بزووتنەوەی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا
May 24, 2017
وتار و بیروڕا
پیلانە نێودەوڵەتیەکەی ٦ی ئازاری ساڵی ١٩٧٥ی دژ بە بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و شکستی کاتی شۆڕشی ئەیلول، دەرفەتی بۆ دژە شۆڕشەکان و هەندێ سەرکردەی باڵای ناو شۆڕش رەخساند تا بتوانن بەو ناوەوە لە بەرپرسیارێتی را بکەن و جووڵانەوەیەک لە دەرەوەی پارتی و بە ئامانجی پشت کاندن و دوور خستنەوەی پارتی لە گۆڕەپانەکە درووست بکەن، ئەوەبوو بە درووشمی مافی چارەی خۆنووسین خۆیان لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا کۆ کرەوە، بۆ گەیشتن بە مەرامە دەست نیشان کراوەکەش دژایەتی پارتی و پشت شکاندنی پارتیان خستە پێشینەی چالاکیە سیاسی و سەربازیەکانیان، بەڵام ئەو بە ئامانج گرتنەی پارتی وایکرد دوای تیگەیشتن لە راستییەکان و نەگەیشتن بە خەونە حوشتریەکە زۆرترین کەرتبوون لەناو یەکێتیدا رووبدات.
جووڵانەوەکەی دەرەوەی پارتی بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە درووشمی مافی چارەی خۆنووسنی کردە پەردە و بەسەر ئامانجی دژایەتی و پشت شکاندنی پارتی هەڵکێشا، بەوەش کورد گوتەنی ویستیان بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن و هەم دژبەرانی پارتی و هەم خوازیارانی مافی چارەی خۆنووسین لە یەک سەنگەردا کۆ بکەنەوە، لە هەندێ قۆناغی دیارکراویشدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و توانیان ئەوە بکەن کە لە پێناویدا یەکتریان گرتبوو، بەڵام دوای ئەوەی لە ئامانجی پشت شکاندنی پارتی سەرکەوتوو نەبوون، بەرە بەرە و بە تایبەتیش دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال ناکۆکی ناو باڵەکانی یەکێتی لە یەکتری دەرکەوتن، هەرچی باڵی دژە (پارتی)یە لەو دەرفەت و هەلومەرجە گونجاوەدا لە درووشمی مافی چارەنووس پاشگەز بۆتەوە و بۆ درێژەدان بە سیاسەتی پشت شکاندنی پارتی دەست بە کونی پڕ لە مار دادەکا و پەنا بۆ هاوپەمانێتی ترسناک دەبات، هەرچی باڵەکەی تریشە پێداگری لەسەر مافی چارەی خۆنووسین دەکا و بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ پارتی هاوڕایە.
کاتێکیش دەڵێم: نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەی گۆڕانی بە ستایلی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دامەزراند، چۆن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دامەزراندنیدا درووشمی مافی چارەی خۆنووسینی کردە پەردەی شاردنەوەی ئامانجی دژایەتی و پشت شکاندنی پارتی، بەو هۆیەشەوە توانی خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیش لە دامەزراندنیدا درووشمی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی کردە پەردەی ئەو ستایلەی کە یەکێتی لەسەری دامەزرا، بەو هۆیەشەوە زۆر دەستە و گرووپی دژ بە یەکی لەناو خۆیدا کۆ کردنەوە و بە نەمانی نەوشیروان مستەفاش ئەو دەستە و گرووپانە بە رووی یەکدا دەتەقنەوە.
نەوشیروان مستەفاش لە دامەزراندنی بزووتنەوەى گۆڕاندا ویستی ئەوەی بە یەکێتی بوون پێی نەکرا بە گۆڕان بوون بیکات، بۆ ئەو مەبەستەش قاچێکی لەناو یەکێتی هێنایە دەر و ئیسلامیەکانی لە دەوری کۆکردنەوە، قاچەکەی تری لەناو یەکێتی هێشتەوە و دژە پارتیەکانی ناو یەکێتی لە دەوری کۆ کردنەوە، گرفتی گەورەی نەوشیروان مستەفا لەو سیاسەتی دوو قاچیەدا ئەوە بوو کە زۆر جاران قاچەکانی تێک هەڵدەنگوتن, بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییەی کە قاچێکی لەناو یەکێتیدا هێشتەوە، بۆ بەهێز کردنی پێگەی گۆڕان و ئامادەکاری بۆ پشت شکاندنی پارتی ناوە ناوە خۆی لە یەکێتی نزیک دەکردەوە و لە هەر نزیک بوونەوە و ریککەوتنێکیش لەگەڵ یەکێتی، دەست بەرداری درووشمی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی دەبوو کە بە قسەی خۆی بزووتنەوەى گۆڕانی لە پێناودا دامەزراندبوو، ئەو راستییەش کاتێک پەردەی لەسەر لادەدرێ کە لە رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی گوتی: لەگەڵ یەکێتی کۆتایی بە بڕیاری تاکڕەوی سیاسی دێنین، ئەوە لە کاتێکدایە کە خودی خۆی بەشێک بووە لە تاکڕەوی سیاسی و خۆشی لەو گەندەڵیەی یەکێتی دوور خستەوە کە برابەش و شەریکی بووە، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان بە نەمانی رێکخەر و دامەزرێنەرەکەی نەک وەک یەکێتی هەر تووشی قەیران و کیشەی ناوخۆی دەبێتەوە، بەڵکو قاچی کۆنە ئیسلامیەکان و کۆنە مارکسیەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان زۆر خراپ تێک باهەڵدەدرێن و کاراکتەر و هەڵسووڕاوانی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، بزووتنەوەکە دەبەنەوە سەر سرووشتی پێش دامەزراندنی و دەبنە چەند دەستە و گرووپێکی دژ و ناکۆک، هەرچی کۆنە ئیسلامی و کۆنە یەکێتیەکانن سەر بە ماڵە باوانیاندا دەکەنەوە، بەشێکیشیان دەچنە ناو لایەنەکانی تر و دەکرێ بەشێکیشیان وەک بزووتنەوەیەکی لاواز بمێننەوە.