زەنگی ڕیفراندۆم

زەنگی ڕیفراندۆم
ڕۆژی ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ ڕۆژێکی کەم وێنە بوو لە مێژووی بزاڤی کوردایەتیدا، بۆ یەکەمجار، لەسایەی ئازادیی دوای ڕاپەڕین، پیر، لاو، پیاوان و ئافرەتانی کوردستان، ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد و پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەندامانی یەکەم پەرلەمانی کوردستانیان کردە کەرنەڤاڵێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی، ئیدی لەو ڕۆژەوە بەردی بناغەی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دانرا، ڕێزگرتن لە دەنگی ھاوڵاتییان بوو بە نەریتێک، لەو سۆنگەیەوە، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کورستان داوای لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان کرد وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم "گشتپرسی" لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دیاری بکەن بۆ ئەوەی لەلایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە سەرپەرشتی بکرێت و چارەنووسی ئەو ناوچانە یەکلایی بکرێتەوە، ھاوکات وادەیەکیش بۆ وەرگرتنی بۆچوونی خەڵکی کوردستان دیاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان.
ھەر لە پەرلەمان، سەرۆک بارزانی ئەوەیشی بە نوێنەرانی ھەڵبژێردراوی گەل گوت: "کورد پشتیوانی نێودەوڵەتیی ھەیە، ئەوانەی پشتیوانیشمان لێ ناکەن، دژایەتیمان ناکەن." پرۆسەی ڕیفراندۆم، ئەو پێگە و مەنزڵە بایەخدارەی خەڵک دەگەیەنێت بەوەی: جەماوەر ڕووە و دامەزراوەیەکی دیموکراسی ھەنگاو دەنێن، بە جۆرێک میللەت بە ھەموو چین و توێژەکانیەوە ھاوبەشی لە بڕیاردان و ئایندەیان دەکەن، مەبەست لە ڕیفراندۆم، بەشداریی و ھاوبەشیی زۆرینەی جەماوەرە، بۆ ئەوەی لە دیاریکردنی چارەنووسیان دەنگیان ھەبێت.
ڕیفراندۆم، رێگەیەکە لە ڕێگەکانی پیادەکردنی دیموکراتیەتی ڕاستەوخۆ، زەنگی ھۆشیارکردنەوەی کوردە، بەوەی کورد دەیەوێت لە کاروانی ئازادی و سەرفرازی نەتەوە و دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی دونیادا دوا نەکەوێت. بەھۆیەوە گەل بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ڕازیبوون یان ڕەتکردنەوەی، ئەو پرسە دەدات، کە لە ڕێگەی ریفراندۆمەوە، داوای لێ دەکرێت دەنگی لەسەر بدات، دەکرێت لە چەند قۆناغ و بارودۆخێکدا، تەنانەت لەپێش قۆناغی بە دەوڵەتبوونیش ئەنجام بدرێت، لە مێژوودا، ئەم ئەزموونە لە چەندان وڵاتانی دونیادا تاقیکراوەتەوە، بۆیە ھیچ پێویست بەوە ناکات، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ڕیفراندۆم تێکەڵ بە ناکۆکییە سیاسییەکان بکەن و لە گرنگییەکەی کەم بکەنەوە، بەڵکو ئەرکی نیشتیمانی، ئەخلاقی و ئایینیش ئەوەمان لێ دەخوازێت، ھەموومان بەرەو سەرخستنی ھەنگاو بنێین، ڕیفراندۆم داینەمووی چالاکی و جوڵەی پۆزەتیڤانەی ئەوانەیە کە بڕوایان بە ئازادی و مافی مرۆڤ ھەیە.
Top