وێستگەی سەربەخۆیی
June 13, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی جێگەی مەترسی و نائومێدییە، دابەشبوون و لێکترازانی ھێزەسیاسیەکان و ناوماڵی کوردە، کە خەریکە ھەڕەشە لە گەییشتن بە ماف و ئاواتەکانمان دەکات، لە کاتێکدا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەتیی پێی ناوەتە قۆناغێکی ئێجگار ھەستیار و ئالۆز، زۆرینەی چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی، گۆڕانکارییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە دەرفەتێکی چارەنووسساز بۆ میللەتی کورد دەزانن، بۆیە دەتوانین بڵێین کورد لە ئامانجێکی لە مێژینەی نزیک بووەتەوە، کورد لەوەتەی ھەیە بە ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، لەو ڕەوشەی عێراق باشترین و نزیکترین شت کە پێی بگات جیابوونەوە و سەربەخۆییە.
کورد و سەربەخۆیی دوو دەستەواژەی بەیەکەوە گرێدراون، لە ماوەی رابردوودا، ھەرێمی کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەباشترین شێوە ھەرێمەکەی بەڕێوە بردووە و حەکیمانە سیاسەتی کردووە، ئەزموون ئەوەی سەلماندووە، بیست و شەش ساڵە ھەرێمی کوردستان لە دۆخی ئازادیدا دەژیت، خاک، ئاڵا، مارش، ئاسایش و ھێزی پێشمەرگە، پەرلەمان و حکوومەتی ھەیە، باشووری کوردستان بە دیفاکتۆ لە ناوچەکە و جیھان ناسراوە.
گەلی کورد، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لەسەر ڕووی زەمین، شەمەندەفەری کوردستان و سەرنشینانی کورد، سات لە دوای سات، لە وێستگەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نزیکتر و نزیکتر دەبنەوە.
کورد بەبێ خاتر گرتن، بێ ئەملا و ئەولا، بە ھەموو پێوەرێک شایەنی سەربەخۆییە.