ڕووی ڕاستەقینەی پەكەكە
June 1, 2017
وتار و بیروڕا
پەكەكە هێزێكی چەكدارە، بە رەچەڵەك كێشەی لەگەڵ حكومەتی توركیا هەیە، شوێنی چالاكییەكانی ئەو، ناو خاكی توركیایە. بەڵام دەستی وەرداوەتە ناو هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان و بە زۆر دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر هەموواندا بسەپێنێت، دەیەوێت كورد واز لە خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بهێنێت و خەریكی دروستكردنی كانتۆنی خۆسەری بێ، ئەوان ئازادی بە گرنگتر لە سەربەخۆیی دەزانن. بڕوایان وایە كە لە رێگەی دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگەوە دەتوانرێت هەمووان بە مافە بنچینەییەكانی خۆیان بگەن. لە دواقۆناغدا، دوای لابردنی مكیاژ، پەكەكە هاتەوە سەر وێنەی ڕاستەقینەی خۆی، ئەو وێنەیەی پڕە لە ڕەنگی تاكڕەوەی و دژە نەتەوەیی. دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ هەموو ئەو هێز و دەوڵەتانە بەستووە كە دژی سەربەخۆیی و شكۆی كوردستان وەستاون، پەكەكە پرۆژەیەكی ئەنتی كوردستانییە، هەروەك سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا، دەفەرمووێت: "لەگەڵ ئەوەی زۆر تێبینیم لەسەر سیاسەتەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان هەیە بە تایبەت لە دەستوەردانیان لە كاروباری هەرێمی كوردستان و هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان و قۆرغكردنی گۆڕەپانی ڕۆژئاوا، بەڵام بەلای منەوە دۆزی ڕەوای گەلی كورد لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە."
بە وردبوونەوە لە پەكەكە زۆر شتمان بۆ دەردەكەوێت، خاڵی هاوبەشی پەكەكە لەگەڵ كۆی دوژمن و داگیركەرانی كوردستان و ناكۆكی لەگەڵ تەواوی كورد لەسەر سەربەخۆیی كوردستانە، هەر ئەو هەڵوێستەیشە كە پەكەكەی لای تەواوی داگیركەرانی كوردستان خۆشەویست و شیرین كردووە، بۆیە ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە و شەڕی بەوەكالەتیان لە دژی كورد و كوردایەتی پێ سپاردووە، ئەگەر حیزبێكی كوردی بەم شێوەیە بێت، ئاساییە دوژمنانی كوردستان ئەوها شەیدای بن، پەكەكە خزمەتی زۆر و بە خۆڕایی پێشكەش بە داگیركاران دەكات.