سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بوونە ئەمری واقع
June 5, 2017
وتار و بیروڕا
کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لەسەر داواکاری سادەترین ماف کە قسە کردنە بە زمانی دایک بە هێز و زەبر و زەنگ وەڵامی دراوەتەوە، بۆیە ناکرێ پێمانوابێ ئەگەر داوای سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان نەکەین، دەتوانین وەک هاوڵاتییەک دوور لە چەوسانەوە و زوڵم و ستەم وهەڕشە لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب بژین، هەڵەی لەوەش کوشندەتر ئەوەیە کە پێمانوابێ بە گۆڕینی شێوازی سیستەمی حوکم یان ئەو فکرەی سیاسی و ئەو ئایدۆلۆژیا دەتوانین ئەقڵ و بیرکردنەوەیان بگۆڕین و بە ئارامی و دوور لە چەوسانەوە لەگەڵیان بژین، ئەگەر باشووری کوردستانیش وەک نموونە وەربگرین.. دەگەینە ئەو راستییەی کە تەنها سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە کە کورد لە مەترسی و هەڕەشەی لەناوبردن و خواستی شەڕانگێزی تورک و فارس و عەرەب دەپارێزێ.
کورد لە باشووری کوردستان لە رژێمی پاشایەتییەوە بگرە تا دەگاتە قاسم و عارفەکان و بەکر و سەددام و جەعفەری و مالیکی و ئێستای عەبادی، جگە لە هەڕەشە و برەودان بە چەوسانەوەی زیاتر خێری لە هیچیان نەدیوە، تاکە جیاوازییەک کە لە نێوانیاندا هەبووبێ بوونی هێز و دەرفەتی رەخساو بووە، نەک بوونی خواست و داواکاری کورد بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە هەر کاتێک شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد بە هەر هۆکارێک لاواز بووبن، دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان ئەو لاوازیەی شۆڕشیان بە دەرفەت زانیوە و هەوڵە شۆڤێنیەکانیان بۆ لەناوبردنی کورد چڕ کردوونەوە، نەکسەی شۆڕشی ئەیلول و سەرەتای شۆڕشی گوڵان بینیمان کە رژێم لە ناوچە سنووریەکانی تورکیا و ئێران چۆن دەستی کرد بە راگواستن و کاول کردنی هەزاران گوند و لە کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەریشی دەستی کرد بە تەعریب.
بە پێچەوانەشەوە هەرکاتێک داگیرکارانی کوردستان لاواز بووبن پەنایان بۆ کورد هێناوە، برایەتی کورد و عەرەبیان کردۆتە چاوبەست و هەوڵیانداوە چاوی نەتەوەیی کوردی پێ ببەستن و بەو هۆیەوە لە ئامانجەکانی دوور بخەنەوە، هەرکاتێکیش خۆیان گرتبێتەوە و هەلومەرجی سیاسی لە بەرژەوەندیان بووبێ بە قۆناغ و لەگەڵ هەڵکشانی هێز و دەستکەوتنی دەرفەت، لە باتی کورد بڕیاریان داوە و برایەتی کورد و عەرەبیان بەرەو ساردی بردووە تا گەیاندوویانەتەوە بە ئاستی دوژمنایەتی و حەڵاڵ کردنی خوێنی کوڕی کورد، وەک ئەوەی ئێستا شەڕی داعش بەرەو کۆتایی دەچێ و لەگەڵ بوونی ئەو هەموو کێشە و قەیرانە سیاسیانەی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، نوری مالکی لەباتی کورد بڕیار دەدا و دەڵێ: کورد مافی گشتپرسی نییە و ئەگەر پێویست بکات دەبێ هێز لە دژی کورد بەکار بهێنرێ، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ: کە عەرەب هەڵگری هەر فکرە و ئایدیایەک بێ دوژمنی کوردە و لەناوبردنی کوردیش دوا ئامانجیەتی، ئەوە بۆ تورک و فارسیش راستە و ئەوانیش وەک عەرەب لەناوبردنی کورد و بە میرات بردنی نیشتیمانەکەی دوا ئامانجیانە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە کورد لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە دوژمنکاریە سەلمێنراوەی تورک و فارس و عەرەب بۆ دواڕۆژی نەتەوەیی خۆی چی پێیە و چی دەکات؟
لەگەڵ بوونی ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی سەرەوەش نەک هەر لە باشووری کوردستان, بەڵکو لەسەر ئاستی پارچەکانی تری کوردستانیش دەستە و گرووپی کوردی وا دژە کورد دەرکەوتوون، نایانەوێ کەڵک لە مێژووی پڕ کارەساتی نێوان کورد و داگیرکارانی کوردستان وەربگرن و تا ئێستاش بڕوایان بە برایەتی و پێکەوەژیان لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب ماوە، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە ئەو دەستە و گرووپە کوردیانە لە داگیرکاران توندتر کێشە بۆ سەربەخۆیی و هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان درووست دەکەن و، هاوشێوەی نوری مالیکی هەڕەشەی بەکار هێنانی هێز دەکەن و بۆ پێشگرتن بە هەوڵەکانی سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان لەگەڵیان دەچێنە جێژوانی سیاسی و هاوهەڵوێستییەوە، بۆ رەوایی دانیش بە هەڵوێستی ناکوردانە و هاودەنگ بوونیان لەگەڵ دوژمنان بە موزایەدەوە تۆمەت بۆ ئیرادەی سەربەخۆیی هەڵدەبەستن و پاساو بۆ خۆفرۆشی خۆیان دێننەوە.
ئەو دەستە و گرووپە دژە کورد و دوژمن دۆستانە لەگەڵ گەرم بوونی باس و خواسی گشتپرسی و کارا بوونی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی، پیلانگێڕی و هەوڵەکانیان لە دژی ئیرادەی سەربەخۆیی و خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان چڕ دەکەنەوە و چی دژی کوردایەتی و لە خزمەتی داگیرکاراندا بێ دەیکەن و دەیڵێن و لە هیچ خراپەکارییەک ناپرینگێنەوە، ئەوەتا حزبی وا هەیە دەوڵەتی کوردی بە شەرم و ئامانجێکی بەسەرچوو دەزانێ و لە ئاستی بەرزی بەرپرسیاری دەڵێن: ئەگەر گشتپرسی بکرێ باشوور دەکەینە گۆمی خوێنێ، حزبیش هەیە ئیرادەی سەربەخۆیی بە پیلانگێڕی دژ بە یەکپارچەیی خاکی عێرق ناودەبات بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقیش ئامادەیە بە گژ هەر هەوڵێکی سەربەخۆیی و خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستاندا بچێتەوە، حزبی واش هەیە وەک ئەوەی کورد پەلاماری خاکی گەلانی تری دابێ، خەباتی رزگاری نیشتیمانی و داواکاری دەوڵەتی کوردستان بە ناسۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی تاوانبار دەکات.
لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە دۆست و هاوپەیمانەکانی نوری مالیکی لە کوردستان بە خۆڕایی تەنگاو نەبوون و لە هیچەوە بەرد هەڵنادەن و سەری خۆیانی وەبەرنانێن، بەبێ هۆش نەکەوتوونە هەڕەشەی راپەڕین و ئاژاوەگێڕی سەرتاسەری و بانگەشەی جیا کردنەوەی سلێمانی و هەڵبەستنی تۆمەت و ئیرهابی فکری، ئەوانەش بەشی خۆیان دنیادیدەن و ئاقڵیان بە ئیشی خۆیان دەشکێ و دەزانن سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بوونە ئەمری واقع، بەوەش جیا لەوەی بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان هەموو ئەو دەستکەوتانە لەدەست دەدەن کە بە هاوپەیمانی و بەڵێنی ژێربەژێر بەدەستیان هێناوە، جگە لەوەش لە بەرامبەر نوری مالیکی و بەغدای عرووبە بێ بەڵێن دەردەچن و جارێکیتر ناتوانن متمانەی هاوپەیمانییەکی تر بەدەست بێننەوە، بۆیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان چییان پێبکرێ دەیکەن ئەگەر خەتا و خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیش بێ.