بە رێگەی ریفراندۆم بێت یان راستەو خۆ ئێستا كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانە..
May 20, 2017
وتار و بیروڕا
گشت قۆناغەكانی شۆرش و خەباتی كورد پێمان دەڵێت كە بە بێ دەوڵەتبوون، هەموو كات لە ژێر مەترسی و هەرٍەشە و گوشاری داگیركەران دەبین . ئەوەی لە ئێستادا گرنگە پشتیوانی سەرۆك بارزانی بین بۆ ئەوەی لە دەرفەتە مێژووییە دا بتوانین ئاواتی دەیان ساڵەمان بەدی بهێنین . سەرۆك مسعود بارزانی رێبەرێكی وردبین و دووربینە، ئەگەر تەواو تەواو لە مەسەلەیەك دڵنیا نەبێت، هەنگاوی بۆ هەڵناگرێت. من لێرەدا باس لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 دەكەم، هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بە دروشمی مافی چارەنووس چوونە ناو هەڵبژاردنەكان، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بە دروشمی ئۆتۆنومی بۆ كوردستان بەشداری كرد، ئەوكات سەرۆك مسعود بارزانی پشتگیری نێودەوڵەتی لە ئۆتۆنومی زیاتر بۆ كوردستان شك نەدەبرد، بۆیە راستگۆیانە بە میللەتی خۆی راگەیاندو هەر بەو دروشمەش چووە هەڵبژاردنەكان و هەڵبژاردنەكانیشی بردەوە، بۆیە ئێستا كە خۆی رێبەرایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی دەكات، بەڕێزی تەواو تەواو لە پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دڵنیایەو هەر بۆیە دەیەوێت ئەم پرۆسەیە بە ئاشتی و بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بگەیەنێتە ئەنجامئەگەر دەوڵەتمان راگەیاند، ئەو كاتە پرسەكە دەبێتەوە پرسێكی ناوخۆیی و بە ئاسانی چارەسەر دەكرێت. مێژووی نەتەوەكانی جیهان پێمان دەڵێت زۆر كێشە هەن لەناو دەوڵەتدا چارەسەر دەكرێت، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لەناو دەوڵەت دروست دەكرێت، هەر بۆ نموونە ئینگلتەرا كە 400 ساڵ لە بندەستی رۆما بوو، نەیدەتوانی یەكگرتوو بێت، ئەڵمانیا هەتا ساڵی 1871 گەلێكی پەرتەوازە بوو لەسەر دەستی بسمارك یەكڕیزی و یەكدەنگی دوای دامەزراندنی دەوڵەت دروست كرا..سەرۆك بارزانی بەتەنیا نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ناكات، بەڵكو نوێنەرایەتی هەموو كورد دەكات، كەسایەیتی سەرۆك مسعود بارزانی نەك هەر تەنیا پارتی گەورە كردووە، بەڵكو پرسی كوردستانی بەگشتی گەورە كردووە، بەرنامەی پارتی بەرنامەی حزبێكە، بەڵام بەرنامەی مسعود بارزانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان و هەموو كوردە، لەمەش زیاتر خەمی مسعود بارزانی تەنیا خەمی پارتی و بەشێكی كوردستان نییە، بەڵكو خەمی هەرچوارپارچەی كوردستانە لە رۆژهەڵات و رۆژئاواو باكوور و باشووری كوردستان، بۆیە ئامانجی سەرەكیی بارزانی ئەوەیە كە چیتر میللەتی كورد بە هۆی بێ دەوڵەتی نەچەوسێتەوە .
ئەو داری ئازادی یەی كوردستان، كە بە خوێنی سەدان هەزار ئەنفالكراوو، كیمیاباران كراوو بێ سەروشوێن كراوان و پێشمەرگە قارەمانەكان ئاو دراوە دەبێت بێتە بەرو نابێت هەرگیز زڕبێت.ئەم ئازادی و سەربەخۆیی یەش خواست و ویستی كوردستانیانەو، ئەگەر هێزە ڕەسەنەكانی گەلی كوردستان سووربن لەسەر بەدیهێنانی و یەكڕیزی گەلی كوردستان بكەن بەئامانجی سەرەكی خۆیان، ئەوا بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەیڵێم، كە پشتگیری و پشتیوانی یەكی بەرفراوانمان دەبێت بۆ سەربەخۆیی چ لە ناوەوەی كوردستان و چ لەسەر ئاستی دەرەوە.
ئەزموونی پێكەوە ژیانی هەرێمی كوردستان ئەوەی سەلماندووە، كە یەكەم گەلی كوردستان خاكی كەسی داگیر نەكردووەو چاویشی لە داگیركردنی خاكی كەسیش نی یە. هەروەها پێكەوە ژیان ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دا بێ وێنەیە لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناویندا، ئەمەش خۆی لە خۆی دا جێگەی پشتگیری یە لەلایەن هەموو مرۆڤ دۆستێكەوە لە جیهاندا.هەروەها بە شایەتی ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكان و بەرپرسانی دەوڵەتانی جیهان بە زلهێزەكانیشەوە، هەموویان بە ئاشكرا بانگەوازی ئەوە دەكەن، كە پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی دژ بەتیرۆرو توندڕەوی دەكات، هەروەها هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پارێزەری خاك و هەموو گەلی كوردستان دەست نیشان دەكرێت.ئەوەی ئەمڕۆ داواكاری یە لە حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، بۆ مەبەستی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، بەرژەوەندی تەسكی خۆیان و حزبەكانیان وەلاوە نێن و بەرژەوەندی گەل و نیشتمان بكەنە ئەجیندای رۆژانەیان بە گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.