ئەو ڕقەی ماڵت وێران دەكات!

ئەو ڕقەی ماڵت وێران دەكات!

بزووتنەوەی گۆڕان بە هەوای سەر مەریخ و پشت هەور سیاسەت دەكات، لە ململانێییەكی سیاسیی دۆڕاندویانەو دەیانەوێت دەستكەوتشیان هەبێت، ئاخر كەی لە مێژوودا بووە، یەكێ لە جەنگێكی سیاسیدا خۆی هێرشی كردبێت و دۆڕادبێتی، كەچی بیەوێت بە سەرمایەی خۆی هەڵسێتەوەو مەرجی خۆیشی بەسەر لایەنی سەركەوتوودا سەپاندبێ، ئێوە تەنیا یەك دەستەواژەی سوواو دووپات دەكەنەوە: (سەرۆكی پەرلەمانمان بدەنەوەو بۆشمان كارا بكرێتەوە.!) ئاخر خەڵك زەینی ڕوونەو زاكیرەی خەفە نەكراوە،پێش ئەوەی سەرۆك پەرلەمانتان هەبێ، چ بێڕێزیەك نەما تا بە سەرۆك و پەرلەمانەكەی نەكەن؟ كەچی ئێستا بۆ كاراكردنەوەی دەگرین، لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا هیچ داگیركەرێكی كوردستان بەقەد ئێوەی گۆڕانخواز سوكایەتی بەم پەرلەمانە نەكردوە! بەڵام ئێستا پۆستی سەرۆك پەرلەمانتان لێ بۆتە گرێیەك لە سەروی بەژەوەندی نەتەوەیی و سەربەخۆبوونی میللەتێكا بە گرنگترو موقەدەستر دەبنن!

تا ئێستا گرێی ئێوە یەك شتە ئەویش بەهێزبوونی ڕۆژ بەڕۆژی پارتی و سەركەوتنەكانێتی، نائومێدبوون و كێشەی سەرەكیتان ئەوەیە، هەرچی هەوڵی بێوچانتان بۆتان نەكرا پارتی ئاوت ساید بكەن و لە هێزوپێگەی كەم بكەنەوە ! بە پێچەوانەوە گەمە سیاسیی و گەلەكۆمەكییەكانتان پارتی بەهێزتر كرد . لە ڕاستیدا پارتی هیچ كێشەیەكی لە گەڵ ئێوەدا نییە و بە هێزێكی سیاسی ئەم وڵاتەتان دەبینێ، تەنیا گرفتێك هەیبێ، بڕوانەبوونتانە بە بنەكاكانی دیموكراسی و یەكتر قبووڵنەكردن، چونكە هێندەی چاو دەگێڕین لە دەورەوبەری ئێوەدا، سێبەری دیموكراسی نابینین، بەڵام نیەت و نەفەسی دیكتاتۆری دەبینین.!


بۆیە چیتر خۆتان لەوە نیگەران مەكەن كە لە سایەی سیاسەت و هەنگاوەكانی بارزانیدا كورد لە خەونە مەزنەكانی نزیك دەبێتەوە، ئەم دەستكەوتانە نە تەنێ بۆ پارتی و بارزانین، بۆ ئێوەو تەواوی گەلی كوردستانیشن، دەبێ لەو ئەرك و ئۆباڵە مێژوویەی بارزانی تێبگەن، كە مەسئولیەتی دواڕۆژ و چارەنووسی گەلی كوردستان بە پلەی یەكەم ڕووبەڕوی بارزانی بۆتەوە، بۆیە وەختێك ئاسۆی پرسی كوردو تەحەدداكانی بەردەم سەربەخۆیی كوردستان لە ژێر كاریگەری سیاسەت و ستراتیژی بارزانی دایە، ئەمە لە ئەنجامی پرۆسەیەكی دوورودرێژی خەبات و پێداگری هەڵوێستی شێلگیر و ئامادەكارییەكی لەمێژساڵەی پارتی و بارزانییە بۆ ئەم پرسە نەتەوەیە، ئەوە ئێوەن بە ڕوانگای ڕق و گومان و بێ متمانەییەوە سیاسەت دەكەن و ماناو مەبەستەكانی ڕیفراندۆم دەشێوێنن و فاڵی نابەجێ بۆ ڕۆژگاری دوای سەربەخۆیی كوردستان دەگرنەوە!


پێویستە ئەو گرێ دەرونییانەتان بە لاوە بنێن كەساڵەهایە لەبەرامبەر هەموو شتێكدا دروستتان كردووە كە بارزانی پێشڕەوایەتی كردبێت. ئاخر لەمێژە گوتراوە: ڕقێك مالأ ئاوەدان دەكات و ڕقێكیش مالأ وێران دەكات. ڕقی ئەمجارەتان لەپرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان، كە بارزانی كردوویەتییە ڕۆژەڤ لەتەواوی ناوەند و مەحفەلە جیهانیی و ناوچەییەكاندا، نەیارەكانی سەربەخۆیی بەرەو گۆشەگیرییەكی كوشندە دەبات. ئەوەش بۆ خودی ئەو حیزبە كوردییانەش خۆكوژییە كە بە بەرچاوی جەماوەر و لە بەردەم ویژدانی مێژووی نەتەوەكەماندا، لە باتی هاوكارو دەستیار بن، خەڵك لە خواستی سەربەخۆیی دڵساردو بەدگومان دەكەن.
Top