سلێمانی لانكەی كوردایەتی و هەڵمەت و قوربانی

سلێمانی لانكەی كوردایەتی و هەڵمەت و قوربانی
من و باوك و باپیرانم كە لە شاری سلێمانی لەدایك بووین و بە دەنگی «كوردستانی سەربەخۆ، بژی پێشمەرگە، بڵندی بۆ ئاڵای كوردستان و بڕووخێ رژێمەكانی دژ بە كورد و كوردستان و سروودی ئەی رەقیب ساڵ لە دوای ساڵ بە پێی جیاوازی تەمەن گوێچكەكانمان كرانەوە و دەنگی دونیایان بیست و چاوەكانمان بە رەنگی پیرۆزی ئاڵای كوردستان و نووسینی نامیلكەكانی رزگاركردنی كوردستان و نووسینی بانگەشەكانی سەر دیوارەكان چاوەكانی ئێمە و هەموو دڵسۆزانی كوردستانی لە شاری سلێمانیدا لە نابینایی رزگار كرد. ئەم شارە هەمیشە پێشەنگ بووە بۆ باڵپشتی لە شۆڕشی دژ بە رژێمەكانی یەك لە دوای یەكی دژ بە خاك و خەڵكی كوردستان و هەمیشە لانكەی شۆڕشگێڕان بووە هەر لە سەرتای شۆڕشی نوێوە شاخی گۆێژە قەڵغانێك بوو بۆ پێشمەرگە شۆڕشگێڕەكان و ناوشاریش سەنگەرێك بوو بۆ بەرگری لە خاك و نیشتمان و دوژمن بەزاندن.
نووسەرانی سلێمانی خامەیان هەموو كات خامەی غیرەت و هەستی نەتەوایەتی و خامەی شەرەف و خزمەتكاری پرسی نیشتمانپەروەری بووە و پاڵپشتی بەدەستهێنانی مافی ئازادی و سەربەخۆیی بووەو مامۆستاكانی وانەی نیشتمانپەروەرییان فێری قوتابیان دەكردو قوتابیەكانیش بۆ بەدەستهێنانی پلەی خوێندنی باڵا و سەركەوتن بەسەر دوژمناندا پێشمەرگە ئاسا دەیان خوێند.
سلێمانی هەمیشە ماڵێكی گەورە بوو بۆ خزمەتی شۆڕشی كوردی لە سەرەتای شۆڕشی بارزانی-ی نەمر بۆ ماوەیەكی زۆر لەم شارەدا پاڵپشتییەكی زۆر و خزمەتێكی زۆر بە بارزانی-ی نەمر و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیش كرا. ئەوكات كە بۆ ماوەیەكی زۆر سەركردایەتی شۆڕش و ماڵی بارزانی لە سلێمانی بوو، خەڵكی شار هەمیشە وەك خاوەن ماڵ و بە رێزێكی زۆرەوە پاڵپشت و پشگیری شۆڕشی كوردایەتی بە سەركردایەتی بارزانی بوون و ئەم شارە هیچ كاتێك زوڵم و زۆرداری رژێمەكانی سەدەی پێشووی داگیركەری كوردستان و ژێردەستەیی عەرەبیان لا قبووڵ نەبووە، بۆیە شۆڕشی كوردی تیایدا سەركەوتوو بووە.
سلێمانی پشتگیری شێخ مەحموودی نەمری كردووەو پاڵپشتی شۆڕشەكەی مەلیكی كوردستان بووە، بەڵام دەستی تێكدەر و دەرەكی نەیانهێشت ئەم خەونە پیرۆزەی كوردستان بەردەوام بێت. ئەم شارە خاوەنی گەورەترین شەڕە كە لە لاپەڕكانی مێژوویدا نووسراوەتەوە، ئەویش شەڕی بەردەركی سەرایە لە سەرەتای دەیەكانی سەدەی پێشوودا، كە دژ بە داگیركەرانی كوردستان بوو، خەڵكی سلێمانی خۆپیشاندانیان كرد و لە كۆتاییدا بوو بە شەڕێكی گەورە و تیادا چەندین كەس بوونە قوربانی بە گوللەی داگیركەرانی كوردستان و یەكێك لە و كەسە ناودارانەی كە لەو شەڕەدا شەهید بوو، كە تا ئێستا ناوی لە ناو خەڵكی شاردا ماوە، «عەولە سیسە» بوو كە بە گوللەی بریتانییەكان شەهید بوو.
خەڵكی ئەم شارە هێچ كات خیانەتكاری و نادڵسۆزی و دابەشبوونی كوردستانی لەلا جێگای قبووڵ نەبووە، بۆیە هەمیشە لە رووبەڕووبوونەوەدا بوون لە دژی دابەشكەرانی كوردستان و خیانەتكاران و هەمیشەش خەباتكارانی دڵسۆزی لە باوەش گرتووە.
خەڵكی شارەكە خوێنی شەهیدان و كەسوكاری شەهیدانیان لە لا بەرز و پیرۆز بووە و هەموو كات پێشمەرگە و ناوی پێشمەرگە بە بەرزی و پیرۆزی راگیراوە و هیچ كەس نەیتوانیوە بە وشەیەكی كەم ناویان بهێنێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت و دەبیسترێت لە سەر دژایەتی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و ناوهێنانیان بە میلیشیا، ئەوانە بێبەرین لە سلێمانی و كورد و كوردستان. سلێمانییەكان لە خوێن بەخشیندا بۆ خاكی كوردستان و ئاودانی درەختی ئازادی و بڵندیی ئاڵای كوردستان ئەو هەموو لاو و پیر و كوڕ و كچەیان خوێنی پیرۆزیان بەخشییە خاكی كوردستان، ئێستا كەسانێكیان ناوێت بە ناوی ئەوانەوە بە پێشمەرگە بڵێ: میلیشیا! یان بڵێ: بەخێربێن سەرانی عەرەب و میراتییەكانی ئەنفال و كیمیاباران و خوێنمژان و داگیركەرانی كوردستان!! سلێمانی و غیرەتی خەڵكی ئەم شارە و دەوروبەری هەموو كات لەو كەسانە بێبەرییە و تا ناوی ئەم شارە بمێنێ، ژێردەستەیی عەرەب قبووڵ ناكات و رابردووی خۆی ناداتە پاڵ مێژووی عەرەب، دەشێ عەرەب دراوسێیەكی باش بێت، بەڵام هیچ ساتێك كورد ژێردەستیی ئەوان قبووڵ ناكات، كە تا ئێستاش دژایەتی مافی نەتەوەییمان دەكەن.
دڵنیام سلێمانی ئەم جارەش بە دڵسۆزی و وەفای خۆی بۆ كوردستان و شەهیدەكانی هەموو بە «بەڵێ» دەنگ دەدەن لە رۆژی ریفراندۆمدا بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ئاسوودەكردنی دڵ و دەروونی خۆیان بەرامبەر بە شەهیدانی خاكی كوردستان و دانانی بەردی بناغەی دەوڵەتی كوردستان و داهاتوویەكی نوێ و پڕشنگدار بۆ نەوەكانی داهاتوومان.
سلێمانی لە 25ی ئەیلوولدا لە پاڵ هەولێر و دهۆك و كەركووك و هەڵەبجەدا دەنگ بە بەڵێ دەدەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ئەوەش سەری خیانەتكار و نادڵسۆزانی كوردستان شۆڕ دەكات و دووریان دەخاتەوە.
سروشتی سلێمانی وا دروست بووە كە هەر لە سەرەتای دانانی بناغەی ئەم شارەوە، خاوەنی فكری نەتەوەیی و پاراستنی ناسناوی كوردستان بووە، بۆیە ئەوەی ئێستا دەبینرێت و دەبیسترێت لە خیانەتكاری و دژایەتیكردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەوە باس لە سلێمانی و سلێمانییەكان ناكات و هیچ كات دەنگی ئەم شارە نییە و نووسینی خامەی نووسەرەكانی نییە و دەنگی لاو و پیرەكانی نییە، سلێمانی ئەم جارەش دەگەڕێتەوە باوەشی كوردایەتی و سەربەخۆیی و رێزگرتن لە خەباتی چەند ساڵەی شۆڕشگێڕان و پێشمەرگەكان و شەهیدانی كوردستان. دەنگی خەڵكی ولاتپەروەری سلێمانی ئەمەیە:
بژی كوردستان و بە بەڵێ بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، رۆحی شەهیدانمان شاد دەكەین.

Top