مێژوو گرفتی گەورەی نەوەکانی داهاتوو
June 3, 2017
وتار و بیروڕا
ناڕێکی و ناتەبایی و کێشە و ململانێ سیاسیەکانی ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد، بە کەرتکردنی هەڵوێست و کۆدەنگی ونەتەوەیی و تەنانەت ئامانجە نیشتیمانیەکانی کوردەوە نەوەستاوە، وەک دەبینین بە دوو ئاراستەی جیاوازدا مێژووشی تووشی بەڵای کەرتکردن کردووە و چەواشەکارانی سیاسی پەردەی چەواشەکاریان بەسەر مێژووە درووستەکەدا هەڵکێشاوە، چونکە بەشێک لە سیاسیەکان بە سیاسەت کردن نەوەستاون و وەک ئەوەی ویستوویانە دەستیان بۆ نووسینەوەی مێژووش بردووە و کورد گوتەنی: دۆم بی و کڵاش بۆ خۆت بچنی، ئەوانیش وایان کردووە و چۆنیان ویستبێ راستییەکانیان گۆڕیون و چی چاکە بۆ خۆیان نووسیوە و خراپەکانیشیان بۆ نەیارەکانیان جیهێشتوون، بەوەش گرفتی گەورەیان بۆ نەوەکانی داهاتووش درووست کردووە، چونکە نەوەکانی داهاتوو کاتێک لەسەر رووداوێک دوو راوبۆچوونی جیاواز و دژ دەبینن، لە دووڕیانی دۆزینەوەی رێگای راستدا دۆش دادەمێنن، ئەوەش وادەکات پەند لە مێژوو وەرنەگرن و نەتوانن هەڵەکانی مێژوو راست بکەنەوە، ئەو راستییەش کاتێک بەرجەستە دەبێ کە کتێبی (دیداری تەمەن)ی سەلاح رەشید و کتێب وتارە بە زۆر بە مێژوو کراوەکانی نەوشیروان مستەفا بەو چەواشەکاری و هەڵگێڕانەوەی راستییەکان دەکەونە بەرچاوی نەوەکانی داهاتوو.
نەوەکانی داهاتوو کاتێک ئەو کتێب و وتارە بە مێژوو کراوانە دەبینن، بە شێوەیەک تووشی لارێ بوون دەبن کە لە نێوان مێژووە راست و مێژووە درووست کراوەکەدا تووشی بەدگومانی دەبن، جا ئەگەر مێژوونووسان بە ئەرکی پیشەیی خۆیان هەڵنەستن و پاک و پیس لە یەکتری جیا نەکەنەوە و راستییە میژووییەکان وەک خۆیان دەرنەخەن، چۆن ئێستا و رابردووش باجی ململانێی ناتەندرووست و سیاسەتی رقاوی بەشێک لە سەرکردەکانمان داوە، نەوەکانی داهاتووش باجی ئەو بەشە میژووە درووست کراوە دەدەن کە خەتاکارە سیاسیەکان بۆ دەرباز بوون لە خەتا و خیانەتی نیشتیمانی خۆیان و بە مەبەستی شاردنەوەەی راستییە مێژووییەکان بە میژوویان کردووە، بۆیە پێویستە مێژوونووس و رۆشنبیر و کەسانی ئەکادیمی بێلایەنانە بەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیە هەستن و راستییە میژووییەکان لە چەواشەکاریەکان جیا بکەنەوە.