ئەوەی گۆران و کۆمەڵ لەپای چی؟

ئەوەی گۆران و کۆمەڵ لەپای چی؟
دوای ڕاگەیاندنی کاتی ریفراندۆم لەلایەن (بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان) بەئامادەبوونی پارتە سیاسیەکان لەشەقامەکانی کوردستان شادی و کامەرانێکی زۆری ھاونیشتیمانیان بەدی کرا، مەزندەی ئەوەش دەکرا سەرانی گۆران و کۆمەڵ کە بەژداری کۆبونەوەیان نەکرد، بەڵام ھەڵوێستێکی ئەرێنیان بۆ ئەنجام دانی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆی ھەبێت، کەچی بەداخەوە ئاماژەکان پێچەوانەیان سەلماند.
لێرەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە گۆران و کۆمەڵ خوێندنەوەیەکی ڕاست و درووستیان نیە بۆ باروودۆخی ھەرێمی کوردستان و کێشە جۆر بەجۆرەکان، چونکە نەیان توانیووە ئەوەی خواستی خۆیانە بەمیکانیزمێکی روون بیخەنەروو، بەڵکو زیاتر کاریان لەسەر سۆزی خەڵک کردووە، تاوەکو لەھەڵبژاردنەکان دەنگ بھێنن، ئەم ھەڵسوکەت و مامەڵەکردنەیان بۆتە مایەی زیانگەیاندن بۆ ئەزموونی سیاسی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەش لەکاتی ئۆپۆزسیون بونیشیان زۆر جار ئەجیندای لایەنە ئیقلیمیەکانیان جێبەجێ کردووە و بۆنەتە لەمپەر لەبەردەم گەشەسەندنی ھەرێم.
لەئێستاش دا کە پرسی سەربەخۆیی لە رێگەی ریفراندۆمەوە تاوتوێ دەکرێت، دەبێت حزبەکان بەگشتی و ئۆپۆزسیۆن سورتربن لەسەر پرسێکی گرینگی نیشتیمانی وەک ریفراندۆم، چونکە ئۆپۆزسیۆن لە دەوڵەتێک دا زیاتر ئامانجەکانی ئەپێکێت وەک لەھەرێمێک کەسەر بەناوەند بێت.
دەکرێت بڵێن مامەڵەکردنی ئەو دوو لایەنە مایەی نیگەرانی کوردستانیانە لەلایەک و لەلایەکی تریش مایەی مەترسیە، چونکە ئەوان پێشتر لە گەڵ پەیامی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان راستگۆ نەبوون و ئێستاش لەگەڵ پەیامی خۆیان راستگۆ نین، بەڵکو ھەمیشە ڕێگر بوونە لە بەردەم پرسە چارەنوس سازەکان، بۆیە بەگژاچونەوەیان بەرێگەی یاسای ئەرکێکی نیشتیمانیە.
وتمان کارانەکردنەوەی پەرلەمان کارێکی باش نیە، بەڵام ھەر زوو دوای ڕاگەیاندنی رۆژی ریفراندۆم بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرچوو کە ئەمەش خواستی خۆیان بوو، بەڵام وڵامێکی دڵخۆشیکەریان بۆ لاینگرانی خۆیان و کوردستانیان پێ نەبوو، چونکە ھەمیشە ئەو بیرکردنەوەی ئەوان دەیانەوێت، دەبێت ئەوە بێتەدی ئەمەش لەسیاسەت دا مەحاڵە، چونکە ھەموومان ئەزانین سیاسەت ھونەری مومکینە، لەلایەکی تریش گفتوگۆی ھەمەلایەنەیە لە نێوان لایەنەکان کە ھەر یەکەیان جانتایەکی پێیەپڕە لە خواست و تەنازول، دەبێت ھەموو ئەمانە فڕی بدرێنە سەر مێزی دانوستان لە پێناو ئامانجی ھاوبەش، بەڵام ئەوەی دەیبینین کە گۆران و پاشکۆکەی بەو شێوازەی سەرەوە ناجوڵێنەوە کە پێویستە وابکەن، چونکە باشترین جۆری سیاسەت کردن ئەوەیە لە پێناو چاکەی گشتی دابێت بۆ ھەموومان ئاشکرایە کە ئەم دوو لایەنە بەرپرسیاری یەکەمن لەسەرجەم کێشەو ئاریشەکانی کوردستان، چونکە ئەوانن نایێنە پێشەوە بۆ کۆتایی ھێنان بەم گێژاوە سیاسیەی خوڵقاندویانە، لەمێژوودا زۆر کەس و لایەن ھاوشێوەی گۆران و کۆمەڵ کە لە ئەمرۆدا دەیکەن کردوویانە، بەڵام پەندیان لێوەرنەگرتووە کە چۆن ریسوای و شەرمەزاریان بۆماوەتەوە .

Top