شۆڕشیی26 گوڵان، هێز و توانایەكی دیكەی دایە میللەتی كورد..

شۆڕشیی26 گوڵان، هێز و توانایەكی دیكەی دایە میللەتی كورد..
لە 26ـی گۆلانی 1976 بە فەرمانی بارزانی نەمر، شۆرشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، یەكەم چەخماخەی ئەو شۆڕشە مەزنەیان هەڵگیرساند وەك درێژە پێدەرێكی شۆڕشی مەزنی ئ‌یلوول، بەمەش بۆ سەرجەم جیهانیان سەلماند، كە گەلی كوردستان گەلێكی زیندووە، ئەگەر رۆژێك لە رۆژان تووشی نسكۆش بێت دەتوانێ بە ئیرادە پۆڵاییەكەی خۆی بەسەریدا زاڵ بێت و پێ بنێتە قۆناغێكی نوێ و گڕوتین و ئومێدێكی تازە بە گەل ببەخشێ، ئەمەش شتێكی نامۆ نییە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پارتە جەماوەرییەی گەلی كوردستان بەخشی، كە كاتێكدا كە نائومێدییەكی زۆر باڵی بەسەر نەتەوەكەماندا كێشابوو. ئەمە سروشتی پارتییە كە هەڵقوڵاوی میللەتێكە كە دەیان ساڵە لە خەباتی بێوچانی خۆی بەردەوامە و قەدەریش وای لێكردووە، هەمیشە پێشەنگی ئەو خەباتە نەپساوە بێت و قورسایی هەموو بارودۆخێكیش بخاتە ئەستۆی خۆی، ئەمەش سەروەرییەكی گەورەیە و هەقە هەموو پارتییەك شانازی پێوە بكات و بیكاتە پێوەر و بنچینەیەكی باش بۆ تێكۆشانی داهاتوومان و پابەندی ئەو بەها بەرزانە بێت، پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان پیادەی كردوون. جیاوازیی شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول لەوەدا دەبیەیتەوە كە: شۆڕشی گوڵان هەمان گەوهەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام لە ڕووخساردا لەو شۆڕشە جیاواز بوو، چونكە بە شێوە و تەكنیك و بزاوتێكی نوێتر هاتە كایەوە، لە شۆڕشی گوڵان، جگە لە پارتی، حزبە كوردستانییەكانی دیكەی لە خۆ كۆكردبووەوە، بۆیە شۆڕشێكی سەركەوتوو بوو، توانی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر بكات، دوژمنانی كورد هیچ بیریان لەوە نەدەكردەوە كە شۆڕشی كوردی سەرهەڵبداتەوە و پێشمەرگە بێتەوە چیاكانی كوردستان، بۆیە شۆڕشی گوڵان ئومێدێكی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان گەڕاندەوە و ترسێكی گەورەیشی لە دڵی دووژمنان دروست كرد.

شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز لە قۆناغێكی زۆر سەختدا هەلگیرساسیەوە كە ئەوكات دووژمنانی میللەتی كورد هێزێكی زۆری لەشكری دامەزراندبوو بۆ ئەوەی بتوانێت رێگر بێت لە پەڕەسەندنی شۆڕشدا. سەركردایەتیی شۆڕش لەسەر خەباتی خۆی مكوڕبوو، توانی بە شێوەی پارتیزانی بە قووڵایی وڵاتدا بسووڕێتەوە، هەروەها شۆڕش توانی لەو كاتە رادیۆی دەنگی كوردستانیش دابمەزرێنێت و سەركردایەتیی شۆڕش توانی، سەركردایەتیی كاتییش لەناو كوردستان دابمەزرێنێت."كاتێك شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر، بە پاڵپشتیی گەلی كورد بەردەوام لە بەهێزبووندا بوو، بە تایبەتی دوای ڕێككەوتنامەی 11ـی ئازاری ساڵی 1970، كە كورد توانی نێوماڵی خۆی تا ڕادەیەكی زۆر ڕێك‌بخاتەوە، دوژمنەكانی گەلی كورد دڵنیا بوون كە ناتوانن كورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنی جەزائیر برد، كە لە نێوان رژێمی شای ئێران و (سەددام حوسێن)ـدا مۆر كرا، كە ئەو كات جێگری سەرۆككۆماری عێراق بوو و سەرۆككۆماری ئەو كاتی جەزائیر ناوبژیوانی ڕێككەوتنەكە بوو، بە هۆی ئەو ڕێككەوتنە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو و گەلی كورد تا ڕادەیەكی زۆر تووشی نائۆمێدی بوو، بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نائۆمێدییە و وەك درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، بە فەرمانی (بارزانی نەمر) و بەسەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) و (كاكە ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو، لەو ساتە هەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو، كە گشت ناحەزانی كوردی سەرسام كرد و ئۆمێدێكی گەورەشی بە گەلەكەمان بەخشی."

شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێكدا هەڵگیرسا كە جۆرێك لە بێ ئومێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، گوڵان نەك هەر بێ ئومێدی ڕەواندەوە، بەڵكو ئومێدیشی خستەوە نێو ڕیزەكانی خەبات و گیانی ئازادیخوازانەی خەڵكی تێكۆشەری كوردستان، هەر بۆیە لە سەرەتاكانی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، تێكۆشەران و ئازادیخوازانی كوردستان بەوپەڕی گەرموگوڕی و گیانی فیداكارییەوە پشكدارییان لەو شۆڕشە ئومێدبەخشەدا كرد و، داستان و ڕووبەڕووبوونەوەكانیش باشترین شاهیدی ئەو قۆناغە گرنگەن لە مێژووی شۆڕشگێڕیی گەلەكەماندا.

شۆڕشی گوڵان لە دەستپێكەوە و، لە قۆناغەكانی دواتریشدا ئامانجگەلێكی نەتەوەیی، سیاسی، كولتوری و جڤاكی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت كە هەم بسازێ لەگەڵ قۆناغە نوێكەی ئەو كات و، هەمیش قۆناغەكە بە ئاییندەیەكی گەشی سیاسی – نەتەوەیی بسپێرێت كە خەڵكی كوردستان لە سایەیدا بە ژیانێكی ئازاد و ئارام و ڕووناك بگەن.

_ شۆڕشی گوڵان وەڵام بوو، وەڵام بۆ دوژمنان و پیلانگێڕان، وەڵامێك تا دوژمنان لەوە حاڵی بن كە هیچ پیلانێك ناتوانێ ئیرادەی لەبن نەهاتووی گەلی كوردستان بۆ خەبات لە پێناو ئازادیدا كپ بكات، هەمدیس وەڵام بوو بۆ دڵسۆزان و خەمخۆرانی كوردایەتی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەر هەموو سەختییەكاندا زاڵ دەبێ و كاروانە پیرۆزەكە تەواو دەكات كە بریتییە لە كاروانی خەبات لە پێناو ئازادی كوردستاندا.

دەستكەوتەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن، لە سەرووی هەموویانەوە ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991، كە ئەمەیش لە ڕێگەی ئەو یەكڕیزی و تەبایی و گیانی تێكۆشانەی خەڵكی كوردستان بوو، كە شۆڕشی گوڵان لە پێناویدا هەڵگیرسا.هەلگیرسانی شۆرشی 26ی گوڵان : بە ڕێبەرایەتیی (بارزانی نەمر)، (سەرۆك مەسعوود بارزانی) و كاك (ئیدریس بارزانی) سەركردایەتیی شۆڕشیان دەكرد، (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵێكی سەرەكی هەبوو، لە سەرپەرشتیكردنی هەموو دەزگاكانی حزبیدا، هەروەها لە قۆناغەكانی شۆڕشدا ڕۆڵێكی گرینگی هەبوو لە پەیوەندییەكان و لە بواری سەرپەرشتیكردنی لەشكر و لە بواری راگەیاندن، هەروەها لە شەڕیش دەورێكی باڵای هەبوو، بەتایبەتی شەڕی خواكوركدا. دروستبوونی حكوومەتی هەرێم و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ ئێمە تێیدا دەژین، بەرهەمی ئەو شۆڕشەیە، كە هیچ وڵاتێكی دونیا ئامادەنەبوو پێشوازی لە ئێمە بكات، ئەمڕۆ ئێمە لە زۆربەی دانیشتنەكاندا بەشدارین، كە لە كاتی شۆڕشی گوڵان گەلی كورد بێجگە لە خوا و ئەو هیوایەی هەیانە هیچی دیكەیان نەبوو، كە ئەو كات هەموو جیهان پشتگیرییان لە حكوومەتی عێراق دەكرد، بۆیە دەستكەوت و سەروەرییەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن .

دوای ڕاپەڕین، شۆڕش كۆتایی پێنەهاتووە، بەڵكو بە سەربەخۆبوونی كوردستان بە كۆتا دێت، لە شۆڕشگێڕی بەرەو قۆناغی دەوڵەتبوون و مەدەنیەت دەچین، ئێستا گەلی كورد لەبەردەم گۆڕانكاریەكی زۆردایە لە هەر چوار پارچەی كوردستان، كورد خەبات دەكات بۆ ئەوەی بە ئاواتەكانی خۆی بگات، كە لە باشووری كوردستان كورد بەرەو سەربەخۆبوون و دەوڵەت بوون دەچێت. ئەمڕۆ گەلی كوردستان پێگەیەكی زۆر گرنگ لە لە ناوچەكە و ئاستی نێودەوڵەتی هەیە عێراقی و حیسابێكی وردی بۆ دەكرێ لە هاوكێشەی عێراقدا، ئەمەش بەرهەمی خەباتی گەلەكەمانە و جێبەجێكردنی ئەو دروشمەیە، كە لە كاتی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا بەرز دەكرایەوە. دەستكەوتەكانی ئێستا و سەركەوتنەكانی ڕابردووی گەلەكەمان، چونكە ئەوەی كە ئێستا هەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و خوێنی شەهیدەكان و بەرهەمی شۆڕشی گوڵان هاتووەتە دی و ئێستاش هەنگاوەكان بەرەو بەدیهێنانی مافی سەربەخۆیی كوردستانە كە ئاواتی لەمێژینەی گشت شۆرش و بەرخۆدانەكان ولە نێویانیشدا شۆرشی 26ی گوڵانی پێشكەوتنخوازە ..
Top