سەربەخۆیی كوردستان مافێكی رٍەوایە و سازش كردن مەحاڵە
June 5, 2017
وتار و بیروڕا
كورد دەیان ساڵە بە زۆداری زڵهیزان و داگیركەران خاك و نیشتیمانی داگیركراوە و ئێستا بە خوێن و خەباتی دەیان ساڵەی ئەو نیشتمانەی رزگار و گەرٍاندۆتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەكەی بۆیە ئێستا مافی رٍەوای خۆمان خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆمان بین .ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان پرسێكی زێدە گرنگ و كاریگەرە بۆ ئێستا و ئایندەی نەك هەر ئەم بەشەی باشوری كوردستان بڵكو بۆ تەواوی ئایندەی نەتەوەكەمان لەهەر چوار پارچەكەدا،چونكە سەركەوتن و پێدانی دەنگی زۆرینەی" بەڵێ " بۆ سەربەخۆیی كوردستان و جیابونەوەی لەدەوڵەتی مەركەزی عێراق هەنگاوێكە بە ئاڕاستەی پێكەوەنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەم بەشەدا. ڕیفراندۆم بۆخۆی پڕۆسەیەكی یاسایی و دەستوریە و لەهەموو دەستوری وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتیەكاندا دانیپیادانراوە و ڕێزیش لە هەنگاوەكە دەگیرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و حكومەتەكانیش،چونكە لەدونیای دیموكراسی و ئازادیەكاندا ڕای زۆرینە سەنگی مەحەكە بۆ یەكلایكردنەوەی پرسە گرنگ و چارەنوسسازەكان،هەركات دەنگی زۆرینەی سادە كە بریتیە لە ڕێژەی 51% ی دەنگی جەماوەر و كۆمەڵگاكان ئیدی ئەوە دەبێتە دوابڕیار لەسەر هەرپرسێك كە بخرێتە ڕیفراندۆم و ڕاپرسی گشتیەوە،بەو بیانوەی كە جەماوەر سەرچاوەی ڕەوایەتی دەسەڵاتەكانە هەربۆیەش پرسە گرنگەكان وەك"سەربەخۆیی و جیابونەوە و هەمواركردنی مادەكانی دەستور و ڕێكەوتنە گرنگەكان و هاوپەیمانێتیەكان "دەخرێتەوە بەردەم جەماوەر و زۆرینەی ڕای جەماوەریش ڕێزلێگیراو دەبێت. بۆ یەكەم جاریش لەی مێژوودا ڕیفراندۆم لە هەرێمی سانت گاڵنی سویسری لە ساڵی 1831 پیادە كراوە و دواتر لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا بە بچوك و گەورەو پیادە كراوە و بۆتە شێوازێك لە دیموكراسیەتی ڕاستەوخۆ كە ماف دەداتە زۆرینەی جەماوەر بە پەسەندكردن یان ڕەتكردنەوەی مەسەلە گرنگەكان ،نمونەش ڕیفراندۆمی هەرێمەكانی كەتەلۆنیا و باسكی ئیسپانی و ئیسكۆتلەندای بەریتانی بۆ جیابونەوەیان و باشوری سودان كە بوە وڵاتێكی سەربەخۆ و ڕیفراندۆمی جەزائیر بۆ سەربەخۆبوون لە فەڕەنسا لەساڵی 1962دا و نوێترین ڕاپرسیش بریتی بوو لە ڕاپرسی گەلی بەریتانیا لە سەر چوونە دەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا و ئەوەبوو بەزۆرینەی دەنگ ڕازیبون لەسەر دەرچوونی وڵاتەكەیان لە یەكێتی ئەوروپا...
زیاتر لە نیوە سەدەیە پێشمەرگە، سەرۆك مسعود بارزانی وەك قوتابییەكی بارزانی نەمر بە ژیر وكارێزمایی خۆی گشت تواناكانی لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی خستۆتەگەر تا ئەو ئەرك و بەرپرسیارییەتە مێژوویی وكوردانەیە بگەێنێتە مەبەست و لەو پێناوەشدا رووبەرووی دەیان بەربەست و مەترسی بۆتەوە .بارودۆخە سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان و تارادەیەك ئابووری و ئەو زەمینە سازییە بە رێبەرایەتی سەرۆك بارزانی لە ئارادایە بۆ بڕیاردان سەبارەت بە راپرسی و سەربەخۆیی، هەموو لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵانی خەڵك مەحكومین بەوەی ئەو بارودۆخە پیادە بكەین و بڕیار لە دوا رۆژی خۆمان بدەین. ئەوانەی بەرژەوەندی خۆیان ئەكەنە قوربانی بەرژەوەندە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێویستە زیاتر بن، بۆ ئەوەی ئاو بە ئاگری گیرو گرفتەكانی خەڵكی كوردستاندا بكەن كە ڕۆڵی ئەو كەسانە كەم بێتەوە نەمێنێن كە ئاگر خۆشكەرن، هەوڵبدەن مەشخەڵی ئاگری نەورۆزی تازە هەموو دنیای كوردان ڕووناك بكاتەوە و ئالای سەرفرازی لە هەموو كونجێك و شوێنێك لە كوردستان بەتایبەتی لە شوێنە بەرزەكانی بلەرێتەوە و بشەكێتەوە خەڵكی كوردستان لەژێر سێبەری ئاڵای سەربەخۆیی و ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی و پێكەوە ژیان بە ئارامی یەكجارەكی بحەوێتەوە و بحەسێتەوە. ئەم تێكۆشەرە شەو و رۆژی خستۆتە سەر یەك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، ئەوەی جێگای نیگەرانیە و هەموو دڵسۆزێكی ئەم وڵاتە دركی پێ دەكات ئەوەیە هەندێك لایەنی سیاسی دەستیان خستۆتە ناو دەستی دوژمن بۆ لەناوبردنی دەسكەوت و خەون و ئاواتی نەتەوەكەمان و دوژمنانی كورد زۆربەی پیلانە گڵاوەكانیان لە رێگای ئەم حزب و لایەنانە جێبەجێ دەكەن بۆیە دەبێت لەم بارودۆخە هەستیارەدا ناوماڵی خۆمان رێك خەینەوە ،دەبێت هەموو تاكێكی كورد هۆشیارانە بیركاتەوە و رێگا نەدەن ئەجندای دەرەكی دەسكەوتەكانمان لەناو ببەن. پشتگیریكردنی بارزانی ئەركێكی كوردانەیە چونكە ئامانجی سەرەكی ئەو سەركردەیە بەدیهێنانی ئاوات و مافە رەواكانی كوردە.
كاتێك سەرۆكێكی لێهاتوو لە قۆناخێكی مێژووی نەتەوەدا هەڵدەكەوێت، لەو كاتەشدا ئیرادەی نەتەوە وەك ئەوەی هەر تاكێكی نەتەوە ئومێدی بۆ دەخوازێت، دەردەكەوێت و لەنێو نەتەوەكانی دیكەدا رێز لە ئیرادەكەی دەگیرێت. ئەمە مانای ئەوەیە سەرۆك هەموو پشت و پەنایەكی ئیرادەی نەتەوەكەیەتی و بە بێ ئیرادەی نەتەوەكەی هیچ توانایەكی نییە و هیچ بڕیارێكیشی پێ نادرێت، بەڵام جیاوازیی سەرۆكی لێهاتوو ئەوەیە كە چۆن لە كاتی شەڕ و تەنگژە و كارەساتدا، شێوازێكی تایبەت دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی توانا و ئیمكانیەتی نەتەوەكەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددی و هەڕەشەكان رێكبخات و مەترسی و گوشارەكان لەسەر نەتەوەكەی دوور بخاتەوە. هەموو شتێك لەسەر لێواری گۆڕانكاری گەورەدایە. لەم بارودۆخەدا بوونی سەرۆك بارزانی وەك هێزێكی كاریزمایی بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان هێزە سیاسییەكان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، پێداویستیی سەرەكیی ئەم قۆناخەیە. ئەم قۆناخە بۆ كوردستان تەنها بریتی نییە لە گێڕانەوەی دۆخەكە بۆ باری ئاسایی خۆی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرۆك بارزانی لە بارێكی نائاساییدا ئەو بڕیارە قورسەی شەڕی مان و نەمانی داوە، ئێستا ئێمەی كورد و كوردستانییەكان لە هەڕەشەی نەمان رزگارمان بووە، بەڵام گرنگە بوون و ئایندەمان وەك گەل و نەتەوەیەكی ئازاد هەنگاو هەڵگرتن بێت بەرەو ئایندەیەكی پرشنگداری ئەوتۆ كە شایستەی قوربانیدانی نەتەوەكەمان بێت، گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستی بە چەتر و لۆژیكی بارزانی هەیە. بۆیە كارێزمایی و دیپلۆماسی و سیاسەتی حەكمیانەی سەرۆك مسعود بارزانی وایكرد كە دۆزی كورد لە مەترسی لە ناوچوون رزگار بكات و لە هەڵدێرەوە بەرەو سەربەخۆیی ئارٍاستە بكات ..