رۆژی سەربەخۆیی
June 17, 2017
وتار و بیروڕا
لە بەھاری ١٩٩١ەوە، لە باشووری کوردستان، خاوەنی کیانێکی سیاسین، بۆیە دەوڵەتانی دونیا بە نموونەیەکی جوان و سەرکەوتووی بەڕێوەبردنی سیستەمی حوکمڕانیمان دادەنێن، کورد لەم پارچەی کوردستان، ھەقی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ڕاگەێنێت کە تەواو لەگەڵ جاڕدانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و بەندەکانی کۆمەڵە نەتەوە یەکگرتووەکاندا گونجاوە، کەچی ھەست دەکرێت کەسانێک ( کە کوردیشن)، لەژێر پەردەی ھەر بیانوویەکدا بێت! شکۆی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بچووک دەکەنەوە، بەوەی: کورد لەم کاتەدا خاوەنی بنەمایەکی پتەوی ئابووری نییە!، داھات کەمە!، بەشی بژێوی میللەت ناکات!، دەیانەوێت بەم جۆرە قسانە، پرسە مەزنەکەمان بچووک بکەنەوە! ھاوکات مەبەستیانە ورە بە جەماوەر بەردەن، تا بڕوایان بە سەرکەوتنی دۆزە ڕەواکەمان لاواز بێت، بە مەبەست، یاخود لە نائاگاییەوە بێت، بەم جۆرە ڕەفتارەیان، ئاو دەکەنە ئاشی نەیارانی کوردەوە، بۆیە ھەقە ئیتر بە خۆیاندا بچنەوە.
دەسەڵاتدارانی عەرەبی سوننە و شیعەی عیراق، بە دەگمەنیان نەبێت. ددان بە پێناسە و ماف و ئازادی کوردا نانێن، نەک ئەوەندە، بەڵکو بە ئاشکرا ڕەفزمان دەکەن و دەیانەوێت لە ھەموو مافێک بێ بەریمان بکەن، دەستبردن بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئەرکێکی ئایینی، عەقڵانی و لۆژیکیە، ئەوەی دڵخۆشکەرە و بەرگوێ دەکەوێت و بووەتە باس و خواسی سەرەکی ھەموو لایەک، سەرھەڵدان و دروستبوونی دەوڵەتێکی تازەیە، کە لە ڕابردوودا کورد ھەزاران قوربانی لە پێناو داوە، وەک ئەوەی چاودێرانی سیاسی، ڕۆشنبیران، نووسەران، دۆست و نەیارانی کوردیش ئاماژەی بۆ دەکەن تاکە ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بەو خەونە، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، کە دەتوانێت بڕیارێکی چارەنووسسازی وەھا بدات چیتر لەژێر سێبەری ئاڵای عێراقدا نەمێنینەوە و بگەین بەو خەونەی رووبارێک خوێنمان بۆ ڕشتووە، بە پشتگیری کردنی ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە بڕیاری سەرۆکی کوردستان، پرۆژەکە دەکاتە پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیر بە ھەموو خەڵکی کوردستان و دیاریکردنی رۆژی ٢٥ی ئەیلوول بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان، دەبێتە ھۆی ئەوەی مێژووێکی زێرین بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان تۆمار بکەین.