کافرکردنی ھۆگرانی دەولەتبوونی کوردستان لەم کات و ساتەدا: بۆچی ؟

کافرکردنی ھۆگرانی دەولەتبوونی کوردستان لەم کات و ساتەدا: بۆچی ؟
عەبدۆڕەحمان سدیق ڕووناکبیر و ھزرمەندی کوردستان، کە ئەگەر خۆی پێناخۆش نەبێ، و بگۆنجێ، دەبێ بڵێین عەلی وەردیی کوردستانە، مۆسڵمان و تاکێکی کۆمەڵگایەکی ڕەسەنی کوردەواری ئاریاییە، کە نەک تەنیا لەسەردەمی ھاتنی ئایینی ئیسلامی پیرۆز بەڵکۆ زۆر پێشتریش و ئەو کاتەی، کە نزیکەی پێنج ھزار سال بەر لە ئێستا بێ و لەسەردەمی زەردەشتی میدیاییەوە بڕوایەکی تەواو و قووڵیان بە یەزدانی مەزن و بەخشندە و بێ ھاوتا ھێناوە. ناوبراو پەروەردەکراوی ئەو کۆمەڵگایەیە، بۆیە بە پێەوانەی تێگەیشتنی کەسانێک، لە مۆسڵمانبوونی دا گۆمانێک نامێنێ. مرۆڤ لە ھەر کۆمەڵگا و خێزانێک پێگەیشتبێ ڕەنگی بەھا و داب و نەریت و کەلتوور و فەرھەنگەکەی ئەوانی پێوە دیار دەبێ.
کاتێک کە لە مۆسکۆ قوتابی بووم ھەر ھەل و چرکە ساتێکی ژیانی خۆمم بۆ بڵاوکردنەوەی بەھا و کەلتوور و فەرھەنگە جوان و دەوڵەمەند و مرۆڤدۆستانەی کوردەواریم دەقۆستەوە. جارێکیان لە گفتگۆیەکی وەھا لەگەڵ مامۆستایەکی وەڵاتی ڤیێتنام، کە ئەویش قوتابی دکتۆرا بوو، بۆی باسم لە گەورەیی و مەزناتیی یەزدانی پاک و بێگەردی ئەم جیھانەم دەکرد. ئەو کەسە، کە ناوی (Mann) بوو، ڕووی لە من کرد و گۆتی:" ئەوە باسی چ دەکەی؟ خۆا ! کام خۆا !؟ من ھیچ خۆایەک نابینم ...!"
ئەو مامۆستایە دەیەویست بڵێتن چونکە خۆا نابینێ، واتە بوونی نیە. منیش ڕووم تێکرد و گۆتم واتە دەتەوێ بڵێی و بسەلمینی کە تۆش مێشک ( عەقلت) نیە. چونکە منیش بە چاو نایبینم. پێی ناخۆش بوو و گۆتی:" چۆن وا دەڵێی؟"، و ئینجا دەستی دایە پەرتووکێکی ناو پەرتووکەکانی خۆی و خستیە ناو دەستەکانم. تەماشایەکی ئەو و پەرتووکەکەیم کرد. دانەر خۆی بوو. وابزانم بە ڕۆسی بوو ( یان بە ڤێیتنامی باش لە بیرم نیە چونکە ئەوانیش بە پیتێکی ھاوشێوەی لاتینی دەنووسن !). ڕووم کردە (مان) و گۆتم:" باشە تو خۆت بە خاوەن عەقل دەزانی چونکە پەرتووکێکی سەد لاپەڕەیت نوسیوە لە کاتێک دا ھەمووی لێرە و لەوێ کۆکراوە، بەڵام نکۆڵی لە بوون ( وجوودی) خۆایەک دەکەی کە ئەم جیھانە پان و بەروون و لە بن نەھاتوویەی ئافراندووە".
زۆری لەگەڵ نەچووم. دەمزانی بێسوودە. کەسێک لە خێزان و کۆمەڵگایەکی وا پەروەردەکرابێ مافی خۆیەتی وا بیر بکاتەوە و من نەک تەنیا بە کافری نازانم بەڵکۆ ئاساییە مرۆڤێک و زۆر مرۆڤی تریش لەم جیھانە وەھا بیر بکەنەوە. بێگۆمان منیش لەو کۆمەڵگایەدا بژیابامە و لەوێ گەورە ببام ھەمان دیتن و فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنەوەم دەبوو. بە کافرکردن و سەربڕین و کۆشتنی و سووتاندنی و ئەنفالکردنی و کێمیابارانکردنی و ھیچ تاوانێکی تری ھاوشێوە لەگەڵیدا ھیچ چارەسەرێک ڕووناداتن و ئەگەر بە زمانیش ببێ بە ئایینێکی تر بەڵام دڵ و ناخی ھەر نەگۆڕ دەمینێ.
ئەوە سەدەی بیست و یەکەمە و دەبێ مرۆڤەکان لە یادیان نەچێ ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان وەک ھزاران ساڵی پێش ئێستا نیە، کە بۆ نموونە ئیمەی ئاریایی دەچووینە سەر برا ئەرمەنییە ئارییەکانی ئەرمەنستان، کە زیاتر لە چەندین ھزار ساڵ وڵاتێکی ئاوەدان و سەربخۆیە، و بە زەبری شمشێر دەمانەویست ئەوان نەچار بکەین ببن بە زەردەشتی و ھزاران کەس و منداڵ و ژن و پیرەمێردمان لێدەکۆشتن، بەڵام ئەوان ئەو کات و ئێستاشی لەگەڵدا بێ و ھزاران ساڵی تریش واز لە ئایینییان نەھێنا و ناھێنن. مافی خۆیانە. چونکە مرۆڤەکان ئازادن چۆن لە خۆای خۆیان دەگەن، بیپەرێستن. سزادان و نەدانیان، لە بەر ئەو بیروباوەرە، ھەر یەزدانی مەزن و دلۆڤان و بە پێی پێوەر و یاسا و وەک خۆی دەزانێ، لە ئەستۆ دەگرێ. من و ھیچ کەسێک بۆمان نیە ( مان) و ھزارانی وەک ئەو بە بەھانەی بڕوانەبوونیان بە خۆایی گەورە سەر ببڕین.
دەبێ لە یادی نەکەین مرۆڤایەتی پێویستیان بە عەبدۆڕەحمان سدیق و عەلی وەردییەکان و ... ھتد، ھەیە تاوەکو جوانتر لە مرۆڤایەتی و ئایین بگەن. ئەوان مرۆڤەکان فێری ئایینێکی ڕاستەقینەی مرۆڤدۆستانەی دوور لە دەمارگیری و وشکباوەری دەکەن. ئەوان پیشانمان دەدەن چۆن مرۆڤ چەمکەکانی ئایینی لێکبداتەوە تا بگۆنجێ لەگەڵ سەردەم و بارودۆخی مرۆڤی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیی ئێستاکەییدا. ڕاستی تاڵە بەڵام ڕاستییە.
ئەوەندەی من گۆێبیستی زۆرێک لە چاوپێکەوتن و نووسینەکانی بەڕێز عەبدۆڕەحمان سدیق بووبم نەمزانیوە و نەمبیستووە نکۆڵی لە بوونی یەزدانی بێگەرد و توانا و پەیامبەرانی و ئایینەکانی ئاسمانیی کردبێ، و نەشمزانیوە پەرستشی ھیچ بت (سەنەم) و لات و مەنات و ھۆبەل و عۆززای کردبێ و نە لە ماڵ و نە لە بتخانەش بتێ ھەڵگرتبێ و پەرەستیبێتن ! ئەو دەیەوێ بە کۆرتی و کوردی پێمان بڵێ کە ئایین بۆ بەختەوەریی مرۆڤایەتی ھاتووە و ھەر شتێکی تر و ھەوڵێکیتر، جگە لەوە، کارەکانی تر ناڕەوا و دژی مرۆڤایەتیین.
بەڵام ھەوڵەکانی کافرکردنی کەسانی وا، دوور لە بنەماکانی ئایینی ڕاستەقینەی ئیسلامی پیرۆز، لەم کات و ساتەدا، ھەمووی ئەو ھەوڵانەن کە بۆ لەباربردنی ئەو بزاڤانە دەدرێتن کە ئامانجی سەرەکیان سەرخستنی ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستانە. چونکە زۆر ئاسانە و کاریگەریشە کەسانێک بیانەوێ بۆ مەبەستەکانیان چەمک و زاراوەی ئایینی لە دژی ھەڵگران و پشتەوانانی ئەو دەوڵەتە بەکار بێنن و خەڵکی ساویلکەش ھەن زۆر ئاسانتر بڕوای پێدەکەن، چونکە کاتێک بە ناوی پیرۆزی یەزدان و ئایین و پەیامبەرانەوە قسە دەکرێت و فەتوا دەدرێتن ئیتر کەس ناتوانێ و بۆی نیە ڤزەی دەر بێ و ھیچ شتێک بڵێتن، ھەر چەندە ئەو قسەیە و فەتوایە دوور بێ لە ئایین و سروشتی پەرتووکە پیرۆزەکان و کەسایەتی مرۆڤدۆستانە و جوامێرانەی پەیامبەران کە جگە لە مرۆڤ و بەختەوەری و ئاسوودەییان چاویان لە ھیچ پاداشتێک و شتێکی تر نەبووە. ھەر چەندە ئەو قسەیە دوور بێ لە ( عەقلی سەلیم ) و لۆژیک ( مەنتیق )، خەڵکی ھەن بڕوای پێدەکەن. لە کاتێک دا کەس بە ئەندازەی یەزدانی مەزن و ئایین و پەیامبەران لەگەڵ مرۆڤەکان دلۆڤانییان نەکردووە، و نموونەی ھەر دیاریشی خۆدی محەمەدی ئەمین (س) بووە، کە شارستانیەت و مرۆڤایەتی ھەتاھەتایە شانازی بە ڕەفتار و کردارە جوان و جوامێرانەکانی دەکاتن کە لەگەڵ تێکڕای مرۆڤەکان کردوویەتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و تایفی و ... ھتد.
ھەوڵی کافرکردنی کەسانی وا تەنھا دەرخستنی ڕۆخسار و دڵ و دەروونی دەمارگیرانەیە، و جۆرێکی ھەوڵدانە بۆ ھێشتنەوەی کوردستانیان لە ژێر چەپۆکی داپلۆسێنەری داگیرکەرانی ئەم نیشتمانە، و مسۆگەرکردنی بندەستی ئەوان، و بە تایبەت ناسیۆنالیزمی خۆپەرێستانەی ھەندێ لە عەرەبە شۆڤینییەکانی ناوچەکە. دوور نیە و زۆر ئاساییە، لە بەردەوامی ئەو ھەوڵانە، کەسانێک پەیدا ببن درێژە بەو کافراندنەی کەسان بدەن، و دووریش نیە ئەوە بگاتە ئاستی " کافرکردنی دەوڵەتی کوردستان" یش. وەک چۆن پێشتریش ھەوڵی ھاوشێوە دراوە و باس دەکرا کە کاتێک " دەوڵەتی کوردستان" دامەزرا کۆتایی جیھانە ( واتە قیامەت ) دیتن، بەڵام ئەوە دوورە لە لۆژیک و ( عەقلی سەلیم )، چونکە یەزدانی مەزن بە پێی پێوەرەکانی خۆی ئەم جیھانە ڕێک دەخاتن نەک پێوەری مرۆڤەکان یان کوردەکان.
لە کاتێک دا تەنھا لە ماوەی ئەم یەک دوو ساڵەی ڕابردوو زیاتر لە ھزار و شەش سەد پێشمەرگەی قارەمان شەھیدی دەستی " پرۆژەی بە کافرکردنی کوردستانیان" بوون، و جگە لە دەھان ھزار بریندار و ھزارانی تر بێ سەراوشوێنن و لەم جیھانە و ھەن ژنانی ئێمە وەک مڕ و بزن،کڕێن و فرۆشتنیان پێوە دەکرێتن. ھزاران شار و گۆند لەو کوردستانە ڕەنگینە بە بێ ھیچ تاوانێک و گۆناھێک و ئەگەرێک لەسەر دەستی داعشیانی کافری ڕاستەقینە و نەیارانی مرۆڤایەتی و یەزدانی پاک و پەیامبەر و ئایینە پیرۆزەکانی، خاپوور و وێران کراون، کەچی تا ئێستا کەم دەبیسترێتن کەسێکی وەھا پێیان بڵێتن " کافر " و بەڵکۆ لای زۆر کەسیان ھێشتا ئەوان بە " مۆجاھیدین" ناودەبردرێن و لەوانەشە و بێگۆمان، ژێر بە ژێر چەپڵەیان بۆ لێدەدرێ و دۆعای خێریان بۆ دەکرێ! لە کاتێکدا ھیچ خەسڵەتی مرۆڤێکی "مۆجاھیدی" ڕاستەقینەیان پێوە دیار نیە، چونکە لە ژیانی سەخت و دژواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و ڕاگەیاندنی ئەمڕۆکە دا گەورەترین جیھاد ( جیھادی نەفسە )، کە زۆرێکمان تیایدا شکستی گەورەمان وەدەستھێناوە، نەک ھیچ جیھادێکی وەکی ھی داعشیان. ئەوان جگە لە خراپەی کوردستانیان بە ھەموو چین و توێژ و ئایینەکانیان قازانجێکیان بە کەس نەگەیاندووە. ئەمە جگە لە شوێنەکانی تری ئەم جیھانە. جا چۆن ئەوان مۆجاھیدن و خەڵکی تر کافر !؟
ئەو ھەوڵانە و کافرکردنی کوردستانیان و مرۆڤایەتی ھەواڵێکی ناخۆش دەگەینێتن:" ئەمڕۆکە و لە چەرخی بیست و یەکەم دا ھەر کەس و نەتەوەیەک لە چۆارچێوەی ھێڵی سنوورەکانی سیستەمی خزمەتکردن بە عەرەب دەربچێ بە کافرکردن دژایەتیی دەکرێ"! جا چ جای ئەوەی ئەو کەسە و لایەنە کورد و کوردستانیان بن !
لە کاتێک دا ئازارە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستانیان و جیھانیان و تاکەکانی زۆر زیاترە لەوەی کە بێن بیر لە کافربوون و نەبوون بکەن، و یان ئەو برینانە بە ھاوکێشەی کافرکردنی مرۆڤ و لایەنەکان چارەسەر و ساڕێژ بکرین. مرۆڤایەتی و شارستانیەت پێویستییان بە نان و ئاو ھەیە و بۆ ئەوان ئاسایشی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی گرینگە نەک کافربوون و کافرنەبوونیان و ھیچ شتێکی تر.ئەوان چیتر خووڵیای بیرکردنەوە لەو بابەتانەیان نیە. با مرۆڤایەتی پێداچوون بەو بیرۆکانە بکەن و چەمکەکانیان بگۆڕن.
ئیتر سەردەمی بەزەیی پێبردن و دلۆڤانی ھاتووە. با کەسانێک نەبن بە ئاستەگ و کۆسپ و بە نادلۆڤانیی خۆیان ڕێگری لە دلۆڤانی کەسانیتر بگرن. خوازیارانی دەوڵەتبوونی کوردستان گشتیان عەبدۆڕەحمان سدیقن و لە پشتەوەی عەبدۆڕەحمان سدیقن. گەر کەسانی وا نەبن زۆر شت تا ھەتایە بە چەواشەیی دەمێنن و بە ھەمان ڕەنگ و دەگ لە مێشک و مێنتالیتەی مرۆڤایەتی دا دەمێنن و دەبن بە ھۆکاری زۆر کارەساتی تر، ھاوشێوەی ھەموو ئەو کارەساتانەی ڕوو دەدەن.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ








Top