لە پارتی دەدرێ؟!
June 7, 2017
وتار و بیروڕا
خەمی گەورەی خەڵك ئەوەیە، وانە و پەند لە ناكۆكی وەرنەگیراوە، ئەوەتا بەدرێژایی مێژوو، كوردستان بارودۆخی وای بەخۆوە نەدیتوە، هەولێر لە زۆربەی پایتەختەكانی دەوروبەر گەرموگوڕترە، لە گەرمەی شەڕی داعش كە هەر 30 كیلۆمەترێك دوور بوو، لە هاتنی سەرۆك و سەركردەی وڵاتان جمەی دەهات، ئێَستاش بە هەمان شێوە لە پێشوازیی شاندی باڵای وڵاتاندایە، شاندەكانی ئێمەش لە هەولێرەوە بەرەو وڵاتان دەچن و لە لایەن سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی وڵاتانەوە پێشوازییان لێدەكرێت، بەشداری كۆنگرەی نێودەوڵەتی دەكەن، كەچی ململانێی سەقەتی حزبی هەموو ئەو پێشكەوتنە نادیدە دەگرێت، خەریكە بەدوای پنتەكانی ناكۆكیدا دەگەڕێت.
لە سێ ساڵی رابردوودا، ئەوەندەی شنگال و دەوروبەری، وەك پنتێكی ناكۆكی لە لایەن حزبەكانەوە بەكارهێندراوە، ئەوەندە وەك پرسێكی گەورەی كوردستان سەیر نەكراوە، وزەیەكی زۆری حزبی و میدیایی و دیپلۆماسی بۆ لەكەداركردنی پارتی بەكارهێندرا، لە كاتێكدا دەڤەرەكە كارەساتێكی گەورەی بەسەرهات، برینێكی گەورەی لێكەوتەوە، ئەو لایەنانە نەهاتن ململانێی پارتی لەسەر ئەوە بكەن، چی بۆ لێقەوماوانی ئێزدی و ئاییندەیان بكەن، بەرنامەی كاریان لەسەر تۆمەتباركردنی پارتی چڕكردەوە.
دوای رزگاركردنی شنگال بە خوێنی سەدان شەهید و برینداری پێشمەرگە، سەرەتای قۆناغێكی نوێ دەركەوت، لێ هەر زوو پەكەكە و بەغدا و هەندێ لایەنی هەرێم كەوتنەوە جووڵە، تەنیا بۆ ئەوەی گورز بەر پارتی بكەوێ، هەر لە سەرەتای قۆناغی دوای رزگاركردنی شنگال، ئاماژەكانی كاری مەیدانیی دروستكردنی هیلالی شیعە دەركەوت، بەڵام ئەوانەی قازانجی خۆیان لە ناكۆكیی حزبیدا دەبیننەوە، كەوتنە وەگەڕخستنی میدیا كە ئەوە پارتییە بۆ داپۆشینی شكستەكانی ئەو سیناریۆیە باس دەكات.
لەگەڵ رۆیشتنی حەشدی شەعبی بۆ سەر سنووری سوریا، نوری مالكیش بەو هەموو شكست و ماڵوێرانییەی بەسەر عێراقیدا هێناوە، دەستی بە هەڕەشە لە كوردستان كردەوە و دەڵێ لێناگەڕێم سەربەخۆیی سەربگرێت، لە ناوخۆی كوردستانیشدا هەندێ لایەن بزەیان دێتێ، بەڵكو خوایە لەو نێوەدا پارتی زیانی وێبكەوێ، ئەو دەم بە خەندانەی چاوەڕێی شكستی پارتی دەكەن، خۆیان لە گێلی دەدەن یان ناپرسن، ئاخۆ مالكی لەبەر خاتری ئەوان یان بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە شۆڤێنییەكەی و لێدانی كوردستان شێت بووە و ئاگای لەخۆ نەماوە، هاواری لێهەستاوە وەك ئەوەی تازە هێزە ئیقلیمییەكان بترسێنێ، دەڵێ مسعود بارزانی خەریكی دەوڵەتی كوردییە و لێناگەڕێم و پێویستە هێزیان بۆ بجوڵێندرێت.
دڵنیام هەندێ لە لایەنەكان، پێیانوایە بە دڵی ئەوانە و بەدەستی ئەوان نییە، بەڵام هەقە ئەو پرسیارەش لە خۆیان بكەن، ئەرێ كە هێزی مالكی هات، تەنیا پێشمەرگەی پارتی دەكاتە ئامانج؟ ئەو شاڵاوە بۆ لێدانی پارتییە یان كوردستان؟ بەو تێڕوانینە وێنەیەك پیشان دەدەن كە ئەوە ئەركی پارتییە شان بداتەبەر ئەو هەڕەشانەی لە كوردستان دەكرێن، بەمەش پێمان دەڵێن لێدانی پارتی لێدانی كوردستانە و لێدانی كوردستانیش لێدانی پارتییە، بەڵام ئاستی هۆشیاریی پێشمەرگە زۆر لەو حزب و جۆرە میدیایانە بەرزترە، چونكە مەسەلەی خاكیان لە بەرژەوەندیی حزب بەلاوە گرنگترە، ئاخر ئەوحزبانە خەریكن رووداوەكان بە ئاقاری لێدانی پارتی هەڵگێڕنەوە، كەچی بە دەستی خۆیان، سەروەری دەخەنە گیرفانی پارتی.