ریفراندۆم سەرەتایی مێژووێکی گەش

ریفراندۆم سەرەتایی مێژووێکی گەش
ئەو کۆدەنگیەی (٧حوزیرانی ٢٠١٧) لە کۆبونەوەی لایەنەسیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی (رێزدار سەرۆک بارزانی) بەڵگەیەکی زیندووە کە جیاوازی بیروڕای سیاسی، ھەرگیز ناتوانێت پاشەکشێ بەھزری ئازادیخوازی و سەربەخۆی ئەوانە بکات کە ئێستا و رابردوویان بۆ ئەو ئامانجە مێژوویە تەرخان کردووە، لەھەمان کاتدا سەلماندی کە ھیچ پاساوێک ناتوانێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان.

سەرجەم لایەنەسیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەبەردەم بەرپرسیاریەتێکی مێژووی و تاقی کردنەوەیەکی نیشتیمانی دان تا(٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧) کە رۆژی ئەنجام دانی ریفراندۆمە، پێویستە ھەموو ھێزوتواناکان لە پێناو (بەڵی بۆ سەربەخۆیی کوردستان) تەرخان بکرین، لەکاتێک دا ئەگەر لایەنێکیش دژی ئەو بڕیارە مێژوویە بێت کە پەیوەندی بە چارەنوسی نەتەوەیەکەوە ھەیە ئەوا لە ئێستاوە ئاڵاھەڵگری دەنگی (نەخێر) دەبێت و ئیتر دەمامکەکەی دەکەوێت و بۆ خەڵکی کوردستانیش روون دەبێتەوە کە ئەو لایەنە ھەرگیز خەباتی بۆ رزگاری و سەربەخۆی گەلەکەی نەکردووە.

کێشەکان ھەرچەند بن شیاوی چارەسەرن، بۆیە ئەو لایەنەی کارئاسانی ناکات بۆ ئەنجام دانی ریفراندۆم، ئەوا مێژوو رەحمی پێناکات و ئەگەری ئەوەش ھەیە لە داھاتوودا باجی قورس بدات، یەکێک لەشتەباشەکانی نەتەوەی کورد سەرەڕای ھەموو ناکۆکیەکان ئەوەیە لەپرسە نیشتیمانی و گشتیەکان دا کۆدەنگن.
ریفراندۆم ھەنگاوێکی سەرەتایی و گرنگی نەتەوەکانە بۆ ئەوەی حکومی سەربەخۆی خۆیان وەربگرن و لە ژێر سەرپەرشتی دەوڵەتی ناوەند رزگاریان بێت، چونکە ئەوە نیشانەی ئەوەیە پێکەوە بوون و مەوداکانی بیری ئازاد و خۆشەویستی رزگاری خوازی تێرناکات، بۆیە ریفراندۆم وەک شێوازێکی ئاشتیانە بۆ جیابونەوە داھێنراوە. نەتەوەی کوردیش بەھۆی ئەو پاشخانە ئازادیخوازی و قوربانیەی ھەیەتی وەک ھەر نەتەوەیەکی تری دونیا مافی خۆیەتی ریفراندۆم تاقی بکاتەوە، ھیچ گومانیش لەوە دانیە زۆربەی زۆری جەماوەری کوردستان بریار بۆ سەربەخۆی دەدەن لە رێگەی ریفراندۆم، چونکە سەربەخۆی مەنزڵگەی ھەر تاکێکە کە خاوەنی ھۆشیاری نەتەوەی بێت، مێژووش ئەوە دەردەخات ئەو زۆرداری و نەھامەتیەی رابردوو چ تاڵی و سوێریەک لەسەر دەستی ڕژێمە جۆربەجۆرەکانی عێراق بەتاکی کورد چێژتراوە، بۆیە لەحاڵەتی دەنگدان دا ئەگەر دەنگی بەڵی زیاتر بوون سەیر نیە، چونکە نەتەوەکمان تێنووی سەربەخۆیی و جیابونەوەیە لە عێراق.

ئەوەی دەمێنێتەوە پێویستە ھەموومان پێشمەرگە ئاسا بەھەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان پشتگیری سەرکردایەتی کوردستان بکەین بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان، چونکە ئەم پرسە ھی حزبێک و دوو حزب نیە، بەڵکو پرسێکی نیشتیمانی گرنگە و پەیوەندی بە چارەنوسی نەتەوەیەکەوە ھەیە کە دەریایەک خوێنی رشتووە لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆی، سەبارەت بە کێشە ناوەخۆیەکانیش دوای ریفراندۆم کات و زەمەن نەبڕاووە تا نائومێد بین، بۆیە لە ئێستاوە دەڵێن (بەڵی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان)، چونکە باشترین ئامرازی ھێنانەکایەی کەشێکی ئارامی سیاسیە بە ئاراستەی چاکبوونەوەی گشتی نیشتیمانی.
Top