سەربەخۆیی، وەک خواستێکی نەتەوەیی

سەربەخۆیی، وەک خواستێکی نەتەوەیی
سەربەخۆیی کوردستان لە یەکە ئیدارییەکانی ھەرێمی کوردستاندا کە حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکە دەگرێتەوە، ئامادەییی پێشوەختەیان ھەیە بۆ پێشوازیکردن لە سەربەخۆیی کوردستان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم رووداوە مێژووییە، کە لەکاتی جاڕدانیدا دەبێتە رووداوێکی گەورەی رۆژھەڵاتی ناوین، گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیھاندا کە ئێمەین، دەبین بە خاوەن دەوڵەت، ئەوەی سەرکردایەتی کورد و شەقامی کوردی لەھەمبەر سەربەخۆیی دەینوێنن مافێکی یاسایی و دەستووری تاک بەتاکی کوردستانیانە.
سەربەخۆیی خواستێکی نەتەوەییە، دوورکەوتنەوە لێی، کارێکی‮ ‬نادروستە و دوورە لە ‬رێبازی‮ ‬جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی،‮ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت دەرھەق بە ھەرێمی کوردستان و ھاونیشتیمانیانی سەردەمی بەسەرچووە، دەوڵەتێک کە رێز لە مافی ھاونیشتیمانیانی نەگرێت جیابونەوە لێی ئەرکە.
کوردستان لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، ئەو راستییەی بۆ جیھان سەلماند کە کورد گەلێکە توانای خۆبەڕێوەبردنی ھەیە، جگە لەمەش ریفراندۆم مافی رەوا و بێ چەندوچوونی گەلانە، سەربەخۆیی بەر لە ھەموو شتێک مافە، پەڵپ و بیانووی جۆراوجۆر و ناڕەواش بە ماف جێگەی ھیچ ناگرێت، لەبەر ئەوەی ماف لەسەرووی گشت یاسایەکە، لە ئێستادا، چوون بەرەو سەربەخۆیی لەھەموو پرسێک گەورەترە.
ئاماژە سیاسییەکان مژدەی‮ ‬ئەوەمان پێدەدەن کە ھەرێمی‮ ‬کوردستان بەرەو سەربەخۆیی‮ ‬ھەنگاو دەنێت،‮ بڕیاری‮ ‬سازدانی‮ ‬ریفراندۆم بووەتە بڕیار و بواری‮ ‬گەڕانەوەی‮ ‬تێدا نییە،‮ ‬تەنانەت ئەم پرسە،‮ ‬بووەتە خواستێکی‮ ‬شەقامی‮ ‬کورستانیی، ئەوەی پێوەی پابەند نەبێت شەرمەزارە بەرانبەر بە فیداکاری پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی پیرۆزی شەھیدە سەربەرزەکان، ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر باس لە بە دەوڵەت بوون و سەربەخۆیی گەلان دەکرێت، ھەنووکە دۆخی چوار دەوڵەتەکەی داگیرکەری کوردستان، وەک جاران نەماوە، ئەو گۆڕانکارییانەی روویان لە ناوچەکەیە، بەتایبەتیش لەوەتەی بەدەنگی بەرز قسە لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، پێشکەوتنێک لە دۆزی کورد دەبیندرێت، کە بە ناچاری دەبێت ئەمجارەیان بە چاوی سەردەمی گۆڕانکارییەکان، سەیری گەلی کوردستان بکەن، گەیشتن بە سەربەخۆیی، رەنج و بەرھەمی سەد ساڵەی خەباتی کوردە.
Top