شۆرشی گوڵان و ئامانجه‌ مه‌زنه‌كه‌

شۆرشی گوڵان و ئامانجه‌ مه‌زنه‌كه‌
نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ به‌ پیلانگێریه‌كی هه‌رێمی و نیوده‌وڵه‌تی شۆرشی نه‌ته‌وه‌ی كورد داده‌مركێندرێته‌وه‌ له‌و ساته‌ وه‌خته‌ نه‌یارانی كورد له‌نیو خۆیان ناكۆك بوون و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌هه‌وڵ دا بوون بۆزاڵ بوون به‌سه‌ر یه‌كتر، به‌ڵام له‌سه‌ر دامركاندنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد هاوهه‌ڵوێست بوون، شۆرشی مه‌زنی ئه‌یلول به‌ ڕابه‌رایه‌تی باوكی رووحی نه‌ته‌وه‌یی )بارزانی نه‌مر( هه‌ڵقوڵاوی ناخ و ده‌روونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی بوو له‌ (11ئه‌یلولی1961ز) دژ به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌ڵگیرسا له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كانی كورد هه‌ر له‌م ماویه‌ تواندرا ریَِكخستن و ئۆرگانه‌كانی رێكبخات و چه‌ندین دسكه‌وتی مه‌زن به‌ده‌ست بێنێت وه‌ك رێكه‌وتن نامه‌ی (11ئازاری 1970ز)، به‌ڵام زۆری پێنه‌چوو حكومه‌تی به‌عسی گۆربه‌گۆر كه‌وته‌ پیلانگێری دژ به‌شۆرش و سه‌ركردایه‌تی شۆرش بۆئه‌وه‌ی هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌م بزاڤه‌ شۆرشگێریه‌ له‌ناو ببات، سه‌ره‌نجام نسكۆی ساڵی 1975ز داخێكی گرانه‌ به‌سه‌ر برینی هه‌ر مرۆڤێكی كورد، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ مرۆڤی كورد له‌بارودۆخێكی پڕ ناهه‌مواردا ده‌ژیان، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤی ئازادی خوازی كورد و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی بڕیاری دابوو له‌ پێناو شكۆ و مافه‌ سیاسیه‌كانی تێبكۆشێت هه‌ر زوو به‌ فه‌رمانى بارزانى نه‌مر، له‌ (26ی گوڵان 1976ز) زه‌نگی شۆرشی گوڵان لێدراو به‌هه‌زاران كه‌س به‌جۆش و خرۆشی كوردایه‌تیه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان به‌شۆرشه‌وه‌ كرد.
له‌وكاته‌دا دوژمنه‌ ملهوڕه‌كه‌ی به‌غداد له‌ زاقه‌ زه‌قا ئه‌یناڵاند، چونكه‌ هه‌رگیز پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد جارێكی تر شۆڕش ده‌ست پێبكاته‌وه‌ ،شۆرشی گوڵانی پێشكه‌تووتن خوازی نیشتمانی به‌یه‌كێك له‌ شۆڕشه‌ هه‌ره‌ گرنگ و پڕ دسكه‌وته‌ به‌ به‌هاكانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌ژمێردرێت، چونكه‌ جارێكی تر پێناسه‌یه‌كی مۆدێرن بۆ شۆرش به‌هه‌ڵومه‌رجی ئه‌وكات به‌گوێی مرۆڤی كوردیدا چڕپاند، جگه‌ له‌وه‌ش توانی سود له‌و كه‌م و كورتیان وه‌ربگرێت كه‌ پێش خۆی هه‌بوون تاوه‌كو شۆرش ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ بپێكێت .
به‌پاڵپشتی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و خه‌ڵكی كوردستان سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین ئاسته‌نگ تواندرا رێگه‌ له‌وه‌ بگرێت كه‌ شۆڕش به‌ره‌و لاوازی بچێت، هه‌ر بۆیه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زاده‌ی به‌رهه‌می ئه‌و شۆڕشه‌ن كه‌ ته‌واو كه‌ری شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوله‌.
گرنگی شۆڕشه‌كه‌ بریتی بوو له‌ كۆتایی هێنان به‌و ڕه‌شبینیه‌ی كوردستانیان له‌دوای نسكۆی (1975ز) كه‌ ڕووبه‌رووی مرۆڤی كورد بوه‌وه‌، جارێكی تر گه‌ڕانه‌وه‌ی هیواو ئامانج بوو وه‌ك موژده‌یه‌ك كه‌ هه‌ڵسانه‌وه‌و گه‌یشتن به‌مافه‌ ڕه‌واكان شتێكی گره‌نتی یه‌، بێگومان به‌شێكی زۆریشی هاتۆته‌دی .
ئێمه‌ دوای 41ساڵ یادی شۆڕشێك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ توانی شكۆی مرۆڤی كورد به‌رز ڕابگرێت و چه‌ندین ده‌سكه‌وتی پڕ به‌ها بۆ نه‌ته‌وه‌كمان به‌دی بهێنێت ئێستاش له‌بارودۆخێك دا ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌ ئه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ شه‌ری زلهێزترین ده‌وڵه‌تی تیرۆرستی كه‌ خاوه‌ن ئایدیایه‌كی نائه‌خلاقی ئه‌كه‌ین كه‌ داعشه‌.
ئه‌م به‌رخودان و به‌رگریه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی (سه‌رۆك بارزانی)له‌ ماوه‌ی رابردوو كردیان دژ به‌چه‌ته‌كانی داعش، جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێكه‌ له‌ به‌رگری نامه‌ی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتن خوازی نیشتیمانی ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد كۆیلایه‌تی و ژێر ده‌ستی هیچ هێزو تاقمێكی قبوڵ نیه‌، دواجار رێگه‌ ڕاسته‌كه‌ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بێت به‌كرده‌یی بسه‌لمێنرێت وه‌ك چۆن شۆڕش هیوای گه‌رانده‌وه‌و زه‌برێكی بێ وێنه‌ی له‌ دوژمنه‌ جه‌لاده‌كه‌ی به‌غداد دا، هه‌رواش سه‌ركردایه‌تی ئێستای دامه‌زاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان چاكسازی بكه‌ن و سزایه‌كی قوڕسی ئه‌وانه‌ بده‌ن كه‌ رێز له‌ خوێنی شه‌هیدان و قوربانی و ماندووبونی پێشمه‌رگه‌ ناگرن، چونكه‌ په‌یامی شۆرشی گوڵانی پێشكه‌تن خوازی نیشتیمانی خاوه‌ن بنه‌مای باشه‌ له‌ پێناو خاك و خه‌ڵك له‌هه‌مان كاتدا گه‌یشتنه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ،به‌رزو پیرۆز بێت یادی شۆرشی گوڵانی پێشكه‌وتن خوازی نیشتیمانی .
Top