ھەرێم و دەوڵەتی کوردستان و ھەڕەشەکانی ڕاگەیاندنی ڕەشبینکەر

ھەرێم و دەوڵەتی کوردستان و ھەڕەشەکانی ڕاگەیاندنی ڕەشبینکەر
لە زانستی سایکۆلۆژیا دا ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی بەرچاو لە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی (تنشئەی اجتماعی یان socialization ) دا دەگێڕێ، و تەواوکەری دەزگاکانی تری وەک خێزان و قوتابخانە و ھیترە، کە دەتوانن ئەنجامی ئاوەژۆیان ھەبێ ئەگەر بێت لە ھەندێ بنەمای زانستی و مرۆڤی لابدەن.
ئەوەتا لە جەنگی سایکۆلۆژی دا و لە دۆخە ناھەموارەکانی وەک ئەوەی کوردستان پێیایدا دەرباز دەبێ زۆر ئاسایی دەبوو بۆ بەرژەوەندی گشتی و بەرزکردنەوەی ورەی ھاووڵاتیان زۆر شت کە زیان بە کەس ناگینێ بە شێوازێکی تر بڵاو بکرابایە.
لە کوردستان ھەن نەک تەنیا ئەو کارە ناکەن بەڵکۆ پێچەوانەوە و لە جیاتی دوژمنیش زیان لە وڵاتی خۆیان دەدەن. ئەوەش یەکێکە لە عاجەباتی جیھان کە ھێشتان نەچۆتە پەرتووکەکانی تایبەت. " بسملا.....دوێنێ پێر ڕێکەوتنەکە واژوو کراوە و ھێشتانێ جەوھەر و مەرکەبەکەی وۆشک نەبووە"! چۆن دەبێ کەسان و لایەن ھەبن لە ھەموو شت دا دژایەتی ھاونیشتمانیانی خۆیان بن، تەنانەت ھێشتان ( خێر و شەڕی ) بابەتێکیان نەدیتووە تا ھەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەیان بۆ کردبێ و ھەر لە خەڵی دەستپێکی لە دژی بن. ئەوە واتە ئەگەر ئەو بابەتە لە قازانج و خێری وڵاتەکەشیان تێایدا بێ ھەر پێیان ناخۆشە.
بابەتی گرێبەستەکانی ئەم دواییەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک زۆر نموونەی تر بەشێکن لەو بابەتە، و دەکرا ھەندێ لایەن ھیچ نەبێ لە پێناو کەمرکدنی ئاستی مەترسی زیانە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ سەر تاک و خێزانی کورد، بەم جۆرە و لەسەرەتاوە و وەک زۆر بابەتیتر ئاڵۆز و مەترسیدار و ڕەنگاوڕەنگیان نەکردایە و وەک زۆر جاریتر، وەک " دێو" پیشانی خەڵکیان نەدابایە، تا ھیچ نەبێ نەبێتە ھۆکاری پەرەسەندنی ڕەشبینی لای ھاووڵاتیان.
باشە چۆنە ئێوە ڕازی نین نەفتەکەمان بە ڕێگەی تورکیاوە بگەینرێتە جیھان؟ بۆ ئەمریکا و ئەورۆپییەکانیش ھەمان ھەڵوێستتان ھەبوو. ئێران ئەو کارەمان بۆ ناکاتن و دژایەتیمان دەکاتن تا ھیچ نەبێ یەک کاتژمێر دەرنگتر سەربخۆ ببین. بەغداش دیار چی دەکات. و ئێستاش ناتانەوێ ڕۆسیا ھاوکاریمان بکات؟ بەنگلادێشی بەدبەخت و مغۆلستانی ھەژاریش نەفتیان پێ ناکڕدرێ. ئەجنە و مرۆڤەکانی بۆشایی ئاسمانیش نەفتیان ناوێ! ئەی چی بکەین؟ ئێوە لەخۆ وەربێ داوای مووچە و ھەموو شتێک بۆ ھاووڵاتیان دەکەن و ئەو کارانەش و بەربەستانەش دروست دەکەن، چیە " بانێکە و دوو ھەوا"؟ چۆن دەبێ " ھەم خەوتان بوێ و ھەمیش کەو "؟
باشە ئەوانەی پێکھاتەی ھزری و مێنتالی ( عەقلی ) و سایکۆلۆژیان بەم شێوەیە بێ، خەڵکی چۆن لێیان دەڕۆانن و تێدەگەن، لە کاتێکدا زۆر کەس و پسپۆر ئەو ھەوڵەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەنگاوێکی دروست و باش بۆ ئاییندەمان دەبینن؟ ئەوە لایەنگرانتان بە دوای چیتانە کەوتوون؟ شەیدایی چیتان بوونەتەوە؟
بەڕاستی ئەوە لووتکەی زۆردارییە لە میللەتێک دەکرێ، کە خەم و خەفەتەکانی بەسی خۆیەتی و ئێوەش بە ڕاگەیاندنە ڕەشبینکەرەکەتانەوە ئازارە دەروونیەکانیان، سەد ئەوەندە زیاتر دەکەن، لە کاتێک دا کە دەتانتوانی لە جیاتی ئەم کارە برینەکانیان ساڕێژ بکەن. ئێوە ئەوەندەتان حەسوودی بە دەستکەوتەکانی ئەم ھەرێمە دێتن، کە لە ڕووتان نایێ تەنیا بۆ جارێکیش بووبێ، بڵێن فڵانە کار و پرۆژە و دەستکەوت باش بووە و دەستخۆشیی لێ بکەن.
ڕاگەیاندنی ڕەشبینکەرەکەتان لە کوردستان گۆرزێکی کۆشندەی لە پێکھاتە و ستراکتووری تاکی کوردستانی داوە، کە ئاسەوارە نەرێنی و خراپەکانی نەک ئیمڕۆ و بەیانی، بەڵکۆ چەندەھا ساڵی تر دەردەکەون، کە بەرھەمەکەی سەدان و ھزاران نەخۆشی دەروونی دەبێ، کە قۆربانیی دھۆڵ و زۆڕنای ئێستای ڕاگەیاندنە ڕەشبینکەرەکانن، کە وەک خوالێخۆشبوو عەلی وەردی دەڵێ خاوەنەکانی لە " بۆرجی بەلەک " دا دەژین و ئاگایان لە ئازارە سەخت و دژوارەکانی ئەو میللەتە نیە. تەنھا بەناوی ئەو میللەتە جەنگی چارەنووسیان دەکەن بۆ بەرەژەوەندی خۆیان و ئاغاکانیان، لە کاتێکدا کە ئەوان خەریکە بە بەزم و شاھییەوە بە پیر سندۆقەکانی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمی سەربخۆیی بڕۆن و کۆتایی بە زۆرێک لە نەھامەتیەکانیان بێنن و ئێوە لە جیاتی بەشدارییان، و لە بڕی ئەوەی دەستیان بگرن، مەھانەیان پێدەگرن و ئاگر و خۆڵ و خاشاک و قۆڕاویان دێننە سەر ڕێگایان.
بەڕاستی بۆ خەڵکی ڕوون بۆتەوە کە کێ لەم کوردستانە دڵسۆزی ئەوانە و ھەوڵی سووکترکردنی بارە گرانەکانی ژیانیان دەداتن، بەڵام خۆدی ئەو کەسانە خۆیان ناناسن؟ *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ





Top