ھیچ بەختەوەریەک لەگەڵ ئاسودەیی ویژداندا ، ھاوتانییە

ھیچ بەختەوەریەک لەگەڵ ئاسودەیی ویژداندا ، ھاوتانییە
فەیلەسوفی ئیسپانی ابن باجە دەلێ" ھیچ بەختەوەریەک لەگەڵ ئاسودەیی ویژداندا .... ھاوتانی یە "
شک لەوە دانییە ھەر کەسە و بە پێی بیرکردنەوەکانی و کردارەکانی و ئەوەی کە باوەڕی پێ ھەیە لە کارەکانیدا و لە ئەنجامەکانی و ئامانجەکانی ئەوکات ویژدانی ئاسودە دەبێت کە لەگەڵ سروشتی پەروەردە و ڕەوشت و ناخی خودی کەسەکە ھاوتابێت.
واتە جیاوازی لە ویژدان ئاسودەیی ھەیە بە پێی کەسەکان دەگۆرێت ، ھەروەکو کەسە پاک و دڵسۆزەکان ئەوکات ویژدانیان ئاسودە دەبێت کە کاری چاک و باش ئەنجام دەدەن لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و دوور لە بەرژەوەندی تەسکی خودی خۆیان، بە پێچەوانەوەشەوە بۆ کەسە ھەڵپەرست و سیناریست و نمایش کار و ناڕاستگۆکان.
گەر ئەو قسەیەی سەرەوە بگونجێنین لەگەڵ رێکخستنی ھۆڵی ئەزموونەکانی وەزاری کە قوتابیە خۆشەویستەکانمان تاقی کردنەوەکانیان تێدا ئەنجام دەدەن کە ھاوکات دیاری کردنی چارەنووس و پاشەڕۆژی قوتابیەکانمانە لەو ھۆڵانە ، بۆیە زۆر گرنگە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکان ووردتربن لە بەداوداچوون و جێ بەجێ کردنی ئەرکی سەرشانیان کە ئەویش رێنمایی وورد و ڕاشکاو شەفاف دابەزێندرێتە خوارەوە بۆ دیاری کردن و دەستنیشان کردنی ھۆڵی شایستە بۆ قوتابیەکانمان کە ھۆڵەکان بڕەخسێن و شایستەی ئەو پرۆسەیە بن، کە دەستنیشان کردن و دیاری کردنی چارەنووسی و پاشە رۆژی قوتابیەکانمانە کە ئایندەی میللەتەکەمان لەسەری بنیاد دەنرێ ، وە بەداوداچوونی وورد لەلایەن لێژنەی ئەزموونی پەروەردەی قەزا و پارێزگاکان و وەزارەتی پەروەردە وە کە ژمارەیەک لە ھۆڵەکان باش و شیاوون بۆ ئەنجامدانی ئەزموونەکان وەکو قوتابخانەکانی نموونەیی و قوتابخانەکانی ئەو ساڵانەی دوایی کە درووست کراون لەبەرامبەردا بەداخەوە ژمارەیەک قوتابخانەی تر کە شیاونین بۆ ئەنجامدانی ئەزموونەکان و ھۆڵیان نییە تەنھا لە ڕێرەوەکان قوتابیەکان ئەنجام دەدەن کە بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی ئەزموونەکان ناگونجێت، لەلایەن بەرێوەبەری ھۆڵەکان و لێژنەی ئەزموونە پەروەردەی قەزاکانەوە بە رێ دەکرێن کە پرسیارەکان وەزارین واتە بۆ ھەموو قوتابیەکان یەک جۆرە پرسیارن، کەچی ھەموو قوتابیەکان ھۆڵەکانیان وەک یەک نین بگرە لە ڕووی فێنک کەرەوە و پێدا ویستیەکانی تریش جیاوازن ، کە ئەوەش نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە لە پرۆسەیەکدا کە خاڵی ھاوبەش بریتیە لە (چارەنووس و پاشەرۆژ) بۆیە بە ئاسایی و پێویستی دەزانم گەر دایک و باوکی قوتابیەکان چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی تاقی کردنەوەکن شوێنی ئەنجامدانی تاقی کردنەوەکانی منداڵەکانیان ببینن کە مافی سروشتی ھەر یەکێکیانە ، چونکە پەیوەستە بە پاشەڕۆژی قوتابیان ئەوکات ئەگەر قوتابخانەش نەیتوانی پێداویستی فێنک کەرەوە دابین بکات لە وانەیە لەلایەن کەس و کاری قوتابیانەوە زۆر بە ئاسانی دابین بکەن ،ھەروەکو ساڵانی (٢٠٠٧-٢٠٠٨) لە پەروەردەی خەبات ئەوکات سەرجەم ھۆڵەکانی ئەزموونی لە گوند و کۆمەڵگاکانیش لەلایەن خۆمان و کەس و کاری قوتابیە دڵسۆزەکان بۆ ھۆڵەکانی ئەزموونی بگرە (لە مۆلیدە و فێنکەرەوە و پێداویستی تر) بۆ ھۆڵەکان رۆژانە دابین دەکرا ،ھیچ ھۆلێک نەبوو (فێنکەرەوە و مۆلیدە و پێداویستی نەبێت) کە ئەمەش دادپەروەری و یەکسانی درووست کرد.
جارێکی تر جەخت دەکەمەوە کەوا گرنگە ھەموومان بە کاری خۆمان ھەڵسین و ویژدانمان ئاسودە بکەین شوێنی ڕەخساو باش و شیاو و گونجاو بکرێتە ھۆڵی ئەزموونی ، نەک تەنھا بەرێ بکەین چونکە گوناحێکی گەورە لە قوتابی دەکەین بەو گەرمایەی مانگی حوزەیران و تەمموز کە پلەکانی گەرما لە سەرووی ٤٠پلەی سەدی و زیاتریش کەچی ھۆڵەکان فێنک نەبن و یانیش لە ڕێرە و حەوشەی قوتابخانەکان تاقی کردنەوەکانیان ئەنجام بدەن ، گەر ھەندێک خۆمان ماندوو بکەین رێگا چارە زۆرە و ئاسانە پێویستی بە ئیرادە و ویژدانی زیندوو ھەیە کە خۆمان بە خاوەنی پرۆسەکە بزانین دوور لە نمایش و پیاھەڵدان و خۆ شیرین کردن لە سەر پاشەڕۆژی قوتابیان وەکو ئەو شوانە نەبین کە شانازی بە گورگ بکات و مەڕەکانی خۆش نەوێت پێویستە وەکو ئەو شوانە دڵسۆزە بین بەدوای لەوەڕگا و مێرگی سەوز بۆ مەڕەکان بگەرێن لەو کێو بۆ ئەو کێو لەو دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ نەک بە زۆر کۆکردنەوەیان لە زۆرگ و بەردەڵان و چەقێن کە خاوەن مەڕیش مەڕەکانی ئەمانەتی شوان کردووە!
دڵنیام کەسە پەروەردەییەکان ، پەروەردەییە ڕاستەقینەکان یەکجا زۆرن ھەرگیز سازش ناکەن لە سەر بەرێ کردنی ئەزموونەکان و وێرانی ھۆڵەکان و نادادپەروەری پەروەردەیی ھەموو شتێک دەکەن بۆ ڕەخساندنی کەشێکی لە بار و ھێمن و ئارام بۆ قوتابیە خۆشەویستەکانمان کە دوازدە ساڵە چاوەڕێ دەکەن کەس و کارییان بە تاس و پەڕۆشن ڕۆژانە بزانن وەڵامەکانیان چۆن بووە لە ھۆڵەکان چی دەگوزەرێ.
بۆیە پێویستە و گرنگە کەسە دڵسۆز و ویژدان زیندووەکان بکرێنە بەرێوەبەری ھۆڵەکان دوور لە پەیوەندییە کەسیەکان و وە گرنگترە کەسانی دادپەروەر و خۆشەویست و خاوەن کەسایەتی پەروەردەیی و دڵسۆزانی پەروەردە لە لێژنەکانی ئەزموونی پەروەردەی قەزاکان و پارێزگاکان بن و وەزارەتی پەروەردە ھەموو تاوناکانی خۆی لەم ماوەیە دا بخاتە گەڕ بۆ دانانی کەسانی پاک و دڵسۆز لەو لێژنانە و بەداوداچوونی وورد و بەردەوام بکات و ئەو کەسانەی کە گومان و بگرە لە گومانیش دڵنیاتریان لەسەر بووە بە بەڵگەوە ناکرێ لەو لێژنانە بن یان نزیک بن لەو لێژنانە کە ئەمەیان زۆر ھەڵدەگرێ گەر لێپرسینەوەی نەکرێ !! تادڵنیایی ڕاستەقینە بدرێتە ھەموو لایەک ، چونکە پەیوەستە بە پاکی و دڵسۆزی پەروەردە کە دەستنیشان کردنی ئایندەی کۆمەڵگاکەمان ھەموومان لێی بەرپرسیارین ھەر کەسەو بە پێی بەرپرسیاریەتی و شوێنی تایبەتی خۆی و مێژووش ڕەحم بە کەس ناکات.



بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top