لە ساڵیادی رۆژی رەشی 9ی حوزەیرانی 1963ی سلێمانییدا . . . پانۆرامای تاوانەكانی بەعسی فاشیست

لە ساڵیادی رۆژی رەشی 9ی حوزەیرانی 1963ی سلێمانییدا . . .  پانۆرامای تاوانەكانی بەعسی فاشیست
ئەوەی لەم پانۆرامایەدا دەبینرێت، خشتەی ئەو تاوان و كوشتن و بڕین و لەسێدارەدان و قەدەغەكردنی هاتوچۆ (منع التجول) و پلان و پیلانی دەسەڵاتی فاشیستەكانە كە لە دوای (9)ی حوزەیرانی ساڵی 1963 بە شێوەیەكی تۆتالیتاری و عەسكەرتاریتانە پەیڕەویان كرد بە درێژایی حوكمڕانییان تا گەیشتە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و ئەنفالكردنی گەلی كورد. ئەم رەگەزپەرستانە بەدەر بوون لە مرۆڤبوون، لە هەموو كەلتوورێكی مرۆڤایەتی و دادی كۆمەڵایەتی، كە بە هیچ جۆرێك لە فەرهەنگی سیاسی و نیشتمانی و مافە سەرەتاییەكانی مافی مرۆڤ جێگایان نابێتەوە. ئەم نووسینە زۆبەی تاوانەكان دەنووسێتەوە، وێنەی ئەم مێژووییە پڕ لە دڕندەییە كە مرۆڤایەتی شەرمی لێدەكات و لەبەردەم ئەو هەموو كارەساتانەدا كە بەسەر كوردیان هێنا، ئەویش:
1- قەدەغەكردنی هاتوچۆ بەشێوەی (منع التجول) لە بەرەبەیانی 9/10/1963 لە شاری سلێمانی و كۆیەدا و خەڵكێكی زۆری تیا شەهید كرا، زۆریشیان گیران و بێسەروشوێن بوون.
2- گوللەبارانكردنی شاری سلێمانی لە رۆژی (4) نیسانی 1964 كە ناسراوە بە رۆژی شەهیدانی...
3- وێرانكردنی دوو گوندی (دەتان و سوریا) بە غازی خەردەل لە ساڵی 1966 و كوشتنی خەڵكە بێگوناهەكەی.
4- گرتن و راوەدوونان و دوورخستنەوەی فەرمانبەران و دەزگای پۆلیس بۆ خوارووی عێراق.
5- پیلانی لەناوبردنی بارزانی-ی نەمر لە شەوی 16/5/1972 دا.
6- پەشیمان بوونەوە لە پەیماننامەی (11)ی ئاداری پیرۆز.
7- راگواستنی خەڵك و تەعریبكردنی كوردستان و دەست پێكردنی (تبعث)كردن و (تهجیر)كردن لە شارەكانی وەكو كەركووك، خانەقین، شنگال، زوممار و زۆر جێگای دیكەی كوردستان.
8- بۆردوومانكردنی شاری قەڵادزێی شەهید لە رۆژی 24/4/1974 كاتژمێر (10،45)ی بەیانی كە بووە هۆی شەهیدكردنی زۆربەی قوتابیانی زانكۆی سلێمانی و چەندین كەسی بێگوناهی ئەم شارە شەهیدە.
9- بۆردوومانكردنی شاری هەڵەبجە بە فڕۆكە رۆژی 26/4/1974 و شەهیدكردنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی.
10- بۆردوومانكردنی شارەكانی (چۆمان، گەڵاڵە،حاجی ئۆمەران، رەواندز) و چەند شوێنێكی دیكە كە بووە هۆی شەهیدكردن و دەربەدەركردنی خەڵكی ئەم ناوچانە لە ترسی بۆمببارانكردن و ماڵوێرانییان.
11- شەهیدكردنی لەیلا قاسم و نەریمان فوئاد و حەسەن حەمە رەشید و جەواد و ئازاد لە یانەی (صید)( كە فەرمانی لە سێدارەدانیان لە مانگی (5)ی 1974 دەرچوو.
12- رشتنی ماددەی فسفۆر لە شەڕی 1974 لە دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
13- رێككەوتننامەی جەزائیر لەگەڵ شای ئێراندا بۆ لێدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد.
14- قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە ساڵی 1985 كە تێیدا كەوتنە گیانی خەڵكی بەشەرەفی سلێمانی و دەستیان كرد بە گرتن و راوەڕووت و رووخاندنی خانووی هاووڵاتیان و زیاتر لە 100 كەسیان بێسەروشوێن كرد، كە ئێستا لە گۆڕستانی بە كۆمەڵ دەدۆزرێنەوە.
15- قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە رۆژی 12/8/1987، هەروەها دەستیان كرد بە گرتن و كوشتن و رووخاندنی خانووی هاووڵاتیان بە شۆفڵ و گرتن و بێسەروشوێنكردنی خاوەنەكانیان.
16- رووخاندن و وێرانكردنی (4500) گوندی كوردستان و راگواستنی خەڵكەكەی بۆ نێو ئۆردوگا زۆرەملێیەكان.
17- بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بەسەر شاری هەڵەبجەی شەهید لە رۆژی 16/4/1988 كە بووە هۆی شەهید بوونی زیاتر لە (5000) هاووڵاتی و دەربەدەركردنی سەرجەم دانیشتووانی ئەم شارە شەهید و خۆڕاگرە.
18- بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە بادینان و قەرەداغ و سێوسینان و زێوێ و هەڵەدن و سەرگەڵۆ و بەرگەڵۆ و چەندین شوێنی دیكە كە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان و سووتان و كوێربوون و پەڕاگەندە بوونی ژمارەیەكی زۆری دیكەیان.
19- تواندنەوەی مرۆڤی كورد لە (وحدە المجازر البشریە) كە لەم بەڵگەنامانەی دواییدا ئاشكرا كرا.
20- بێسەروشوێنكردنی (182) هەزار كورد بە نێوی ئەنفال.
21- بێسەروشوێنكردنی (8000) هاووڵاتی لە بارزانییەكان.
22- گوللەبارانكردن و لە سێدارەدانی خەڵكی بێگوناهی كورد لە شەقام و گۆڕەپان و كۆچە و كۆڵانەكانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان.
23- راوەڕووتكردن و تاڵانكردنی ماڵی هاووڵاتیان و دابەشكردنیان بەسەر پیاوانی رژێم و بەكرێگیراوانیان.
24- گرتنی ئەو منداڵانەی لە تەمەنی یاسایی و سرووشتیدا نەبوون و زیادكردنی تەمەنیان بۆ لە سێدارەدانیان لە قەسابخانەكانی رژێمدا.
25- وەستان دژی راپەڕین و دەستپێكردنی كۆچە بە كۆمەڵەكەی سێ ملیۆن مرۆڤی كورد كە تا ئەندازەیەك ویژدانی گشت مرۆڤایەتیی جیهانی هەژاندو هیوای بۆ كورد هێنایە گۆڕێ و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە (688)ی بۆ كورد هێناكایەوە دژی دیكتاتۆری خۆێنڕێژی بەغدا.
ناردنی تەقەمەنی و دینامێت و ئۆتۆمبیلی مینڕێژكراو بۆ جەماوەری كوردستان، گەورەترین دیارییە كە رژێمی فاشی دەیناردە كوردستان لە باتی داودەرمان و خۆراك، چونكە خۆی بێبەری بوو لە هەموو شتێكی مرۆڤایەتی و تەبایی، تەنیا خوێنڕشتن و جەنگ و كوشتن و وێرانكردن و فەرتەنەی دۆڕاو نەبێ، هیچی دیكە لە فەرهەنگی دیكتاتۆری و بەعسی فاشیستدا نەبوو، وەك لەبەرچاومانە.

Top