گرنگی کردنەوەی خولەکانی پەروەردەیی لە وەرزی ھاوین

گرنگی کردنەوەی خولەکانی پەروەردەیی لە وەرزی ھاوین
فەیلەسوف و نوسەری رووسی لیۆ تۆرستۆی دەلێ" ھەموویان بیر دەکەنەوە لە گۆڕینی جیھان، بەڵام کەسیان بیر ناکەنەوە لە گۆڕینی خودی خۆیان "
بۆ وورد بوونەوە لەم قسەیەی (لیۆ) کەواتە گۆڕانکاری لە ناخی خودی خۆمان لە بیر کردنەوەمان لە بەرنامەکانمان و ھەنگاوەکانمان نەکەین ناتوانین گۆڕانکاری لە دەوروبەرو ژینگەمان بکەین.
گەر پەروەردە وەربگرین بە نموونە ئەو خوڵانەی کە وەزارەتی پەروەردە یان بەرێوەبەرایەتی پەروەردەکان دەیکەنەوە لە قوتابخانەکاندا کە ھۆکار و ئامانج و دەرئەنجامەکانی خولەکان چین و بۆ دەکرێتەوە ، ئایا تا چەند بە دواداچوون لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی خولەکان کراوە ئایا خولەکان لە قوتابخانەکاندا بە پێی بەرنامە و پلان جێ بەجێ کراون و ئەوەی پێویستە سوودی لێ بینراوە و ئایا ڕاپۆرتی کۆتایی خول لەلایەن بەرێوەبەری خول یان بەرێوەبەری قوتابخانە بە ھەموو ووردەکارییەکان پێشکەش بە پەروەردە کراوە و سەرپەرشتیاری خول تا چەند ڕۆژانە ئاگاداری بەرێوەچوونی خولەکان بووە ، وە تا چەند لێژنەی سەرپەرشتی خول لە پەروەردە و وەزارەت (ئەگەر ھەبێت) بە داوداچوون و ھەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ خولەکان کردووە و ئەنجامەکانی ڕاگەیاندوون؟ ئەو پرسیارانە و چەندەھا پرسیاری تر ووڵامەکانیان جێ دەھێلم بۆ کۆتایی واتارەکە.
ئاشکرایە لە سیاسەتی پەروەردە و فێرکردندا خولەکانی پەروەردەیی گرنگیەکی زۆری ھەیە کە ھۆکارێکە بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی توانا پەروەردەییەکان و بەدەستھێنانی زانیاری و فێرکردنی نوێ و شارەزایی زیاتر و بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی مامۆستایان و گەشە پێدانی بڕی پەروەردەیی لە ئەنجامی چاکترکردن و کەمکردنەوەی کەم و کوڕی و کەم تەرخەمییەکان بە گشتی کە لێرەو لەوێ باس دەکرێن لە قوتابخانەکان و لە شەقامی پەروەردەیی لە پێناو بەرەووپێشبردنی ڕەورەوەی گەشە سەندنی پەروەردەیی و زانستی لە ھەموو بواری جۆراوجۆرەکانی پەروەردەدا ، جگە لە کردنەوەی خولی پەڕەپێدانی تواناکانی مامۆستایان بە گشتی ، گرنگە لە وەرزی ھاویندا ھەر قوتابخانەیەک پلانی تایبەتی بە قوتابخانەکەی ھەبێت دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ دەستەی مامۆستایان و سەرپەرشتیاری کارگێڕی قوتابخانە دەربارەی خولی ھاوینە بە گشتی بۆ قوتابیان لەلایەن پەروەردەی قەزاکانەوە بە تایبەت پلان و دانان و چاڵاکییەکانی (ھونەری، وەرزشی) دیراسەی بەرنامەی سەرجەم قوتابخانەکان بکەن و بەرنامەی پەروەردە ھەبێت بۆ کردنەوەی خولەکان لەسەر ئاستی قەزا و بەدواداچوونیان ھەبێت لەسەر ئەنجامدانی چۆنیەتی خولە جۆراوجۆرەکان و ھەبوونی ڕاپۆرت و ھەڵسەنگاندنیان دەکرێت ، دەکرێت خولەکان جیاواز بن بۆ نموونە (خولی بابەتی بۆ ئەو قوتابخانەی کە ئاستیان لاوازە و جۆرەھا خولی تری وەرزشی و جۆرەکانی وەرزشی و خولی ھونەری و جۆرەکانی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و پیشەیی تاد.....).
چونکە شک لەوەدانییە قوتابی لە قوتابخانەکاندا تا ئێستا فێری زانینی بیرکردنەوە یان ڕەخنە گرتن یان بیرو ڕادەربرێن یان داھێنان و بیرکردنەوەی واقیعی و چۆنیەتی قسە کردن و دواندنی قوتابی و وەڵامدانەوەی بیرو ڕا و متمانە بەخۆبوونی و بوێری و قسە کردن داواکردنی مافەکانی خۆی وەکو قوتابیەک چۆن قوتابخانەکەی خۆشبووێت و کەسێکی بە سوود بێت بۆ کۆمەڵگابۆ خاک و بۆ نیشمان و نەتەوەکەی بتوانی کەسێکی دەربڕ بێ و بە زمانێکی پاڕاو و بوێرو ڕاستگۆ نەک کەسێکی شەرمن و دەستەمۆ و نامۆ بەڵکو خۆی بە خاوەنی قوتابخانەکە و ئایندەی کۆمەڵگاو نیشتمان بزانێ لە ئێستاوە بەرگری لە نیشتمان بکات و خاوەن داھێنان بێت ، بێگومان لە ئەنجامی ڕەخساندنی کەشێکی لە بار و ژینگەیەکی پەروەردەیی دێتە بەرھەم کە تەنیا و تەنیا مەبەست لە ئەنجامدانی خولەکان (قوتابی) بێت .
ئە لێرەدا ھەموو وێستگە پەروەردەییەکان پێویستە ھەڵوەستەیەکی فول بکەن تا چەند توانیومانە بەرھەمێکی باش و بێ خەوش بەرھەمی پەروەردەییمان بێت، بێگومان بەرھەمی پەروەردەیی تەندروست دێتە ئاراوە لە ئەنجامی ئاگالێبوونی سەرجەم کەناڵە پەروەردەییەکان لە یەکتر و کۆشش کردن و ھەنگاونان ھەڵسەنگاندن بەیەکەوە ھاوتەریب بۆ یەک مەبەست و ئامانج کە ئەویش کۆمەڵگایە .
دێمەوە سەر پرسیارەکانی سەرەتا لە ئەنجامی ئەو شیکردنەوە و پرسیارەکانی پێشوو ئایا وەلامێک یان بەرچاو روونیەک یان بەرپرسیاریەتی خۆمان ئەرکی ھەمیشەییمان پێکەوە کۆکن لەسەر ھەموو ئەو خوڵانەی کە لەلایەن رێکخراوەکانی بیانی یان ناحکومی یان نا پەروەردەیی کە لە قوتابخانەکاندا ئەنجام دراون توانیویانە ئامانجی خۆیان بپێکن یان لە ھەندێک قوتابخانە بە پێی بەرنامەی دڕاێژراو جێ بەجێ کراوە و رێوڕەسمی کۆتایی بۆ ئەنجام دراوە یلن لە ھەندێکی تر بە نیوە چڵی و نادادپەروەری لە نێوان مامۆستاکان و لەلایەن بەرێوەبەر قۆرخ کرابێ بە جۆرەھا شێوە ، وە تا چەند پەروەردە بە ئاگایە لەم جۆرە ڕەفتارە ناپەروەردەییانە کەلەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە بە ھەڵە پەیڕەو کرایە یان پەروەردە خۆی سەرقاڵ کردووە ئە لێرەو ئەو قسەیە دێتەوە مەیدان کە دەلێ
" خاوەن پرنسیپەکان سەدان ساڵ دەژین ، بەڵام خاوەن بەرژەوەندییەکان سەدان جار دەمرن" لە کۆتاییدا دەلێم پەروەردەش خۆی پڕەنسیپە و پەروەردەکاران و ئەوانەی لە پەروەردە دڵسۆزانە و خۆنەویستانە خزمەت دەکەن خاوەن پڕەنسیپن ، ئەوانەی خۆیان بە پەروەردەدا شۆڕ کردۆتەوە بوونەتە مۆتەکەی پەروەردە و فەرزکراون لە پەنایی پەروەردە، پەڕە بە بەرژەوەندییەکانیان دەدەن خاوەن بەرژەوەندیین ، ئیتر ژیانی سەدان ساڵ و مردنی سەدان جار ویژدان زیندووەکان جیایان دەکەنەوە.



بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top