قەیرانی ئابووری و ئازاری خەڵكی تەنیا بۆ مەرام و ویستی دژایەتیكردنی سەربەخۆیی كوردستان بەكار دەهێنرێت

قەیرانی ئابووری و ئازاری خەڵكی  تەنیا بۆ مەرام و ویستی دژایەتیكردنی سەربەخۆیی كوردستان بەكار دەهێنرێت
لەسەدەكانی رابردوو هەرچی سامانی دەوڵەمەندی ژێر زەوی و سەر زەوی كوردستان هەیە، بۆ وێرانكردن و سووتاندنی كوردستان بەكارهاتووە، ئەمڕۆ دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو پێگەی جیۆپۆلەتیكی كوردستان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو ناساندنی ئەم هەرێمە وەكو هەرێمێكی پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی سەرۆك بارزانی هەمووی وایكردووە پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێز بێت و لەناوەندە جیهانیەكاندا وەكو وڵاتێكی نیمچە سەربەخۆ و دەوڵەتێكی دیفاكتۆ مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت، تەنانەت ئەمە كاریگەریی كردۆتە سەر شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ سەرچاوە سرووشتییەكان بەشێوەیەك سوودی لێوەربگیرێت كە لەخزمەتی خەڵكیدا بێت و كوردستان لە گەمارۆی ئابووریی حكومەتی ناوەندی دەربازی بێت، ئەو گەمارۆیەی نەك تەنیا لەسەردەمی مالیكی بەڵكو لەسەردەمی عەبادیش درێژەی پێدراوە، ئەمڕۆ كوردستانییەكان هیچ رێگەیەكیان لەبەردەستدا نەماوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق، بەتایبەتی دوای دژایەتیكردنی ئاشكرای خەڵكی كوردستان و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، هەربۆیە سەركردایەتی سیاسیی كورد هەنگاوی بەرەو ئابووریی سەربەخۆ نا، لەمەشدا گەرچی تووشی كەموكورتیی گەورە بووین، بەڵام توانرا ئابووریی سەربەخۆ بونیاد بنرێت و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا مامەڵە لەگەڵ واقیعەكە بكرێت، ئەمەش بە ئازایەتی و خۆڕاگریی مووچەخۆران و ئەمەكی هاووڵاتیانی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی مسۆگەر بووە.
هەنگاوهەڵگرتن بەرەو ئابووریی سەربەخۆ لەكاتێكدا بوو هەرێمی كوردستان رووبەڕووی تەحەدیی قورسی شەڕی داعش و پاراستنی سنوورەكانی كوردستان بووەوە، بەلێشاو ئاوارەو پەناهەندەی كوردی وڵاتانی دەوروبەرو تەنانەت عەرەبی سوننە رووی لە پارێزگاكانی كوردستان كرد، بەهای بەرمیلێك نەوت بەشێوەیەك داشكا لەسەد ساڵی رابردوودا نرخی وای بەخۆوە نەبینیوە، ئەمانە هەمووی تەحەددا بوون و هاووڵاتیانی كوردستان بەتایبەتی مووچەخۆران ئازارێكی زۆریان بینی، هەربۆیە نەیارانی ئابووریی سەربەخۆ لەناوخۆدا توانیویانە سوود لەم مەینەتی و ئازارەی خەڵك بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان وەربگرن و گرووپ و كەسانێك دروست بكەن، هەرچی هەنگاوێكی ئابوورییانەو سیاسییانە هەیە لەدژی بووەستنەوە، هەروەكو چۆن بینیمان لە رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای رۆزنەفتی رووسی روویدا.
نەیارانی رێكەوتنەكەی حكومەتی هەرێم و رۆزنەفت
شیكارییەكی ئابوورییانەیان نەبوو
من وەكو ئابووریناسێك كاتێك سەیری كۆڕبەندی سان پترسبۆركی رووسیام كرد، هەموو نەتەوەكانی بەشداربوو لەو كۆڕبەندەدا شانازییان بە سەركردەكانیان دەكرد، میدیاكانی ئەو وڵاتانە بە گرنگییەوە دەیانڕوانییە ئەو رووداوە ئابوورییە گرنگە، كەچی لێرە لە كوردستان بەهۆی شەڕی نێوان پارتە سیاسییەكان و ململانێ و قین و ركی ناوخۆ بارودۆخەكە لە خوێندنەوەیەكی ئابوورییانە بووە ململانێیەكی شەخسی و حزبی. گرێبەستەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەورە كۆمپانیای رووسی (رۆز نەفت) لەم چوارچێوەیەدا دێت، هەربۆیە لێرەدا لەچەند خاڵێكدا گرنگی بەشداربوونی شاندی حكومەتی هەرێم لە كۆڕبەندەكەی سان پترسبۆركی رووسیا دەخەمە روو:
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان كاراكتەری گرنگ و سەرەكی كۆڕبەندەكە بوو.
2- بانگهێشتكردنی حكومەتی هەرێم بۆ ئەو كۆڕبەندە ئابورییە گرنگە لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان لە دەرگای كۆمەڵەی گەلان دەدات و دەیەوێت ببێتە ئەندام .
3- ئێستا هەرێم لە رووی جیوپۆلەتیكەوە وەك قەوارەیەكی گرنگ دەركەوتووە كە خاوەنی سەرچاوە و سامانی سرووشتیی خۆیەتی.
4- لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی ئەو كۆڕبەندە كراوە، رووسەكان باش دەزانن كوردستان بانگەشەی سەربەخۆیی دەكات، كاتێكیش رووسیا بەیەكێك لە 5 وڵاتە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش دابنرێت و مافی ڤیتۆی هەیە، گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە گرنگە نیشتمانی و نەتەوەییە لەگەڵ ئەو جەمسەرەدا گرنگیی سیاسی و ئابووری خۆی دەبێت.
لە چوارچێوەی ئەم خاڵانەدا و بە پشتبەستن بە سوودەكانی رێككەوتنە نەوتییەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆز نەفت دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە:
1- گەورە كۆمپانیای رۆزنەفت خزمەتكردنی لۆجستی لەبواری نەوت لەكوردستان پێشكەش دەكات.
2- ئاستی پێشكەوتنی كۆمپانیاكەو بوونی ئامێری پێشكەوتوو داهاتی زەبەلاح یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ناردنە دەرەوەی نەوتی كوردستان و بەدەستهێنانی داهات.
3- لەبواری غازی سرووشتی كە بۆ گەشەی ئابووریی جیهان زۆر پێویستە، كۆمپانیاكە توانایەكی بەرزی هەیەو دەكرێت سوودی لێوەربگرین لەقۆناغی یەكەمدا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، بەتایبەتی لەبواری بەرهەمهێنانی كارەبا.
4- ژێرخانی ئابووری بۆ نەوت و سەرچاوەكان دادەمەزرێنێ كە كاریگەری زۆی دەبێت لەسەر زیادكردنی داهات و پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازیی نەوت.
5- بۆ بازرگانیكردن و فرۆشتنی نەوت بوونی ئەم كۆمپانیایە زۆر گرنگە، چونكە پێشتر نەدەتوانرا پارەی فرۆشتنی نەوت بەئاسانی دەست بكەوێت.
6- لە پێنج كێڵگە گەڕان و پشكنین دەكات و رەنگە هەندێكیان ئەگەر گەورە كۆمپانیایەكی وەك روزنەفت نەبێت، كاركردن ئاسان نەبێت و پێویستی بە تەكنەلۆجیای نوێ و پێشكەوتوو دەبێت.
7- كاریگەری لەسەر بەدەستهێنانی هەلی كاری نوێ دەبێت لە كوردستان، بەتایبەتی لەناو دەرچووانی زانكۆ.
بەمشێوەیە لەچەندین رووەوە هەرێمی كوردستان قازانج دەكات لە ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە، پێویستە لەمەودوا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوازێكی تازە بڕوانێتە هەنگاوەكانی ئابووری و ریفۆرم هەنگاوێك بنێت كە بتوانێت خاوشانی ئازارو مەینەتیی خەڵكی بێت و ژیانی خەڵكی باشتر بكات و كۆتایی بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بهێندرێت. بۆ نموونە زۆر گرنگە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو مەزەندەیەی هەبێت كە رێككەوتنەكانی نەوتی و هەنگاوەكانی چاكسازی كەی كۆتایی بە قەیرانە ئابوورییەكە دەهێنێت، هەروەها بڕیاری دەركردنی فرسەتی كار بۆ ژمارەیەك لە دەرچووانی زانكۆ بدات، یاخود چاوخشاندنەوەیەك بە سیستەمی مووچەی فەرمانبەران رابگەیەنێت، ئەمانە ئەو خاڵانەن كە نەیارانی كورد و هەندێك دەستە و تاقم لافی پێوەلێدەدەن و وای نیشان دەدەن، ئەوان لەو سەركردەو حزبانە دڵسۆزترن بۆ خەڵكی كە تەنیا لەماوەی 3 ساڵدا 1700 شەهیدیان داوە.
بەشێوەیەكی گشتی رێككەوتنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رۆزنەفت گرنگەو دەبێت بەم نزیكانە رەنگدانەوەشی لەسەر شەقام هەبێت و ژیانی خەڵك باش بكات، هەروەها پێویستە داهاتی نەوت تەنیا بۆ خەرجی و بودجەی بەكارخستن خەرج نەكرێت، بەڵكو بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری و بەرەوپێشچوونی هەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی خەرج بكرێت. خاڵێكی تری ناكۆكیەكانی نێوان لایەنگران و نەیارانی رێكەوتنەكە مەسەلەی شەفافییەتی پرۆسەی نەوتە، رەنگە لەسەرجەم وڵاتانی دنیا بە وڵاتانی پێشكەوتووشەوە بە رێژەی لە 100% ئەم پرسە شەفاف نەبێت، بەڵام لەدۆخی هەرێمی كوردستان كە دوژمنی زۆرە و وڵاتانی داگیركەر نایانەوێت كورد سوود لە نەوتەكەی وەربگرێت و ببێتە كاركتەرێكی گرنگ، بوونی شەفافییەت و میدیایەكی پێشكەوتووی ئابووری بەتایبەتی لەئاستی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پێویستە میدیایەكی ئابووری كە بتوانێت بە لۆژیكانەو راستەوخۆ وتووێژ لەگەڵ چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان بكات. ناكرێت میللەت برسی بێت و وڵاتانی دەوروبەر تۆوی فیتنە بچێنن و پەكەكە شنگال داگیربكات و حەشدی بەناو شەعبی هەڕەشەمان لێبكات و ئێمەش وا بێباكانە بڕوانینە هەموو ئەو رەخنە و قسانەی كە سەرجەم پرۆسەی سەربەخۆیی و ئەزموونەكەمان ناشیرین دەكات.







سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان
Top