یەكپارچەیی خاكی عێراق ئامانجی كوردە یان عەرەب؟
May 22, 2017
وتار و بیروڕا
هەموو ئەو كارەساتانەی بەدرێژایی مێژووی ئەو دەوڵەتە بەسەر كورد و خەڵكی دیكەدا هاتن، بۆ هەڵەی ئەندازەیی دامەزراندنی عێراق دەگەڕێتەوە، ئیدی لەو رۆژەوە عەرەب خۆی كرد بە خاوەن ماڵ و كوردیش میوان لەسەر خاكی خۆی، بەمەش یەكپارچەیی خاكی عێراق، بۆ عەرەب بووە نیعمەت و بۆ كوردیش دەرد و بەڵا، بەم شێوەیە، بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق، عەرەب بەرژەوەندیی خۆی لە یەكپارچەیی خاكی عێراقدا دیوەتەوە، با بۆ كورد و خەڵكی دیكەش مایەی كارەسات بووبێت، بۆیە هەموو هەوڵێكی عەرەب، بۆ پارێزگاریكردن لە یەكپارچەیی خاكی عێراق بووە، كوردیش لە هەوڵی خۆڕاپسكاندن بووە.
ئەم دوو دیدە، دوو كارنامەی جیاوازی، بەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و كاری ناسیونالیستەكانی عەرەب سەپاندووە، یەكەمیان رزگاركردنی خاكی كوردستانی كردە ئەركی سەرەكیی خۆی، دووەمیش بەو پێیەی تائێستاش دەوڵەتیان بەدەستەوە بووە، هێشتنەوەی خاكی كوردستانیان بە داگیركراوی كردە ئەركی سەرەكیی خۆیان، قەومەچی و بزاڤە سیاسییە ئیسلامییەكانی عەرەب، كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر چەندان نەوەی عێراقدا هەبووە و هەیە، بەجۆرێك وای لێهاتووە، لە سەردەمی عێراقی بەناو نوێ (دوای 2003 )، كۆمەڵگای عەرەب، بانگەشەكارانی دژایەتیكردنی كورد لە باوەش دەگرێت، بۆیە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هەر حزب و گرووپێَك دژایەتی كورد بكات دەنگ دێنێ.
لە ناو عەرەبدا، وێڕای ناكۆكیی گەورەی سوننە و شیعە، لێ دروشمی یەكپارچەیی عێراق، بابەتێكە هیچ هێز و گرووپ و لایەنێكی سیاسی قەومی و ئیسلامیی عەرەب سازشی لەسەر ناكات، دژایەتیكردنی كورد لە ژێر دروشمی یەكپارچەیی عێراق، گرنگترین خاڵی كۆكەرەوەی عەرەبە، لەو سۆنگەیەشەوە عەرەب بە دوو ئاراستە كاردەكات، یەكیان پیشاندانی مەترسیی دابەشبوونی عێراقە، بەهۆیەوە دەوڵەتە ئیقلیمییەكانیش زیاتر هاتوونەتەوە سەرخەت، بەو پێیەی ئەوانیش یەكپارچەیی خاكی عێراق بە هێڵی سوور دەزانن، ئاراستەی دووەمی عەرەب دواندنێكی وەستایانەی كورد و كۆمەڵگەی عەرەبییە، بەلاغەتێكی زۆر بەرامبەر كورد بەكاردێنن، تا ئێستا بە زمانێكی لاستیكی لەگەڵ كورد دەدوێن، هەمیشە بێ هیچ سڵەمینەوەیەك، لەكاتێكدا بەغدا گەورەترین تاوانی دەرهەق بە خەڵكی كوردستان كردووە و قوتی بڕیوە، دەڵێن (لەگەڵ مافی كورد داین) ، هیچ و كەس و لایەنێك ئامادە نییە بڵێ كورد هەقی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێت، چونكە ئامادەنین پشت لەو بەڵێنە بكەن كە بە كۆمەڵگەی عەرەبییان داوە، ئەویش بریتییە لە پابەندبوون بە یەكپارچەیی خاكی عێراق.
لەبەرامبەردا، بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان، نەیتوانیوە پابەندی داوای دێرینی خەڵكی كوردستان بێت كە بریتییە لە رزگاركردنی خاكی داگیركراو، نەك هەر ئەوە، بەڵكو حزب هەیە بە جۆرێك كار دەكات، وزە و توانای دەچێتە خزمەت دروشمی یەكپارچەیی خاكی عێراق، لەورێیەشدا كار لەسەر كاڵكردنەوەی دروشمی رەوای رزگاركردنی خاك دەكات، ئەو تێڕوانینە حزبییە، ئەو داوایەی دەیان ساڵە خوێنی لە پێناو دەڕژێ بچووك كردۆتەوە، لە وەرگرتنی خاكەوە بۆ داوای رۆژانە كە پێویستی بۆ خوێن نییە.
كەواتە عەرەب، نەك پاشەكشەیان لە دروشمی خۆیان نەكردووە، بەڵكو پابەندبوون بە یەكپارچەیی خاكی عێراقیان بە شكۆ و كەرامەتەوە گرێداوە، كەچی لای خۆمان لەرێی حزبایەتییەوە، كار لەسەر پاشەكشەپێكردنی داوای كورد دەكرێ، چونكە ئەو رەوتە حزبییە، لە پێناوی دەسكەوتی حزبی، بە سوك سەیری داوای رەوای كورد دەكات، ئاخر جیاوازی ئێمە و عەرەب لێرەدایە، بۆیە عەرەب ناكۆكی حزبیی كوردستانیشیان خستۆتە خزمەت دروشمی خۆیان.