رێككەوتنی سان پترسبۆرگ زەنگی ئاگاداركردنەوەی بەغدا و كوردستان
June 4, 2017
وتار و بیروڕا
لە كاتێكدا شەڕی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، دەوڵەتە بەهێزەكانی جیهان و ناوچەكە، خەریكی خۆ ئامادەكردنن بۆ قۆناغی دوای شەڕ، ئاشكرایە جووڵەی بەغدا بە هاوكاری هێزی ئیقلیمی، بەو ئاقارەیە كە ئابڵۆقەی زیاتر بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان و بواری ئەوەی نەدرێتێ، بپەڕژێتە سەر خۆ ئامادەكردن بۆ قۆناغی دوای شەڕ، بەشداریی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و شاندێكی یاوەری پێكهاتبوو، لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی سان پترسبۆرگ لە رووسیا و دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێزان فلادمیر پۆتین سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی هەردوو كۆمپانیای گاز پرۆم نەفت و رووس نەفت و ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای رووس نەفت، بۆ كوردستان ئاماژەیەكی گرنگە.
بەغدا بەو رێككەوتنەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای رووس نەفت كە گەورەترین كۆمپانیای نەوتی رووسییە نیگەرانە، بەغدا بۆیە نیگەرانە، چونكە نەیتوانی ببێتە پایتەختی عێراقی بەناو نوێ، بەڵكو هەر بە درێژەپێدەری پایتەختی حكوومەتەكانی پێشوو و قبوڵ نەكردنی بەرامبەر و نەخوێندنەوەی واقیعی سیاسی و گۆڕانكارییە گەورەكانی جیهان مایەوە، كێشەی گەورەشی ئەوەیە كە خۆی لەبەرەی ئێران و رووسیادا دەبینێتەوە، كۆمپانیاكەش وەك كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و وڵاتانی دی نین كەرتی تایبەت بێت، بۆیە كە رووس نەفت لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێك دەكەوێ، مانای وایە رووسیای ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوت، بۆیە ئەم رێككەوتنە چەند لە رووی ئابوورییەوە گرنگە، زیاتریش لە رووی سیاسییەوە گرنگە، چونكە كوردستان خەریكی تەداروكاتی ریفڕاندۆمە بۆ سەربەخۆیی.
ئەم رێككەوتنە چەند پێویستە بەغدا لێی حاڵی بێت، دە هێندەش بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان گرنگە، چونكە سەرەتایەكی باشە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ كۆمپانیاكانی دیكەی جیهان، هەقە ببێتە هۆیەك بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بە هەڵوێستی خۆیاندا بچنەوە، بە لێڵی رووداوەكان نەبینن، ئەو ئاماژەیە لە ئان و ساتی كۆتایی هاتنی شەڕی داعش، بۆ خۆ ئامادەكرن و رۆیشتنی سەربەرزانە بەرەو قۆناغێكی نوێ، قۆناغی هێنانەدیی ئامانجی رەوای گەلەكەمان، بخوێننەوە و وەبەری بهێنن.