ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی لە كوردستان
June 11, 2017
وتار و بیروڕا
ریفراندۆم رێگەیەكە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە گرنگەكان و زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كە ریفراندۆم گرنگییەكی زۆر گەورەی لەسەر هەموو ئاستێكی جیهانی هەیە، بەتایبەتی كە كاریگەریی ئەرێنییانەی لەبواری چارەسەركردنی كێشە نەتەوەییەكاندا دەركەوتووە. هەروەها ریفراندۆم رێگەیەكە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی زۆر گرنگ بە رێگەیەكی ئاشتییانە. ریفراندۆم پڕۆسەیەكە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێشینەیەكی مێژوویی هەیە، لە رووی یاساییەوە ریفراندۆم مافێكی ئاسایی هاووڵاتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بەشێكی دیكە لە توێژەرانی بواری سیاسی پێیانوایە ریفراندۆم پرۆسەیەكە، یان كارێكە لە توانادایە بكرێت و ببێتە واقیعێكی بەرچاو، هەرچەندە زۆر جار ئەو بڕیارانەی كە لە ریفراندۆمەوە دەردەكرێن، بڕیاری هەتاهەتایی و چارەنووسسازن و گرنگیی خۆیان لەگشت كایە جیاوازەكاندا دەبێت، چونكە ریفراندۆم شێوازێكی بەشداریكردنی هاووڵاتیانە لەدروستكردنی بڕیاری سیاسیدا، كە بە یەكێك لە رێگاكانی دیموكراسیی راستەوخۆ دادەنرێت و دەرفەتی ئەوە بۆ جەماوەر دەڕەخسێنێت كە لەبارەی پرسێكی دیاریكراوەوە دەنگ بدەن. واتا ریفراندۆم باشترین سیستەمی دیموكراتییە بۆ بڕیاردان. سەرجەم یاساناسان و چاودێرانی سیاسیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە ریفراندۆم باشترین سیستەمی دیموكراتییە بۆ بڕیاردان، هەروەها ئەگەر وردبینەوە، ریفراندۆم باشترین رێگەیە لەم قۆناغەدا بۆ چەندین هەنگاوی گرنگ، لەوانە بۆ سەربەخۆبوونی گەلی كورد و بڕیاردانی چارەنووسیش هەنگاوێكی گرنگە، سەرجەم میللەتی كورد و بگرە پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان بە ئایینی جیاواز وەك مەسیحی و ئێزیدی و كاكەیی و...هتد، هەروەها توركمانیش پشتگیری لێ دەكەن، چونكە دەزانن مانەوە لەگەڵ عێراقدا خزمەت بە كەس ناكات، بۆیە باشترین رێگە بۆ هەرێمی كوردستان سەربەخۆبوونە، لە روویەكی ترەوە دەوڵەتی سەربەخۆ مافی هەموو میللەتێكە، سەرجەم گەلانی جیهان مافی خۆیانە مافی چارەی خۆنووسین لە رێگەی ریفراندۆمەوە بۆ خۆیان دیاری بكەن، كوردیش وەك گشت میللەتانی دیكەی سەر رووی زەمین، مافی خۆیەتی بڕیاری مافی چارەی خۆنووسین بدات و، دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنێت، بەتایبەتی لە ئێستادا كە وڵاتانی زلهێزی جیهان گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە شتێك بە ناوی یەكپارچەیی عێراق نەماوە و پێویستە كورد لە عێراق جیابكرێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی كە ساڵەهای ساڵە گەلی كوردستان لەم پێناوەدا خەبات دەكات و دەیان شۆڕشی بەرپا كردووەو سەدان هەزار شەهیدی پێشكەش كردووە.
دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ دەرفەتی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە ئاسۆدایە و زۆر نزیكە، لە روویەكی دیكەوە هەڵوەشانی هەریەك لە عێراق و سووریا و لیبیا و یەمەن لە بواری جێبەجیكردندایە، لە كۆتاییدا دڵنیام هەموو میللەتی كورد پشتگیری ریفراندۆم دەكات.