هەڵوێستی کامیان راستە؟!

هەڵوێستی کامیان راستە؟!
کامیان راستە..؟! ئەوانەی هەڵگری پەیامی نەتەوەیین و دوا چارەسەری پرسی کورد لە سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردیدا دەبینن؟! یان ئەوانەی هەڵگری ویستی عێراقچێتین و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بە پیلانگێڕی دژ بە عێراقی یەکپارچە و هەوڵەکانی رزگاری نیشتیمانی و سەندنەوەی مافی خاوەدارێتی خۆمان بە ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی دەزانن؟!
ئەوانەی لە سەنگەری بەرگریەوە داهاتوویان وێنا دەکرد و دڕیان بە شەوەزەنگی ژێردەستەیی دەداو ئەمڕۆیان درووست کرد؟! یان ئەوانەی وەک ئەولادی حیکایەت لە پڕ دەرکەوتن و لە شاشەی کەناڵەکان و بە مکیاژەوە خۆیان نمایش دەکەن و بە راست و چەپدا جنێو دەبەشنەوە؟!
خاوەن بڕوانامە و بەغدا ویستەکانی وەک یوسف محەمەد و هاوبیر و هاوبیچەمەکانی کە لە قوتابخانەی ئاژاوەسازی و فیتنەگێڕیدا بڕوانامەی کەرتکردنی ناوماڵی کورد و دووبەرکیان بەدەست هێناوە؟! یان نەخوێندەوار و دەوڵەت ویستەکانی وەک ئەو قارەمان و گیانبازانەی کە لە قوتابخانەی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی بڕوانامەی خۆنەویستیان بەدەست هێناوە؟!
بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، هەموو ئەو شۆڕشگێر و لەخۆ بووردووانەی گیانی خۆیان بەخشی، یان بە ئازایەتی خۆیان پەرجوویان خوڵقاند و بە پەرجووش لە مەرگ رزگاریان بوو، بۆ رەواندنەوەی ستەمی نەتەوەیی سەر کورد و بۆ سەربەخۆیی کوردستان و گەیشتن بوو بە مافی بە دەوڵەت بوون، نەک بۆ چوونەوە بەغدا و مل کەچ کردن بۆ شۆڤێنیزمی عەرەبی و خولانەوەی بە دەوری بازنەی حەز و خولیای شیعەگەراییدا، خۆ ئەوکات ئەگەر بیانزانیبا دوای رزگاری کوردستان و گەیشتن بە مافی سەربەخۆیی دەستە و گرووپی سیاسی وا لە کوردستان دەردەکەون، کە شەڕ بە خواست و ئیرادەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی دەفرۆشن و بەری رەنجی خوێن و خەباتیان وەک ئێستا هەرزان فرۆش دەکەن، یان ئەگەر بیانزانیبا ئەو دەستە و گرووپانە تۆمەت بۆ مێژووی قوربانیدان و گیانبازیان هەڵدەبەستن و بەسەر دەستکەوتەکانیاندا دەڕشێنەوە و سەروەریەکانیان سووک دەکەن، یان ئەگەر بیانزانیبا (یوسف) و هاوبیر و هاوبیچمەکانی پێیان دەڵێن: وڵات بە ئێوەی نەخوێندەوار بەڕێوە ناچێ و ئێمەی خوێندەوار بەڕێوەی دەبەین و بۆ بەڕێوەبردنیش دەستکەوت و سەروەریەکانتان لە کۆشی بەغدای عرووبە دەکەینەوە، بێشک بە خیانەتکاریان ناو دەبردن و زۆرێکیشیان بە یاسای شۆڕشگێڕی سزا دەدان، ئێستاش ئەگەر ئەو شەهیدانە زیندوو ببنەوە، هەژار گوتەنی جارێکیتر تێهەڵدەچنەوە و هەموو ئەوانە وڵاتبەدەر دەکەن و ئاو و هەوای کوردستانیان لێ حەرام دەکەن، چونکە ئەوانە بۆ ئەوە گیانیان نەبەخشی دەستکەوت و بەری رەنجی خوێن و خەباتیان لە کۆشی بەغدا بکرێتەوە و فرمێسکی دایک و خوشکیان تێکەڵ بە خەندەی شیعە بکرێ،
Top