كێ لە پشت بەپارتیكردنی ئاڵا و سەربەخۆیی كوردستانە؟

كێ لە پشت بەپارتیكردنی ئاڵا و سەربەخۆیی كوردستانە؟
شتێك لە كوردستان دەگوزەرێ، پێچەوانەی پێشبینیی رابردووی خەڵكە، ئەویش گومان خستنە سەر داوای رەوای سەد ساڵی رابردووی گەل و بزووتنەوە رەواكەیەتی لە لایەن حزبی كوردییەوە، ئەو هەوڵە حزبییە، شانازی بەوەوە دەكات كە كۆمەڵگە بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەكات، بێ سڵەمینەوە كار لەسەر دژایەتیكردنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی دەكات، ئەوەی بەلای خەڵكەوە مایەی پرسیارە، دژایەتی ناوخۆیە بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی، نەك دژایەتی دەرەوەی كوردستان.
پارتی بەو پێیەی لە دوای 2003 وە، كاری لەسەر چەند مەسەلەیەكی گرنگ كردووە، وەك ئاڵای كوردستان و نەوت و مەسەلەی دەوڵەت، لە بەغدا گەلەكۆمەكیی لێدەكرێت، ئەو گەلەكۆمەكییە پشتیوانی دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستانیشی هەیە، بەڵام ئەوەی ئاسانكاریی بۆ بەغدا و داگیركەرەكان كرد، دروستبوونی دوو بەرەیە لە كوردستان، بەرەی سەربەخۆییخوازان و بەرەی دژە سەربەخۆیی.
بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر و بەرەی دژە سەربەخۆیی، بۆ دژایەتی گشتپرسی سوود لە هەوڵەكانی یەكدی وەردەگرن، هەموو ئەو لێدوانانەی دژی سەرۆك بارزانی و پارتی لە بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر دەدرێن، بەرەی دژە سەربەخۆیی بەكاریان دێنێ، بەپێچەوانەشەوە، بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر سوود لە بەرەی دژە سەربەخۆیی وەردەگرن، بەو پێیەی بەرەی دژی سەربەخۆیی، سەربەخۆیی بە داوای پارتی دەبەستێتەوە، بەغداش دەڵێ هەموو لایەنەكان لەگەڵ گشتپرسیی سەربەخۆییدا نین.
بەوپێیەی ئاڵا رەمزی دەوڵەتە، بۆیە بۆ دژایەتیكردنی سەربەخۆیی، سەرەتا دژایەتی ئەو مەسەلەیە كرا، دیارترین هەوڵی ئەو دژایەتییە، گۆڕینی ئاستی داواكاری خەڵكە بۆ داوای تاكە حزبێك، ئەمەش بۆ بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر، زەمینەیەكی لەباربوو بۆ لێدانی خواستی گەلی كوردستان.
هەوڵی بە پارتیكردنی ئاڵای كوردستان، وایكرد داخوازیی سەربەخۆیی، لەلایەن بەغدا و بەرەی ناوخۆی دژە سەربەخۆیی بكەنە داخوازیی پارتی، لەبەرئەوەی دژی پارتین رێگە بۆ ئەوە خۆش دەكەن، سوكایەتی بە ئاڵاو داوای خەڵك بكرێ، بەوەش خۆیان لەو سوكایەتییە دەدزنەوە كە رەخنە لە پارتی دەگرن، ئەو رەفتارە سەری بۆ ئەوە كێشا تف لە ئاڵای كوردستان بكرێت، پەكەكەش لەم شاڵاوەدا بەشدارە، نیڤاڵ ساڵح سەلیم سەركردەی پێشووی پەكەكە لەدیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان دەڵێ:" ساڵی 2004 لە كۆنگرەی پەكەكەدا ئاڵای كوردستان لەسەر مێز داندرا، بەڵام دواتر ئەوانەی ئەو كارەیان كردبوو بە خائین لە قەڵەمدران و ئاڵای كوردستان لادرا" بەمەش هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ بەپارتیكردنی ئاڵا دران، وەك گەورەترین دیاری بوو بۆ بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر، بۆ ئەوان لەوە گرنگتر نابێت لە ناوخۆی كوردستان سوكایەتی بەئاڵا و سەربەخۆیی بكرێت، لەبەرئەوەیە گشتپرسیی سەربەخۆیی تەنیا بە داوای سەرۆك بارزانی و پارتی دادەنێن، مەبەستیشیان ئەوەیە بڵێن گەلی كوردستان سەربەخۆیی ناوێت.
بەپارتیكردنی ئاڵای كوردستان و دەوڵەت، وەك پاساوێك بۆ دژایەتیكردنی گشتپرسیی سەربەخۆیی، لەلایەن حزبی كوردییەوە بەتایبەتیش بزووتنەوەی گۆڕانەوە كاری بۆ دەكرێت، لێ گەورەترین سوودمەند بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەرن، چونكە دەیانەوێت بەهەر شێوەیەك بێت، گشتپرسی نەكرێت و خواستی خەڵك شەرعیەت وەدەست نەهێنێ، لەبەرئەوەی گشتپرسی ئاستی داوای خەڵكی كوردستان بەرزدەكاتەوە و جیهان رێز لەو ویستەی گەلی كوردستان دەگرێت، كەواتە جگە لە خستنەگەڕی توانای بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر بۆ دژایەتیكردنی گشتپرسیی سەربەخۆیی، توانای حزبی كوردیشی هاتۆتەسەر، راستە هەڵمەتی گشتپرسی لە لایەن پارتیەوە كرا كە جێگەی شانازییە، بەڵام ناكرێ رق و كینە بەرامبەر پارتی، بگاتە مایەی رەتكردنەوەی داوای دێرینی گەل، ئاساییە ئەو جەماعەتە تاسەر ئێسقان رقیان لە پارتی ببێتەوە، بەڵام كارەساتە دژی داوایەك كە سەد ساڵە خوێنی لەپێناو دەڕژێ بوەستنەوە.
Top