لە ژێررۆشنایی چاکسازییەکاندا

لە ژێررۆشنایی چاکسازییەکاندا
پەروەردە پێویستی بە ئاوڕدانەوە و پێداچوونەوە و بەدوا داوچوونەوە ھەیە
فەیلەسوفی یۆنانی بەناوبانگ ئەفلاتون دەلێ" کەسی چاک و پاک پێویستی بە یاسا نییە کە تێی بگەیەنێ چۆن ڕەفتار بکات لەگەڵ بەرپرسیاریەتی، بەڵام کەسی گەندەڵ و بۆگەن ھەردەم چەندەھا رێگا دەبینێتەوە بۆ سوڕانەوە لە سەرووی یاسا "
بەشی کردنەوەی ئەو ووتەیە گونجاندنی لەگەڵ بەرپرسیاریەتی ئەو ڕۆدا وەکو ڕەش و سپی یان شەو و ڕۆژ دیارە ، بەڵام خۆمانی لێ لادەدەین و ویژدانمان ئاسودە ناکەین کەچی چاک دەزانین باجی زۆر گەورە چاوەڕێ ئەو خۆ بە خاوەن نەزانینە و کەمتەرخەمییە چاوەڕێمان دەکات.
بۆیە گرنگە ھەموومان تێ ڕوانین و ھەنگاوەکانمان بەڕەوو تێگەیشتن لە بەرپرسیاریەتی پەیڕەو بکەین و شی بکەینەوە کە بەرپرسیاریەتی بە ھەموو جۆرەکانیەوە وەکو بەخشین و وەرگرتنی ھێز و پۆست و پلە و پایە تەماشا نەکرێ بەڵکو وەکو ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی کە بەرپرسیاریەتی بریتیە لە بەرپرسیاریەتی زیاتر لە سەر شانت لەسەر ویژدان و ناو ناوبانگت " ئەگەر لات بەنرخ بێت".
بۆیە دیسانەوە دەگەرێینەوە بۆ ڕەگە تاڵەکە کە پەروەردەیە ، ئەرکی پەروەدەیە ڕۆڵ ببینێ لە پێگەیاندنی نەوەکان و تێگەیاندنی ئەو چەمکانە بە تێۆری و پراکتیکی چۆن دەبێ پەیڕەو بکرێن ، بێگومان لێرە دا لە پەروەردەکردنی ھەر تاکێکی کۆمەڵگا لە سەر بەرپرسیاریەتی بچووک تا گەورە سەرەتا ئەرکی ماڵ و قوتابخانە و کۆمەڵگایە چونکە بەرپرسیاریەتی کە نرخ و بەھایەکی مرۆڤایەتیە وا لە تاک دەکات لە جیھانی ھەست و ئارەزوو و پێویستیەکانی ژیان بگۆرێت بۆ جیھانی نموونەییەکان کەوا لە تاکی کۆمەڵگا دەکات کە پابەند بێت بە قسە و بەلێن و وەفادار بێت بەرامبەر پەیمان و بڕوانامە و شەونخوونی و ڕابردوو ئاییندەی ووڵاتەکەمان لە سەر بنچینەی ڕەوشت و بنەما جوان و بێگەردەکانی مرۆڤ و چارەنووسی میللەتەکەمان .
بێگومان ئەو بنەما جێگیرانەی سەرەوەکە باسم کرد بە دڵنیایی لە پەروەردە و قوتابخانە سەرچاوە دەگرێ ، چونکە پەروەردە و قوتابخانە خاوەنی نەوەکانی ئاییندەن سەدە دوای سەدە لەسەر دەستی مامۆستا ماندوو نەناسەکان کە ھەردەم پێشەنگ بوون لە پەروەردەکانی نەوەکانی ئاییندە ، چونکە قوتابخانە ئەو دەزگا پەروەردەیی و زانستییە تەرخان کراوەیە لە پێکھینان و درووستکردنی کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگا بە ھەموو جۆڕەکانیەوە وە ھەر کۆمەڵگاش وای کردووە قوتابخانە دەسەڵاتێکی پەروەردەیی ڕەھای ھەبێت لە پەروەردە کردنی ڕەوشت و پەڕەپێدانی ھەست کردن بە بەرپرسیاریەتی لە چوار چێوەی تاک دواتریش کۆمەڵگا.
بێگومان قوتابخانە کە سەرچاوەی بیناتنانی کۆمەڵگایە و پەروەردەش کە بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆیە دەپرسین ئایا تا چەند ئێمە و ئەوانەی پێش ئێمە و ئەوانەی دواتریش توانیومانە بە ئەرکی خۆمان ھەڵسین و بەرپرسیاریەتیمان بۆ خۆمان و کەسانی تر قۆرخ نەکردبێت ؟
بێگومان ئەو پرسیارە دەکرێ ووردبکەینەوە بۆ چەندەھا بڕگەی جۆراوجۆر!
بۆ ئەوەی وەڵامەکان لای تاک و کۆمەڵگا ڕوون و شەفاف بن بە سوپاسەوە پێویستە لەلایەن لێژنەی چاکسازی سەرۆکایەتی ھەرێم و بەرێوەبەرایەتی گشتیی نەھێشتنی گەندەڵی دەزگاکانی تری تایبەت لە حکومەت بە داوداچوون و لێکۆلینەوە لەسەر ھەموو بەرپرسیاریەتیەکانی وەزارەتی پەروەردە لە (وەزارەتی پەروەردە تا دەگاتە قوتابخانەکان ، لە بەرێوەبەرایەتیە گشتییەکان و پەروەردەی قەزاکان و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەری بەشەکان و بەرپرسی ھۆبەکان لە ھەموو دەزگاکانی پەروەردەیی) کەس بەدەر نەبێت بە دواداچوون و لێپرسینەوەی وورد بکرێ کە کامەمان بەرپرسیاریەتیمان قۆستۆتەوە بۆ دامەزراندنی خزم و کەس و خەڵکانی نزیک خۆمان بگرە ئەندامانی خێزان لە ھاوسەر و کوڕ و کچ و خوشک و برا و خزمانی تریش ، چونکە زۆر جار لێرەو لەوێ دەبیستین و دەبینین کە یەکێک لەو شوێنەی بەرپرسیاریەتی ھەیە وا دەزانێ بۆیە لەم شوێنە دەوام دەکات تا ھەموو خێزان و خزمەکانی دەبێ دابمەزرێنێ بگرە ئەگەر بکرابایە کێشکەی سەر سواندەی ماڵەکەشی بەناونیشانێک دادەمەزراند !!
دەبیستن قوتابی بووە لە قۆناخی ئامادەیی نەگیشتۆتە ھەژدە ساڵ دایمەزراندوە بەکاتی بە گرێبەست ئیتر لۆ خۆی قوتابییە و وانە دەخوێنێ تا تەواو دەکات لەو لاتریش مووچەی بۆ دەچێتەوە ماڵەوە لە رێگای بەرپرسیاریەتی باوکی !! ھەروەکو دەلێن زێر بەئاگر تاقی دەکرێتەوە با تەماشای دۆسیەی ھەموو ئەوانە بکەین کە گومانیان لەسەرە زۆر بە ئاسانی دەردەکەوێ کە تەمەنیان چەندە و کەی دەرچوونە و کەچی خزمەت و دامەزراندنیان چ سالێکە ! کە زۆر جار ئەوانەن باسی کەمتەرخەمی و گەندەڵی و دڵسۆزی دەکەن و باسی ڕاست و ناڕاست دەکەن ، گرنگە و بەپێویست دەزانرێ لە پرۆسەیەکی وەکو پەروەردە سیڤی تایبەتی ھەموو بەرپرسیاریەتیەکان دیار بکرێن و ڕوون بکرێتەوە چونکە ئێمە بەرەوو ڕیفراندۆم و سەربەخۆی دەڕۆین لە ئێستاوە پێویستە گرنگی و بایەخی جدی بە پەروەردە بدرێ کەسانی دڵسۆز و پاک و بوێر لە جومگەکانی پەروەردە کاریان پێ بسپێردرێ ھەر تەنھا نە سورێینەوە لە بازنەیەکی داخراوی تیرە مەودا کورتی دووبارە ، بەڵکو بازنەی پەورەردە فراوانە و پێویستی بە دەست بژێر و سەرەدکردنێکی پوخت ھەیە لەلایەن کەسانی نیشتیمان پەروەر و نەتەوە خۆشەویست و پەروەردەخوازان دوور لە بەرژەوەندی تاکی بەرپرسیاریەتی تایبەت کە ماف و ئەرکی گشتی لەلا ھاوسەنگ بێت و بەویژدانێکی زیندوو بە ئاگا کە داھاتووی میللەتەکەمانی لە لا مەبەست و ئامانج بێت.
چونکە بەرپرسیاریەتی بە ھەلە بەکار ھێنان یان گەندەڵی لە بەرپرسیاریەتی ھەر ئەوە نییە بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆت تێر بکەی و تەنھا قازانج و سوود بۆ خۆت بێت زۆر جاران کە زیان بە کەسانی تریش دەگەیەنی لە ئەنجامی بەکارھێنانی بەرپرسیارەکەت کە لەگەڵ بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆت یەک ناگرێتەوە بێگومان ئەمەش دەچێتە خانەی گەندەلی و بە ھەلە بەکارھێنانی بەرپرسیاریەتی ھەر وەکو بەرتیل وەرگرتن و جۆرەکانی تر لە بۆگەن کردنی بەرپرسیاریەتی بێ ئەوەی ڕەچاوی مافی سروشتی و بەرژەوەندی گشتی بکرێن.
پەروەردە پێویستی بە ئاوڕدانەوە و پێداچوونەوە و بەدوا داوچوونەوە ھەیە ھەروەک چۆن ( پەڕەنا و دەکەین ووردەکا دەکەوێتە بنەوە قرشەی بنەوەش دێتە سەرەوە بۆ ئەوەی جەنجەڕ ووردی بکات و ھەمووی وەک یەک بێت نەک تەنیا کەسانێک سەرەوە یان ووردەکایەو کەچی ژێرەوەیان ھەموو قرشەیە ).
چاوەرێ دەکەین لە لێژنەی چاکسازی سەرۆکایەتی ھەرێم و بەرێوەبەرایەتی گشتیی نەھێشتنی گەندەڵی و دەزگاکانی تری پەیوەندیدار لە حکومەت بۆ بە داوداچوون و دەستنیشانکردنی کەسانی پەروەردەیی دڵسۆز و دیاری کردنی کەسانی تری کەمتەرخەم و ھەست نەکردوو بە لێپرسراویەتی و بێ باک لە کارەکاندا و ھەرکەسە و مافی خۆی وەربگرێ بۆ گەڕانەوە متمانە و سیقە و دڵنیایی بۆ پەروەردە بە گشتی کە ھیواو و ئومێد و بنیات نەری کۆمەڵگایە.
بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top