عەلی باپیر خۆی نمایش کردەوە
May 20, 2017
وتار و بیروڕا
عەلی باپیر دەڵێ: ساڵی ١٩٨٧ لە بەرگەڵو چوومە لای کاک نەوشیروان مستەفا و لێی پرسیم: مامۆستا ئیسلام چی پێیە بۆ مافی گەلان؟ دوای ئەوەی بۆم روون کردەوە کە ئیسلام بروای تەواوی بە مافی گەلان هەیە، کاک نەوشیروان گوتی: مامۆستا ئەگەر ئیسلام ئاوا بێ من بە دەوڵەتێکی کوردی ئیسلامی رازیم.
دیارە ئەوکات عەلی باپیر لە قۆناغی گەنجی و لە سەرەتای گڕوگاڵی چونە ناو دونیای جەنجاڵی سیاسیدا بووە، نەوشیروان مستەفاش لە قۆناغی کامڵ بوونی سیاسی و رۆشنبیریدا بووە، بەڵام عەلی باپیر وەک خۆی دەڵێ سادەترین بنەمای ئیسلامی بۆ نەوشیروان مستەفا روون کردۆتەوە کە بڕوا بوونی ئیسلامە بە مافی گەلان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ کە نەوشیروان مستەفا لە ئیسلام زۆر بێئاگا بووە و عەلی باپیر هێناویتە سەر ئەو رایەی کە بڕوای بە دەوڵەتێکی کوردی ئیسلامی هەبێ، ئەوە لە کاتیکدایە کە نەوشیروان مستەفا لەو کاتەدا سکرتیری کۆمەڵە بووە و کۆمەڵەش هەڵگری ئایدیای مارکسی بووە و مارکیسییەتیش دژبەری سەرسەختی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی بووە، جگە لەوەش کەس نکولی لەوە ناکات کە نەوشیروان مستەفا پیاوێکی رۆشنبیر و بە ئاگا بووە، بەڵام عەلی باپیر وای دەردەخات کە کاک نەوشیروان تا ئەو ئاستە لە ئیسلام بێئاگا بووە کە نەیزانیوە ئیسلام بڕوای بە مافی گەلان هەیە یان نا، وەک لە قسەکانیدا دەردەکوێ عەلی باپیر وەک مامۆستایەک بڕوا بوونی ئیسلامی بە مافی گەلان بۆ نەوشیروان مستەفا روون کردۆتەوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە عەلی باپیر وەک خۆی دەڵێ نەوشیروان مستەفای هێناوەتە سەر ئەو رایەی کە بڕوای بە دەوڵەتی کوردی ئیسلامی هەبێ، ئەی بۆچی نەگۆڕا و وەک مارکسییەک و سکرتێری کۆمەڵە مایەوە؟
عەلی باپیر لەو مەراسیمەدا بە شێوەیەک هۆگری موزایەدە و سیاسەتی خۆ دەرخستن ببوو، بیری چووبوو کە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییە و وەک خۆی دەڵێ لەژێر رۆشنایی بنەما ئیسلامیەکان هەنگاو دەنێ، لەو مەراسیمەدا دەیگوت: هەڵوێست و بیر و بۆچوونە سیاسییەکانی کاک نەوشیروان مستەفا بە زیندووی لە دڵماندا دەمێنێتەوە و داوای دەکرد پابەند بن پێیانەوە، ئەوەش پێچەوانەی ئایینی ئیسلامە و ئیسلامییەکان ئەگەر درۆ لەگەڵ ئیسلام نەکەن، تەنها دەبێ بە قورئانی پیرۆز وەک کلامی خوای گەورە و فەرمودەکانی پێغەمبەرەوە پابەند بن.