فۆبیای ڕیفراندۆمتان لە چیە؟

فۆبیای ڕیفراندۆمتان لە چیە؟
بۆچی لەو ناوچەیە پەلەقاژەیەکی ناوازەی فۆبیای ڕیفراندۆم لای ھەندێ کەس و لایەن و وڵات پەیدابووە؟ باشە کام ئایین و فەلسەفە و لۆژیک و ( ئەقڵی سەلیم ) لەگەڵ ئازادیی مرۆڤەکان دا نیە، تا ئازادیی ویستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دامەزراندنی وڵاتێک، بۆ ئەوانەی کە بوێرن و بە ئاشکرایی داوای دەکەن و ئەو شتەیان دەوێ، لای ئەوان فۆبیای ڕیفراندۆمی پەیداکردووە؟ باشە بە بوون یان نەبوون یان سەرگرتن یان سەرنەگرتنی ئەم ڕیفراندۆمە چی لە خەزانەی ئەوان کەم دەبێ تا بە بیستنی ھەواڵی ئەوەندە شلەژان ببن و تاوەکو ئاستی بگاتە ئەوەی تووشی فۆبیای ڕیفراندۆم ببن؟ بۆچی ئەوان ئامادەن لە پێناو ئەوەی گڕی تووندی ئاگری فۆبیای ڕیفراندۆم لە ناخ و دەروونی خۆیان کز بکەن و بکۆژێننەوە، خراپترین شت بە کوردستانیان بکەن، تەنانەت ئامادەن ئەو میللەتەی کە ئیمڕۆ لە دژی داعشیانی ناوچە و جیھان و بۆ نەھێشتنی زۆرداری و جەنگ لە دژی جەنگ دەجەنگن، جارێکی تر تووشی جەنگێک بکەن کە سوودەکەی تەنیا بازرگانانی جەنگ و خاکە، کە پڕ دەبێ لە جەستەی ھەلوەریوی کۆژراو و شەھیدی ئێمەمانان؟ باشە چی ھانی ئەوان دەداتن کە لە دەروونە ماندووە بێزارەکەی خۆیان ھەست بە بوونی بۆنی فۆبیای ڕیفراندۆم بکەن لە کاتێکدا دوور نیە ئەو ڕیفراندۆمە وەرچەرخانێک بێ لە ھەموو مێژووی مرۆڤایەتی و ناوچە و جیھان و کوردستان؟ باشە ئێمە و ھەموومان یەکدەنگین لەوەی کە ھەموومان مرۆڤین و بەنی ئادەمین و وەک یەکین و لە مشتێک پێست و گۆشت و خوێن و ئێسک و پرووسک دروستکراوین، کە چی کاتێک دەبینین شتێک خێری ئەوەکەی تری تیایدایە لە ڕقی یەکتری تووشی فۆبیای ڕیفراندۆم دەبین و بە ھەموو ھێزەوە بە گژ ئەو خێر و بێرە دا دەچین؟ کێ و چی و بۆچی لە پشتتانە، تا پاڵتان پێوە بنێ کە تووشی فۆبیای ڕیفراندۆم ببن لە کاتێک دا ئەو فۆبیایە ھیچ بنەمایەکێ لۆژیکانەی لە پشت و پێشەوە نیە؟ بۆچی ساتێک دروست بیر ناکەنەوە و شتەوکان وردتر لێکنادەنەوە تا لە ئێش و ئازاری فۆبیای ڕیفراندۆمی دامەزراندنی دەوڵەتە کوردستانیەکەی ئێمە دوور بکەونەوە؟ بۆچی بە بیانۆی بوونی فۆبیای ڕیفراندۆم لە دەروونتان نایێڵن برینە سەختەکانی خووشک و ژن و دایکانی شەھیدانی ئەنفال و کێمیاباران و کارەساتە یەک لە دوای یەکەکانمان ساڕێژ ببن و فرمێسکی منداڵە ھەتیوەکانمان ووشک ببێ و ئۆقرەیی و ئارامی لە جەستەمان جێگیر ببێ؟ ئێوە لە پێناو چی و کێ و تا کەی لەو پەڕی بێباکییەوە ھەوڵی ھەڵوەرینی گۆَلخۆنچەکانی ئێستا و داھاتووی کوردستان دەدەن و لە بڕی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونیەکانی خۆتان و ڕۆاندنی فۆبیای ڕیفراندۆم لە مێشک و دڵ و دەروونتان، ئەوانیش تووشی فۆبیای ژیان دەکەن؟
ئێوە بۆچی لە جیاتی تێکدانی ماڵەکەی ئێمە و خۆتان و لە بڕی ھیچ و پووچ و چەند کەس و وڵات و لایەنی دەمارگیر و دۆگماتی و وۆشباوەر و دوور لە بنەماکانی مرۆڤی ئاسایی و دەرووندروست، ناچن بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەو ھەموو پرسیارانە و زۆر پرسیاری ھاوشێوە، نەختێک داگیرسێن و وەک بەنی ئادەم بیر، لە دوێنێ و ئیمڕۆ و سبەینێ بکەن و بڕیاری وا بدەن، ھیچ نەبێ منداڵانتان و کەس و کارتان پێی شەرمەزار و ڕوو ڕەش نەبن و ڕۆژێک لە ڕۆژان شانازیی پێوە بکەن؟ بۆچی ... ؟ بۆچی... ؟؟؟ *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top