نێچرڤان بارزانى دڵسۆزى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌

نێچرڤان بارزانى دڵسۆزى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌
نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و ڕاوێژکارى یه‌که‌مى ( تورکۆت ئۆزال ) سه‌ررۆکى ئه‌وکاتى تورکیا ( چه‌نگیز چاندار ) له‌ کتێبى ( شه‌مه‌ندۆفێرى میسۆپۆتامیا ) دا ده‌ڵێ‌ ( له‌هه‌رێمى کوردستان هه‌رکه‌ باسى ئاوه‌دانى ده‌کرێ‌ ده‌بێ‌ له‌پاڵیدا باسى نێچیرڤان بارزانى بکرێت ، ئه‌و پیاوێکه‌ زۆر حه‌زى له‌ ئاوه‌دانییه‌ ، پیاوێکه‌ ده‌یه‌وێ‌ هه‌موو شته‌کان قوالیتیه‌کى به‌رزیان هه‌بێ‌ ) . هه‌ڵه‌بجه‌ هێماى مه‌زڵومیه‌ت و به‌رخودانى گه‌لى کورده‌ دژى دڕنده‌ترین دکتاتۆرى سه‌ده‌ى ڕابردوو ، به‌هۆى ئه‌و وێرانکاریه‌ى که‌ ڕژێم له‌م شاره‌دا کردى تائێستاش هه‌ندێ‌ له‌ ئاسه‌واره‌کانى هه‌رماون ، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌مه‌کانى سه‌رۆک وه‌زیرانى ڕێزدار ( نێچیرڤان بارزانى ) به‌شێکى زۆرى له‌ برینه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ى ساڕێژکردووه‌ ، له‌هه‌نگاوێکى بوێرانه‌دا توانرا به‌هه‌وڵى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابیان خه‌ونى به‌ ( پارێزگا ) کردنى هه‌ڵه‌بجه‌ بکرێته‌ واقع و به‌ قه‌ڵه‌مى به‌ بڕشتى به‌ڕێزیان واژۆى به‌پارێزگاکردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رچوو ، پاشان ( ده‌وڵه‌تمه‌دار ) هه‌ستى به‌و به‌رپرسیارێتیه‌ مێژووییه‌ کردوو له‌ ( 3 / 3 / 2013 ) سه‌ردانى شارى کرد و به‌ئاماده‌بوونى هه‌موو چین و توێژه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ردى بناغه‌ى ( 88 ) پرۆژه‌ى جۆراوجۆرى له‌م شاره‌ دانا ، هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆى هاتنى داعش و دروستبوونى قه‌یرانى دارایى به‌شێک له‌و پرۆژانه‌ هێشتا ته‌واو نه‌بوون ، به‌ڵام دڵنیام به‌ڕێزیان گرنگى به‌به‌ڵێنه‌کانى خۆى ده‌دات و هه‌رگیز پشتگوێیان ناخات ، ئێمه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌یى هیوایه‌کى زۆرمان له‌سه‌ر به‌لێنه‌کانى جه‌نابیان هه‌ڵچنیوه‌ ، چونکه‌ به‌ڕێزیان به‌ کرده‌وه‌ سه‌لماندویه‌تى که‌ دڵسۆزى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کانه‌ ، بۆ دڵسۆزى و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵ‌ که‌سوکارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و گرنگیدان به‌ خواست و داواکاریه‌کانیان ، به‌فرمانى به‌ڕێزیان چه‌ندین جار به‌رکه‌وتوانى کیمیایی ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى وڵات کراون ، هه‌روه‌ها له‌که‌یسى ( مه‌ریه‌م ) که‌ به‌هۆى ململانێ‌ى هه‌ندێ‌ لایه‌ن و هه‌ڵه‌ى ته‌کنیکى تاقیگاوه‌ چاره‌نوسێکى نادیارى هه‌بوو ، به‌ڵام به‌ڕێزیان بووه‌ باوک بۆ مه‌ریه‌م و ژیانێکى شیاوى سه‌ربه‌رزانه‌ى بۆ دابین کرد .
ئێستاش ده‌وڵه‌تمه‌دار دیسان جه‌ختى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رده‌م ده‌بێ‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاوه‌دان و شارى زانست و مه‌عریفه‌ت بێ‌ ، خه‌رجکردنى ( 11 ملیار ) و ( 300 ملیۆن دینار ) بۆ تاقانه‌ زانکۆى هه‌ڵه‌بجه‌ پێمان ده‌ڵێ‌ که‌ ئه‌م زاته‌ چه‌ن په‌رۆشى هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانه‌ ، به‌ڕاستى ئه‌م زانکۆیه‌ به‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌توانێ‌ بوژانه‌وه‌یه‌کى به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و ببێته‌ فاکته‌رێکى گرنگ له‌به‌ره‌وپێشچوونى ڕه‌وتى زانست له‌ پارێزگا تازه‌که‌دا ، به‌ڕاستى هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر پێویستى به‌خه‌مخۆرێکى جددى وه‌ک ده‌وڵتمه‌داره‌ ، ده‌وڵه‌تمه‌دارێک که‌ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کان بقۆزێته‌وه‌ بۆ ئاوه‌دانى و پێشخستنى ووڵات ، ده‌وڵه‌تمه‌دارێک که‌ له‌هه‌مووشت زیاتر په‌رۆشى ئاوه‌دانى و دابینکردنى خۆشگوزه‌رانى هاوڵاتیانه‌ ، بۆیه‌ ده‌بینین له‌کاتێکدا که‌ قه‌یرانى دارایی و شه‌ڕى تیرۆرستان به‌رۆکى به‌رنه‌داوین ، به‌ڕێزیان هێشتا هه‌رله‌خه‌مى ئاوه‌دانیدایه‌ ، ده‌با هه‌مووان پشتگیرى ده‌وڵه‌تمه‌داربین له‌ پێشخستن و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى کوردستاندا ، دڵنیام مێژوو له‌جوانترین باشترین لاپه‌ڕه‌کانى خۆیدا ده‌سکه‌وت و سه‌روه‌ریه‌کانى ئه‌م پیاوه‌ تێکۆشه‌ره‌ ده‌نوسێته‌وه‌ .
Top