دوای 7 ی حوزەیران
June 11, 2017
وتار و بیروڕا
هەقە هەموو لایەنە سیاسییەكان، واز لە پێش حەوتی حوزەیران بێنن، سەیری دوای ئەو رۆژە بكەن، تا لایەنە سیاسییەكان بگەڕێنەوە پێش 7 ی حوزەیران، دەبێ هەر چاوەڕێی ئاڵۆزی و ململانێی تەسكی حزبایەتی بكەین، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان، دوای حەوتی حوزەیران بكەنە سەرەتای هەنگاوهەڵێنان بۆ قۆناغێكی نوێ، قۆناغێك هەر هەمووان بەیەكەوە كۆبكاتەوە، بەیەكەوە لاپەڕەیەكی نوێ بنووسنەوە، ئەو لاپەڕەیەی سەروەرییەكی گەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، چونكە 25 ی ئەیلوول رۆژی وەڵامدانەوەی 100 ساڵی رابردووە، بۆیە خۆ ئامادەكردن بۆ بەشداری لەو رۆژە، بەشداریكردنە لە جێبەجێكردنی داوای 100 ساڵی رابردوو كە رووبارێك خوێنی لە پێناودا رژاوە، بەشداریكردنە لە دابینكردنی سبەینێیەكی پرشنگدار بۆ نەوەی دادێ، ئێستا لە قۆناغێكداین هەقە هەموولایەك كێبەركێ لەسەر بەشداریكردن لەو دەسكەوتە بۆ نەوەی سبەی بكات.
پێویست ناكات چیدی حزب و ئەو دەزگا میدیاییانەی كاریان لە دژی ریفراندۆم دەكرد، لێدوانی ئەو دەوڵەت و ئەم دەوڵەت بۆ ترساندنی خەڵك و زەبر وەشاندن لە ریفراندۆم بڵاوبكەنەوە، نابێ پێیان وابێت، مادام هەوڵی ئەوان لە رێگریكردن لە دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆم سەری نەگرت، ئیدی بۆ ئەوان هیچ نەمایەوە، بۆیە سووربوون لەسەر دژایەتیی ریفراندۆم، بە تاكە رێی خۆیان بزانن، چونكە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی رۆژی حەوتی حوزەیران، دەستی لەسەر هەموو ئەو خاڵانە داناوە كە ببوون بە خاڵی ناكۆكی و لێكدووركەوتنەوە، وەك كاراكردنەوەی پەرلەمان، لەبەرئەوەیە قۆناغی دوای 7 ی حوزەیران، لە هەمووان دەخوازێ كاری بەیەكەوەیی بكەن، ئەوەی لەم نێوەدا گرنگە، بەشداربووانی كۆبوونەوە، بڕیارە مێژووییەكە بە بڕیار و دەسكەوتی هەموو لایەنەكان دەزانن، لەو رووەشەوە بە چاوی پێش حەوتی حوزەیران سەیری لایەنە بەشدارنەبووەكان ناكرێت، ئەمەش دەرفەتێكی لەبارە بۆ نەهێشتنی كەلێنی نێوان حزبەكان.
نموونەی ئیرادەی خەڵك و حزبەكان لە رابردوودا، بایی ئەوەندە هەیە بیكەینەوە سەرمەشقی كاركردن، دوای ئەوەی لە 5 تا 21 ی ئاداری 1991 راپەڕین كرا، زۆری نەبرد لە 31 ی ئادار كۆڕەوی ملیۆنی روویدا، خەڵك رووی لە كێوەكانی كوردستان كرد، تا هەر لەو ساڵەدا راپەڕینی دووەم نەكرا كە بە زەبری هێز وجودی رژێمی بەعس لە شارە گەورەكانی كوردستان وەدەرنرا، هەڵبژاردن نەكرا، بەر لەوەی یەكەم هەڵبژاردن بكرێت، جوگرافیای دیفاكتۆ زیادكرا، ئینجا لە 19 ی ئایاری 1992 هەڵبژاردن كرا، دوای كەمتر لە پێنج مانگ بڕیاری فیدراڵی درا، هەموو ئەو رووداوە خێرایانە لە كاتێكدابوون، دەوڵەتە ئیقلیمییەكان كۆبوونەوەی چوارقۆڵی و سێقۆڵی و دووقۆڵییان دژی كورد دەكرد، دوای 25 ساڵ لە یەكەم هەڵبژاردن و راگەیاندنی فیدراڵی، ئێستا دەوڵەتانی ناوچەكە، هەریەكە و بە دەیان دەرد و بەڵا دەناڵێنێ.
لە 1992 پێشمەرگە جوگرافیای دیفاكتۆی زیادكرد ئینجا هەڵبژاردن كرا، لەم رۆژگارەشدا پێشمەرگە بەخوێن ئەو جوگرافیایەی بە پشتیوانی خەڵك و هاوپەیمانان لە قۆناغی دوای 2003 تێپەڕاندووە، ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی لایەنەكانە، ئەوەش دەركەوتووە، خۆ هێنان و بردن لەبەر رەچاوكردنی دۆخەكە نییە، بەڵكو مانۆڕێكە بۆ دەسكەوتی حزبی، دوای بڕیارە مێژووییەكە، زەمینەی ئەو جۆرە مانۆڕانە نامێنێ.