رۆژە مەزنەکە

رۆژە مەزنەکە
سەرکردایەتی کورد، لە ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆم گوزارشت لە گەیاندنی دەنگی خەڵکی کوردستان بۆ جیھان دەکات، کورد لە کاتێکدا ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی دەنێت کە ھیچ ھیوایەکی بە عێراقی تازە نەماوە، بۆیە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ی وەک رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاریکرد.
ھەندێ لایەن و دەستە و گرووپی کوردی بە شێوەیەک چوونەتە ژێر کاریگەری عرووبە و عێراقچێتی، کوردبوون و کوردستانی بوونی خۆیان لەبیر کردووە، ناوە ناوە و لە کاتی ھەستیار و دەرفەتی لەباردا، ھەر جارەو بە ناوێک بیانوو بە ئیرادەی نەتەوەیی و پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەگرن, لەکاتێکدا زۆربەی ناوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکانی جیھان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەدەی بیست و یەک، سەدە و سەردەمێکی زێڕین و جەوھەرییە بۆ کورد، پێویستە کورد بە ئاراستەی شەپۆلەکان مەلە بکات، بەڵام بەشێک لە کورد دەیانەوێت بە ئاراستەی پێچەوانەی شەپۆلەکان مەلە بکەین و ھەندێکیش تازە بەتازە حاشا لە ناسنامەی نەتەوەیی و بنەماڵەیی خۆی دەکات و خۆی دەبەستێتەوە بە ناسنامەیەکی عەرەبی و مەزھەبی!!
دیموکراسی بەغدا لەژێر ھەژموونی فتوای مەرجەعدایە، وڵاتانی داگیرکاری کوردستان ھەرگیز نەیانویستووە کورد خاوەنی ئاڵاو دەوڵەت و کیانێکی سیاسی و تایبەت بە خۆی بێت، بەپێچەوانەوە ھەمیشە سامانی نەتەوەیی کوردیان بۆ لێدان و توانەوەمان بەکار ھێناوە. کورد بڕوای بە برایەتی نێوان کوردو نەتەوەکانی دیکە بووە، بەڵام داگیرکارانی کوردستانیش بڕوایان بەو برایەتییە نەبووە و تەنیا بۆ فریودان بەکاریان ھێناوە. چونکە برایەتی کاتێک دێتەدی کە کورد مافی ھاووڵاتیبوون و یەکسانی و دادپەروەری ھەبێت، نەک بکوژرێت و خاکەکەی زەوت بکرێت، کەواتە دەوڵەتبوون مافێکی رەوا و شەرعی خۆمانە و پێداگیری لەسەری و خەباتکردن بۆی ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە، ئەم مافەش پێمان نابەخشرێت، بەڵکو لێمان زەوت کراوە و دەبێت وەریبگرینەوە، مافی بوون دەوڵەت، مافێکی رەوایە و پێویستە بۆ بەدیھێنانی خەبات و پێداگری بکەین و دەبێت خەڵک لەسەر ئەم رۆحیەتە پەروەردە بکرێت، دوای رووخانی رژێمی بەعس کە بەشداریمان کردووە لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا، دەبێت ئەوە وەک ھەنگاوێک لێکبدەینەوە بۆ ئەوەی پتر لە سەربەخۆیی نزیکمان بکاتەوە. مێژووی دوور و درێژی ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوەکەمان رەوایەتی بەھەموو تاکێکی کورد دەدات، بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان بدات.

Top