سەردانەكەی ترەمپ بۆ سعودیە چۆن سەركەوتوو دەبێت؟

سەردانەكەی ترەمپ بۆ سعودیە چۆن سەركەوتوو دەبێت؟
سعودییەكان زۆر پەرۆشن لەبارەی سەردانەكەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ وڵاتەكەیان، بە چەشنێك وێبسایتێكیان بە چوار زمان دروستكردووەو زانیاری لەخۆگرتووە لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییە جۆراجۆرەكان و ئەو چاوپێكەوتنانەی كە ترەمپ لە شانشینی سعودیە لەگەڵ ژمارەیەكی بەرفراوانی سەركردەی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكاندا ئەنجامیان دەدات.
لە ماوەی چەند ساڵی كەمی رابردوودا، سكاڵاكردن بووە نەریتێكی باو لە نێو سەركردە سەربازی و سیاسییەكانی وڵاتانی كەنداودا، هەر لە مەسقەتەوە بۆ ریاز، كە دادو سكاڵایان دەكرد لەدەست سیاسەتی ئەمریكا لە سایەی ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆبامادا. لە دید و تێڕوانینی زۆرێك لەم سەركردانەدا، ئەم حاڵەتە بووەهۆی هەڵكشانی خێرای دەستڕۆیشتوویی ئێران، كە دوژمنی سەرسەختی ئەوانە، ئەمەش سەریكێشا بۆ دروستبوونی پشێوی و ئاژاوە لەسەر ئاستی ناوچەكە. لە دوای هەڵبژاردنی ترەمپەوە، ئاڵوگۆڕ لە دیدو بۆچوونەكاندا لە ناوچەكەدا دیار و بەرچاوە.
سەركردەكانی كەنداو بێمتمانەییەكی قووڵیان هەبوو لەبەرامبەر سەرۆك ئۆبامادا ( رەنگە ئەو هەستە دوولایەنە بووبێت)، ئەوان خۆشحاڵ بوون بەو بیرۆكەیەی كە هەر سەرۆكێك لە دوای ئۆباما دەسەڵات بگرێتەدەست، ئەوا گۆڕانكارییەك دەهێنێتەئاراوە كە جێی پێشوازی لێكردن بێت. بەڵام ئەوە سەركەوتنی ترەمپ بوو لە هەڵبژاردنەكاندا، نەك هیلاری كلینتۆن، مایەی باشتربوونی زیاتری دۆخەكە بوو –بەلای ئەو سەركردانەوە-، لەبەر ئەوەی دەرفەتەكانی دەستپێكێكێ نوێ، یاخود ئەوەی بەرپرسێكی بەحرەینی گوزارشتی لێكرد گەڕانەوە بۆ بنەڕەتەكان، زۆر باشترن لە سایەی ئیدارەی كۆمارییەكاندا.
درێژەكێشانی خۆشحاڵی كەنداویش بەندە بەوەی كە ترەمپ چی بەدەست دەهێنێت لە ماوەی گەشتەكەیدا. بەرپرسانی كەنداو پێشوازی لە گوتاری توندی ترەمپ و تیمەكەی دەكەن لە بارەی ئێرانەوە، بەڵام لێدوانەكان بەس نین بۆ دڵنیاكردنەوەیان لەبارەی پرسگەلێكی گرنگەوە كە پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەییەوە. سەركەوتن و شكستی سەردانەكە و درێژەكێشانی ئەم مانگە هەنگوینییە بەندە بەوەی ترەمپ پێشكەشی دەكات لە پەیوەندی بە پلانێكی تۆكمەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران بە هاوكاری لەگەڵ شەریكە ئیقلیمییەكانی. دەكرێت كەسێك ئەوە بڵێت كە تەنیا خودی سەردانەكە بۆ خۆی سەركەوتنە، بەڵام سەركردەكانی كەنداو وێنەگرتن و تەوقەكردنیان ناوێت، ئەوان كاری جددییان دەوێت و پەرۆشن بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەجێندایەكی هاوبەش بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی هاوبەش و سوودەوەرگرتن لە دەرفەتە ستراتیژیییەتەكان.
بە گوێرەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ترەمپ ئامادەیە دوو پێشنیار پێشكەش بكات: گەورەترین رێككەوتنی كڕینی چەك لە مێژوودا و پێشنیاری دروستكردنی ناتۆی عەرەب. هەرچۆنێك بێت، بە تێڕوانینی من، هیچیان هاوكار نابن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە ئایندەی نزیكدا، یاخود یارمەتیدەر نابن بۆ ئەوەی شەراكەتی ئەمریكی-كەنداو لەسەر بنەمایەكی پتەو دابڕێژدرێت. ڕێككەوتنەكانی فرۆشتنی چەك بەردەوام دەبنەهۆی ئەوەی دەستڕۆیشتوویی وڵاتانی عەرەبیی كەنداو لە واشنتۆن بوونی هەبێت و دەبنەهۆی پتەوتركردنی بەرپەرچدانەوەی هێرشێكی تەقلیدی لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام فڕۆكەی خێراتر لە دەنگ، مووشەكی بەرگری و كەرەستە قورسەكانی دیكەی بەرگری بێ سوود دەبن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو شەڕە نایەكسانەی كە ئێران بەرپای كردووە، كە بۆتەهۆی شڵەژاندنی چەندین حكومەتی پرۆئەمریكی و ئاژاوە و پاشاگەردانی لە ناوچەكەدا دروستكردووە.
من ماوەیەكی زۆرە پشتیوانیم لە دروستكردنی ناتۆی عەرەب كردووە، بەڵام دروستكردنی هێزێكی سەربازی-سیاسی یەكگرتوو چەندین ساڵی دەوێت. لە هەمان كاتدا، ئێران خاكی زیاتر دەخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە و دەستڕۆیشتوویی خۆی بەرفراوان دەكات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ دڵنیایی، ناتۆی عەرەبی كەڵكێكی ستراتیژی مەزنی هەیە، كاراترین و درێژخایەنترین كاردانەوە دەبێت لە بەرامبەر تەحەددییە ئیقلییمەكەی ئێراندا، بەڵام چارەسەرێكی دەستبەجێ نییە بۆ هەڕەشەی ئاڵۆز و بەپەلە و هەڵكشاوی ئێران.
تەنیا پابەندبوون بە پەیوەندییەكی پتەوی ئەمنی لە نێوان ئەمریكا و عەرەب و بنیادنانی میكانیزمێكی راوێژكاری لەسەر ئاستی تاكتیكی و ستراتیژی و لەسەر ئاستی ئۆپەراسیۆنەكان جیاوازی دروست دەكات. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەوە ئۆباما بوو دەستی بەم پرۆسەیە كرد بە ئەنجامدانی دوو لوتكە لە نێوان ئەمریكا و ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لە كامپ دەیڤید و لە ریاز لە ساڵانی پێشوودا. بەڵام هیچ یەكێك لەم كۆبوونەوانە میكانیزمێكی جددییان لێنەكەوتەوە تاوەكو جێبەجێ بكرێن، بە زۆری لەبەر ئەوەی هیچ لایەنێكیان متمانەی بەوی دیكە نەبوو.
بە چاودێریكردنی ئەو بەرەوپێشچوونەی لە دەرئەنجامە سەرەكییەكاندا بەدیهاتن لە هەردوو لوتكەكەی نێوان ئەمریكا و ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، ئەوا تەنانەت بۆ بەرپرسانی ئۆباماش ئاشكرا بوو كە بوارێكی زۆر هەبوو بۆ بەرەوپێشچوون. پێویستە ترەمپ ئەوە تەواو بكات كە ئۆباما دەستی پێكرد و رێنمایی بە تیمەكەی بدات بۆ ئەوەی كار لەگەڵ شەریكەكانی ئەمریكا بكەن لە كەنداودا بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندەكانی كامپ دەیڤید و ریاز.
هەنگاوێكی لەم چەشنە لەلایەن ترەمپەوە كردنەوەی چاپتەرێكی نوێ دەبێت لە پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەكانی ئەمریكا و كەنداو، كە ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی هەندێ لە شەریكەكانمان پاڵنەری بەهێزیان بۆ دروست بێت بۆ ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە داوامان لێكردوون ئەنجامیان بدەن، بەڵام بەرهەڵستیان كردووە، لە نێویاندا چاكسازی ناوخۆیی زیاتر، هاوكاری باشتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، هاوكاریكردن بۆ جێگیركردنی پەنابەرە سوورییەكان و رۆڵێكی چالاكتر لە ناكۆكیی ئیسرائیل-فەلەستنیدا. بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئەمنییەكان – كە میسداقیەتی هەبێت- دەبێتەهۆی ئەوەی ئەمریكا لە دەرەوەی ناكۆكی تایفەگەرییەكە و ململانێی دەسەڵاتی لەسەر ئاستی ناوچەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ شەریكەكانی بۆ ئەوەی چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەكانیان بكەن و ببنە گەمەكارێكی ئیقلیمی باوەڕپێكراو و بەرپرسیار. ئەم پرۆسەیە دەبێتەهۆی باشتركردنی میسداقییەت و نێوبانگی ئەمریكا لە جیهاندا وەك هاوپەیمانێكی جددی كە هەستیارە بەرامبەر نیگەرانییە ئەمنییەكانی شەریكەكانی.

* ئەم وتارە لە رۆژنامەی فۆرێن ئەفێرز و لە رۆژی 18ی ئایاری 2017 بڵاوكراوەتەوە.



Top