیروباوەرەکانی ھاوشێوەی ئایینی لە نێو ئایینەکانی زەردەشتی و ئیسلام، واتە بڕوا بە خۆدایەکی تاقانە و دلۆڤان، و بڕوا بە ڕۆژی دوایی و بەھشت و دۆزەخ، پێنج نوێژی ڕۆژانە و ... ھتد، کە مێژوویەکەی لە نێو ئایینی زەردەشتی بۆ زیاتر لە ( ٤٢٠٠) ساڵ لەمەوە پیش دەگەڕێتەوە، نەبوایە، لەوانەیە زۆر کەس، لە ڕقی زۆرێک لەو لووتبەرزانە لێی ھەڵدەگەڕان.
جێگەی داخە ئەو ڕەفتارە نەشرینانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی سەردەمی ( جاھلیەت ) ئێستاش بەرۆکی زۆر کەس و لایەن و وڵاتـانی عەرەبیی بەرنەداوە و ھەڵسوکەوتی وەھابیەت و ئەلقاعیدە و سەدامی گۆڕبە گۆڕ و داعش و ئێستای کەسانی سیاسیی لەو وڵاتانە بەشێکن لەو بەڵگە حاشا ھەڵنەگرانەی، کە ڕاستی ئەم قسەیە دەسەلمێنن.
وەک دەروونناسی بەناووبانگ کارۆل گۆستاڤ یۆنگ دەڵێ دەکرێ بڵێین ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بۆوەتە بەشێک لە پێکھاتەی سایکۆلۆژی و مێنتالیی ناسیۆنالیزمی عەرەبی فاشیستی، تەنانەت بۆ مێنتالیتەی پارس و توورکەکانی مۆسڵمانیش گۆازراوەتەوە و ھەمان ئەو ڕەفتارانەمان لەگەڵ دا دەکەن کە کاتی خۆی عەرەبەکانی مۆسڵمان لەگەڵ کوردی مۆسڵمان و نەتەوەکانی تری مۆسڵمانی نەعەرەب دەکرد و بە ناوی ( مەوالی )، واتە بەندە و بندەست دەناسران و بە چاوێکی وەھا تەماشەدەکران کە گۆایە عەرەب ئایینی ئیسلامی ھێناوە و داویەتی بە ئەوان و بەوە ( فەزلی ) بەسەر ئەوانەوە ھەیە. کەچی ئەوان لەیلدیان کردووە کە ئایینەکان لە یەک سەرچاوەوە ھاتوون و بەشی ھەموو مرۆڤایەتین، نەک ھی کەس و نەتەوەیەک بە تەنھا و محەمەدی ئەمین (س) ئەگەر عەرەبیش بێ واتای ئەوە نیە کە ئیسلام لە دیتنی ئەو ناسیۆنالیستانە دا کاڵا و ئۆتۆمۆبێل یان خانوو و وڵاتیک بێ بە دیاری درابێتە کوردەکان، بەڵکۆ ئەگەر چی کوردەکان، لەسەرەتای ھێڕشەکانی عەرەبە مۆسڵمانەکان، و وەک چۆن عەلی وەردی، فەیلەسۆفی بەناوبانگی ناوچە، ئاماژەی پێدەداتن، ئایینی خۆیانیان، واتە زەردەشتی، پێ زۆر پیرۆز و یادگاری باب و باپیرانیان دەزانی و زۆریان بەرگری لێی کرد، بەڵام دواتر بە بینینی خەسڵەتی جوانی پەیامبەرەکەی و پەیامە پیرۆزی ئایینەکەی، پۆل پۆل ھاتنە نێو ڕیزەکانی، بەڵام دواتر ھەندێ گەندەڵچیی ئایینی ھەڵەەرستانە ڕەفتارێکی زۆر نەشرینیان لە دژی ئەو مۆسڵمانە کوردانە دەکرد و وایان پیشان دەدا کە ئەوان لە سۆنگەی ئەوەی کە ئیسلامیان بۆ کوردەکان ھێناوە دەبێ لە بری ئەوە کوردەمۆسڵمانبووەکان،( مەوالی ) و بەندەی ئەوان، واتە عەرەبە مۆسڵمانەکان بن.
ئەو مێنتالیتەیە زۆر ڕەفتار و کارەساتی ناشرینی لێکەوتەوە. ئێمەی کورد بە مۆسڵمان و نامۆسڵمانەوە بۆ ھزاران ساڵ دەچێ قۆربانیی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەی ھەندێ گرووپ و تاخم و سەرکردەی ئایینی و سیاسی و زانستی وڵاتانی عەرەبین، کە دواینیان داعش بوو. لەوە دەچێ گەر فۆرماتی ئەو بیرکردنەوەیە ڕووی نەداتن، و ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەسەری بەردەوام بێ، ئێمەی کوردستانیان تا ھزاران ساڵی تریش ھەر بە قۆچی قۆربانیی ( کبش الفداء ) ئەوان بمینین.
بۆیە کاتێک کە ئەمرۆ دەرفەتی رزگاربوون لەو قۆربانیبوونە لە ئارادایە، پێویستە ھەموو کوردستانیەک و کوردێک، شان بە شانی یەکتری، و سەرەڕِای شانازی بە مۆسڵمانبوونی ھەندێکیان بڵێن و بسەلمێنن کە ئەوان کوردن بەڵام ( مەوالی ) نین و نابن. ئەو چەرخی بیست و یەکەمە و چەرخی ئازادی تاک و کۆمەڵگا و نەتەوەکانە و سەردەمی ( مەوالیبوون )ی مرۆڤەکان بۆ یەکتری بەسەر چووە. ( مەوالیبوون ) لە بیردانک و مێنتالیتەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دژی ئیسلام و کەسێتی محەمەدی ئەمین (س)، و لە داھێنانەکانی ئەبوو جەھل و ئەبوولەھەبەکانی ئەو نەتەوەیەیە. ئێوە لە جیاتی یەکتری و ئێمە نەچارکردن بۆ مەوالیبوون بۆ ئێوە و کۆشتنمان، بڕۆن پارەکانتان خەرجی شتی جوانتر و شرینتر بکەن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top