شەمەندەفەرەکە وا دەگات، با فاڕگۆنەکەتان بەجێ نەمێنێت!

شەمەندەفەرەکە وا دەگات، با فاڕگۆنەکەتان بەجێ نەمێنێت!
دواجار سەرکردایەتی سیاسی کورد بوێرانە بڕیارە گرنگ و چارەنوسازەکەیدا و ئیتر خەڵکی کوردستان بڕیار ئەدات و نەفرەت لە ژێر دەستی و بێ دەوڵەتی دەکەن.
‎لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە تەواوی بیر و بۆچونەکان لەژێر سێبەری سەرۆکایەتی هەرێم وسەرکردایەتی حەکیمانەی (مەسعود بارزانی) بڕیاری ڕیفراندۆیاندا بەدەر لە (بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی) کە ئەم دووانەی دوایی پڕۆسە گرنگەکە دەدەنە بەر تانەی بێ بنەما و دەیبەستنەوە بە کۆمەڵێ پرسی بچوکتر لە سەربەخۆیی، ئەگەر تا چەند ڕۆژی ڕابردوو پاساویان بۆ بەشدارینەکردن لەم کۆبوونەوەیە و دانەنیشتن لەسەر کورسی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بەستبێتەوە بە کورسی پەرلەمان و سکرتێرەکەی کە ئەمەش سەبارەت بە پرسێکی گەورەی وەک ڕیفراندۆم و مافی چارەی خۆنوسین (پاساوێکی ئابڕووبەرانەیە) ئەوا لە ماوەی ڕابردوو پارتی و یەکێتی لەژێر ڕاسپاردەی کۆبوونەوە چارەنوسسازەکەی (7 ی حوزەیران) کە بڕیاری ڕیفراندۆم درا، بڕیاریاندا کە پەرلەمانی کوردستان بە هەمان دەستەی سەرۆکایەتی پێشوو کارابکرێتەوە، بەڵام بزووتەوەی گۆڕان لە پەیامێکی کورت و بێ بنەما کاراکردنەوەی پەرلەمانیان ڕەتکردەوە و بەردەوامە لەسەر کەللەڕەقی سیاسی خۆی و کۆمەڵی ئیسلامیش وەک پاشکۆی ئەم بزووتنەوەیە بەبەغا ئاسا هەمان قسەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی دووپاتکردەوە بێ ئەوەی هیچ ڕونکردنەوەیەکی تر لەو بارەیەوە بدەن.
‎مێژوو دەینوسێ کە هەردوو حیزب بۆ دانیشتن لەسەر کورسی پەرلەمان هەرێمی کوردستان، دانیشتن لەسەر کورسی ڕیفراندۆمی بەدەوڵەت بوونیان ڕەتکردەوە، بێگومان نەهاتنی ئەم دوو حیزبە بۆسەر مێزی دانوستان و قبوڵنەکردنی ئەو پرسە گرنگە تەنها خۆیان زەرەرمەندی یەکەم دەبن چونکە لایەنە سیاسیەکان دەتوانن وەک چۆن بە ڕێکەوتنی سیاسی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان لە ماوەی ڕابردوو دامەزراند بە هەمان شێوە توانای کاراکردنەوەی پەرلەمانیان بە سەرکردایەتی نوێ وە هەیە بۆ پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمیش کارا نەبوونی پەرلەمان هیچ نابێتە ڕێگر و زۆرینەی دەوڵەتانی جیهان لەپاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بوونەتە خاوەنی پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر.
‎بۆیە زۆری نەماوە شەمەندەفەری سەربەخۆیی نزیک دەبێتەوە لە وێستگەی (ڕیفراندۆم) ئیتر گەیشتن بە دوا مەنزڵی ئاسودەیی و بەدەوڵەت بوون تەنها مەسەلەی کاتە و فارگۆنی ئەم دوو حیزبەش (ئەگەر فریاری خۆیان نەکەون) بە کۆمەڵێک پاساوی بێ بنەما لە لۆفەکانی (عێڕاقچیەتی) بەجێ دەمێنێت.

‎پیران ئەمیر
Top