لەژێر رۆشنایی چاکسازییەکان پێویستیمان بە گۆڕانکاری ڕیشەیی ھەیە لە تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ پیشەی پەروەردە و خوێندن

لەژێر رۆشنایی چاکسازییەکان پێویستیمان بە گۆڕانکاری ڕیشەیی ھەیە لە تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ پیشەی پەروەردە و خوێندن
سەرکردەی ئەمریکی و چاڵاکوانی سیاسی مارتن لوسرکینج دەلێ " لە سەر شانەکانی پەروەردە، میللەتان ھەڵدەستنەوە سەر پێ"
گومانی تێدا نییە ھەر کۆمەڵگایەکی زیندوو و رۆشنبیر لە ئەنجامی پەروەردەیەکی درووست دێتە بەرھەم، پەروەردەیەک کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی تێدا فەراھەم بێت و کاراکتەرەکانی کەسانی بەتوانا و ڕاستگۆ و خۆنەویست و ویژدان زیندوو و پەروەردەیی بن دووربن لە خۆ دزینەوە خۆ خافلاندن و خەڵک فریودان و نواندن .
لەو بڕوایە دابن ھەر چاکسازییەک لە کۆمەڵگادا پەیوەستە بە چاکسازی کردن لە کۆی سیستەمی پەروەردە و خوێندن وە ھەر پشتگوێ خستێنک و پەڕاوێز خستنێک لە کەرتی پەروەردە و خوێندن لە ھەر کۆمەڵگایەک دەبێتە مایەی ھەڕەشە بۆ گەندەڵیەکی مەترسیدار لە سەر ھەموو بوارەکانی ژیان.
لێرەوە دەپرسین ئایا دیدگایەکی پەروەردەیی نوسراو و رۆشن و شەفافمان ھەیە کە ڕاشکاوانە لەگەڵ ھەموو کاراکتەرە ھاوبەشەکانی پەروەردەیی لە بەرێوەبەر و مامۆستا و قوتابی و کەس وکاری قوتابیان ھەموویان تێدا بەشداربن خۆان بە خاوەن بزانن ؟
وە ئایا تا چەند سیاسەت و فەلسەفەیەکی پەروەردەیی درێژخایەن یان کورت خایەنمان ھەیە کە ھەموو بوارەکانی پەروەردە بگرێتەوە؟
وە ئەگەر ھەیە تا چەند دڵنیایی دراوەتە کۆمەڵگا یان کەس وکاری قوتابیان کە سیاسەتە پەروەردەییەکان ئەگەر ھەبوون ئەوا بە ھاتنی وەزیرێک یان رۆیشتنی وەزیرێکی تر نا گۆڕدرێن واتا جێگیربوون بۆ ماوەیەکی دیاری کراو؟
سیاسەتە پەروەردەییەکان لانی کەم پێویستە پاپەندبن لەسەر تێگەیشتنی گۆڕانکارییەکانی قۆناخەکان و و پێویستیەکان و بەربەستەکان و فەلسەفەی کۆمەڵگا، نەک بە بیرکردنەوەی تاکە کەس چۆنی بۆ بلوێ وا بکات بێ ھەبوونی پلان و ستراتیژیەتی پەروەردەیی ، بەڵکو تەنھا بە میزاج و بیرکردنەوەی نا پەروەردەیی لە کاتێک دەبینێ پاپۆری پەروەردەیی خەریکە نغرۆ دەبێ و ئاڕاستەکەی بەرەوو زۆنگا و زەڵکاوەکانە، کە ئەمەش دەرھاوێشتەی نەبوونی پلان و سیاسەت وستراتیژیەتی پەروەردەیی و بیرکردنەوەی تاکە کەس و کورت بینی مەوداکان و بڕیارە خێرا ناپەروەردەییەکانە ، کەچی پەروەردە موڵکی ھەموو کۆمەڵگایە نەک تاکە کەسەکان ، بەڵکو پەروەردە موڵکی مامۆستایان قوتابیان و کەس وکاری قوتابیان و سەرجەم کۆمەڵگایە بە گشتی، بۆیە کۆی بڕیار و ڕاسپاردەکان پێویستە لە بەرژەوەندی گشتی بن.
بێگومان کارگێری و سەلیقە کارگێرییەکان و دڵسۆزی و سەرکردایەتیە پەروەردەییەکان یەکێکن لە گرنگترینی کۆڵەگەکانی سیستەمی پەروەردەیی سەرکەوتوو بۆیە ئەگەر ڕاستگۆیی و دڵسۆزی کارگێرییە پەروەردەییەکان بە گشتی مسۆگەر بکەین لە ھەموو لایەنێک ئەوکاتە دەتوانین بلێن وا بەرەوو ھەنگاونانی بەرەوپێشچوونی پەروەردە دەبین ، کە ببینین بەرێوەبەری قوتابخانەیەک ئەوپەری دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و دادپەروەریی لە لەکارەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە ھەموو ھەنگاوەکانی بەرەووپێشچوونی پەروەردە دەگرێتە ئەستۆ و کاریان لەسەر دەکات و خۆی بۆ تەرخان کردووە بۆ جوانترکردنی ھەنگاوە پەروەردەییەکان بۆتە جێگای متمانە و دڵنیایی مامۆستا بەرێزەکان و قوتابیە خۆشەویستەکان و کەس وکاری قوتابیان ئەوکات دەلێین وا قوتابخانە ھەنگاوی پەروەردەیی دەھاوێژی بەرەوو کۆمەڵگایەکی درووست.
لە پێناو چاکسازی زیاتری پەروەردە لە رێگای قوتابخانەکان سەرەتا پێویستە بەرێوەبەرەکان کەسانی شیاو و پەروەردەیی و ڕاستگۆ بن قوتابخانە بکەنە ماڵی ھەمووان ، ھەموو ھەنگاوەکانی بەرێوەبەر و دەستەی کارگێری شەفاف و ڕوون و ڕاشکاوبن لە ھەموو ڕوویەکەوە، لە ھەمان کاتدا ئیرادەیەکی سیاسی ھەبێت چاودێری و بەردوادچوون و چاکسازی و ئاڕاستە کردنیان بکات بەرەوو ئامانجی ھاوبەشی پەروەردەیی کە ھەموومان لە پێناویدا تێ دەکۆشین لەسەر زەوی.
لەم پێناوەدا پێویستە ڕای کەسانی خاوەن ئەزموون وەربگیرێ لە پێش ھەموویاندا مامۆستا بەرێزەکان بە گشتی کە سەرقافلەی پرۆسە پەروەردەیەکەن ، وە ڕای شارەزایانی پەروەردەیی لە کۆمەڵگا وەربگیرێ بۆ ئەوەی چاکسازی پەروەردەیی چاکسازییەکی گشتگیر بێت و بەردەوام بێت ، پێویستە رێزی مامۆستایان بگیرێ و ڕەفتاریان وا لەگەڵ بکرێ کە ئەوان پیشەگەرن و خاوەن پیشەیەکی پیرۆزن نەک تەنیا فەرمانبەرێکی پەروەردەیبن، بۆیە پێویستە ڕووبەرێکی پەروەردەیی فراوان بۆ مامۆستا دڵسۆزەکان جێ بھێلین چی بە پەسند دەزانن و پێشنیاریان چیە بۆ گۆڕانکارییە پەروەردەییەکان کە کۆمەڵگا بەرەووپێشەوە دەبات.
بۆ ئەوەی سەربکەوین لە چاکسازی پەروەردە و خوێندن و ھەڵکێشانی ڕەگە زیان بەخشەکان (فریزئاسا) و گژ و گیا بێ سوودەکان لە ڕەگە وە ھەڵکێشرێن تا گڵ و خاکەکە نەمامە پەروەردەییەکانی تێدا بچێنرێ و نەش ونما بکات، پێویستیمان بە گۆڕانکاری ڕیشەیی ھەیە لە تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ پیشەی پەروەردە و خوێندن ، مامۆستا ھەست بە قورسایی و رێزی خۆی بکات لە کۆمەڵگا کە نیوەی زیاتری پەیوەندی بە خودی مامۆستا ھەیە کە منداڵەکانمان دەنێرینە قوتابخانە مامۆستایە پەروەردەی دەکات و فێری دەکات و ئامادەی دەکات وەکو ھاووڵاتیەکی سوود بەخش ، چونکە داھێنان و گۆڕانکاری بەرەوو باشتر ڕوونادات ئەگەر مامۆستاکانمان لە پیشەیی خۆیان ڕازی نەبن و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لە قوتابخانەکان و پەروەردە بەگشتی ھەستی پێ نەکەن و ئاسودە نەبن قوتابخانە جێگای متمانەی ئەوان نەبێت.
ماوەتەوە بلێین کە خەمی پەروەردە زۆر گەورەیە باوەڕ ناکەم تا ئێستاش وەکو پێویست ئێمە سەرکەوتوو بین لە بەرھەم ھێنانی ھاووڵاتی سەرکەوتوو بەھێز و ڕاستگۆ و پارێزراو کە ھەموومان چاوەڕێ دەکەین ، چونکە پەروەردە ئەو بارە ئاسانە نییە کە دڵی خۆمان خۆش بکەین بلێین ھاوسەنگ بوو ، نەخێر پەروەردە ئەو بارە قورس و ھەستیار و پیرۆزەیە پێویستی بە دەستباری و دەست گرتنی ھەموو دڵسۆزانی ووڵاتەکەمە چونکە پەروەردە ئەمانەتێکی پارێزراوی نەوەی ئایندەی کۆمەڵگایە بە گشتی، نەک بە تاک بڕیاری و ھۆ ھەڵقورتاندن و نواندن.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top