گۆڕان چی ده‌وێت

گۆڕان چی ده‌وێت
بڕیاری کاراکردنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان، په‌رۆشی بوو بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم، ده‌ستپێشخه‌ریی بوو بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، چونکه‌ ڕیفراندۆم له‌ سه‌رووی هه‌موو کێشه‌ و ململانێ سیاسیه‌کانه‌وه‌یه‌، ئـەو بڕیارە له‌ کاتێکدا بوو که‌ گۆڕان به‌رده‌وام له‌ ڕاگه‌یاندن و دانیشتنه‌کاندا پێداگیری ئه‌وه‌ی ده‌کرد، بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و به‌یاسایی کردنی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم دەبێ په‌ڕله‌مان كارا بكرێته‌وه‌ و نابێ بە شەخس ببەسترێتەوە و پارتی ئه‌وه‌نده‌ حه‌ساسیه‌تی به‌ یوسف محه‌مه‌د هه‌بێت، که‌چی له‌ به‌یاننامه‌که‌یان بۆ وه‌ڵامی کاراکردنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان، زۆر بە ڕوونی په‌ڕله‌مان دەبەستنه‌وه‌ بە یەك شەخس،هه‌روه‌ها هەوڵدەده‌ن په‌ڕله‌مان بكه‌نه‌ پرسێكی ته‌واو حزبی و ئەجێندا و بۆچوونی هه‌وڵه‌ كوده‌تاکه‌ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بەسەر خەڵكی كوردستاندا بسەپێنێن که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ بوو په‌ڕله‌مان په‌کخرا.

له‌ به‌یاننامه‌که‌ی گۆڕان و قسه‌که‌ره‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌، داوای گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی له‌ ڕێگه‌ی په‌ڕله‌مانه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا گۆڕینی سیسته‌می حوکمڕانی كاری په‌ڕله‌مان نییە. هه‌روه‌ها پێداگیری هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ده‌که‌ن، له‌ کاتێکدا سەرۆك بارزانی لە ٢٠ی ١١ـی ٢٠١٧ دەستپێشخەری بۆ چارەسەری هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تی په‌ڕله‌مان و حكوومەت و سەرۆكایەتی هه‌رێم هەبووە و هه‌ر ئه‌و کات و چه‌ندجارێکی تریش به‌هه‌موو لایه‌نه‌کان گوتراوه‌ و ئێستاش بە مەرسومێك‌ ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی کردووه‌ و داوای هەڵبژاردنی هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌‌که‌ی هه‌رێمی كردووە، كەواتە ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هه‌رێم كە ڕاستەوخۆیە و له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت چارەسەر كراوە و پێویست بە قسەكردن ناکات، هەروەكچۆن یوسف محه‌مه‌د بە نامەیه‌ک داوای لە كۆمسیۆن كردووە كە ئاماده‌کاری بۆ هەڵبژاردنی په‌ڕله‌مان و سەرۆكایەتی هه‌رێم بکات و هه‌ندێ له‌ هه‌ڵسوڕاوانیشیان ده‌ڵێن کاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌بێت!

له‌ ده‌رئه‌نجامی به‌یاننامه‌ و قسه‌ی قسه‌که‌ران و ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی گۆڕان ئه‌وه‌ به‌ دیار ده‌که‌وێت که‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌ گۆڕان درابوو بێته‌وه‌ ناو کۆده‌نگی لایه‌نه‌کان، خۆی له‌باری برد و ئامانجی ئەو جەماعەتە چارەسەركردن نییە بەڵكو فەوزا و قوڵكردنەوەی كێشەكانە و هەڵوێستەكانیان خێرا و جیاوازن و خۆشیان نازانن چییان ده‌وێت.
Top