پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان

پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان
گۆڤاری خازر (گۆڤارێكی مانگانەی سیاسی رۆشنبیری گشتییە) ژمارە(118) لاپەڕە(11)
كورد لە پاش ڕێكەوتننامەی سایكس بیكۆ و هەڵوەشاندنەوەی پەیمانامەی سیڤەر و زەوتكردنی هەموو مافەكانی لەسەر دەستی دوژمنان و داگیركەران، بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی بڕوای بە پشتگیری كردنی وڵاتانی جیهان و زلهێزەكان لاواز بوو.
ئەمریكا و ‌هاوپەیمانەكانی پاش ڕزگاركردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بڕیاریاندا عێراق لە چوارچێوەی نەخشەی سایكس بیكۆ بمینێتەوە، چونكە پێیان وابوو ئەو نەخشەیە لە بەرژەوەندی ناوچەكە و خۆیاندایە، بۆیە دووبارە مافی كوردیان فەرامۆش كرد و لەژێر فشار و بیانووی جۆراوجۆردا، گرێیان دایەوە بە عێراق، وەكو كورد هەوڵی زۆرماندا و هەرچی لە تواناماندا بوو ئەنجاماندا، هەموو ڕێگەكانمان تاقیكردەوە، بۆ ئەوەی عێراقێكی نوێ دروست بكەین، عێراقێك كە ئەرك و مافی هەموو لایەكی تێدا ڕۆشن و دیاریكراو بێت، تاكو ببێتە عێراقێكی دیموكراسی فیدراڵیی فرە حیزبی. بەڵام بە داخەوە نەكرا، بۆ ڕزگاربوون لەو كێشانەی هەیەتی، كاتی ئەوە هاتووە، بۆ لەمەودوا كورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، مێژوو شاهیدە، ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا، بینیمان و بیستمان عێراق نەیتوانی هیچ یەكێك لە بەڵێنەكانی بباتە سەر و پتر لە نەوەدوشەش ساڵە یاری بە چارەنووسی ئێمە دەكەن، ئەمەیش ناكرێت چیتر قەبووڵ بكرێت، بۆیە دەبێت هەموو لایەك لە پێناو بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانمان، پاڵپشتی لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین.
هەرچەندە دەوڵەت و سەربەخۆیی لە ئاست قوربانیدان، تڕاژیدیا، جینۆساید و چەوسانەوەی بێ هەژماری حەشیمەتی كوردستان نییە و قەرەبووی ئەم ستەمە ناكات كە وڵاتانی داگیركەر دەرهەق بە كورد كردوویانە، بەڵام دەرفەتێكە بۆ ئەوەی هەوڵ و كۆڵنەدانی بەفیڕۆ نەچێت و بە سادەترین و ئاسایترین مافی خۆی بگات.
ئەوەی بووەتە ڕۆژەڤ و باس و خواسی سەرەكی هەموو لایەك، سەرهەڵدان و دروستبوونی دەوڵەتێكی تازەیە، كە لە ڕابردوودا كورد هەزاران هەزاران شەهیدی لە پێناو داوە، تاكە ئاسۆیەك بۆ گەیشتن بەو خەونەیش، جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كە دەتوانێت بڕیارێكی چارەنووسسازی وەها بدات چیتر لەژێر سێبەری عێراقدا نەمێنینەوە و بگەین بەو خەونەی سەدەیەكە خەباتی بۆ دەكەین و ڕووبارێك خوێنمان بۆ ڕشتووە.
Top