خۆراگریی و قوربانیبەخشینمان یەكسانە بە سەربەخۆیی كوردستان..

خۆراگریی و قوربانیبەخشینمان یەكسانە بە سەربەخۆیی كوردستان..
دوای دەیان ساڵ قوربانیدان و ئەنفال و كیمیاباران، مافی خۆمانە، کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان هەبێت بۆچی عەرەب و فارس و تورك خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن، بۆچی ئێمە وەك گەلی كورد نەبین بە دەوڵەت، كە مافێكی سروشتیی ئێمەیە، هەڵبەت ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن (سەرۆك بارزانی)یەوە، خۆی خاڵێكی بەهێزی دیكەیە لە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە فیڕۆنەدانی خوێنی شەهیدان و بەدیهێنانی خەونی هەركوردێكە. گەشبینم كە لەسەر دەستی كارێزمای سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسی سەربەخۆییی كوردستان یەكلا دەبێتەوە, كە ئەمە خەونی هەمیشەییی شەهیدانمانە، ئەگەر خوێنی زیاتریش بدەین، بۆ ئەم پرسە ئامادەین، ئێمە گەلێكین،سەدەیەكە قوربانیی دەبەخشین و خاوەن سەرۆكێكی پێشمەرگە و دڵسۆزین و دڵنیام لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی كوردستانێكی سەربەخۆ دەبینین. ڕاستە كۆمەڵێك كێشە لە هەرێمی كوردستاندا هەن و هەرێم بە قەیرانی داراییدا تێپەڕ دەبێت، پێوستە هەموو لایەنەكان پشتگیری لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بكەن، بۆ ئەوەی كورد لەو قۆناغەی ئێستادا بە سەلامەتی تێپەڕ بێت و بە ئامانجەكانی خۆی بگات. بەڵام بەداخەوە، وەك دەبینین هەندێك لایەن لەناو هەرێمی كوردستاندا بەهەڵە لە ڕیفراندۆم تێدەگەن، كەچی ئەوە مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، كە بە ئامانجەكانی خۆی بگات و ببێتە دەوڵەت. ئەگەر لەم قۆناغەدا كەسێك خەمخۆری گەلی كورد بێت و بیەوێت ئەو نەتەوەیە بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناك ببات، (سەرۆك بارزانی)یە، بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم هاوكار بن و بەردەوام گۆێڕایەڵی فەرمانەكانی بن، بۆ ئەوەی كورد سوودمەندی یەكەم بێت لەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن، چونكە ئەمڕۆ گەلی كورد پێویستی بە (سەرۆك بارزانی) هەیە و دەبێت پشتگیری هەنگاوە كوردانە و نیشتیمانپەرەورییەكانی بین .
ئەگەر دوێنی بارزانی نەمر ئاڵاكەی دەستی پێشەوا قازی مەحمەدی بە ئەمانەتەوە پێسپێدرا ، ئەوەتا ئەو ئاڵایە لە ئێستادا لە دەستێكی ئەمین و جێی متمانەی وەك هێژا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە .سەرۆك مسعود بارزانی، ماوەیەكی زۆرە بەرنامەی راپرسی و سەربەخۆیی لەبەر دەستە، بۆ ئەوەیش، كاری زۆری كردووە، ئەوەیش ئەوە دەگەینێت كە سەرۆك بارزانی، مكوڕە لەسەر ئەو بەرنامەی خۆی، كە كوردستان بە ئاقاری بە دەوڵەتبوون بڕوات، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان، پشتگیری لە سەرۆكی هەرێم بكەن، چونكە ئەم هەوڵە مەسەلەیەكی حزبی نیە، بەڵكو پەیوەندی بە چارەنووسی گەلێكەوە هەیە، هەموو كوردێكیش، كە دڵسۆز بێت، خاك و وڵاتی خۆی خۆش بوێت، پێی خۆشە كوردستان ببێتە دەوڵەت، كەواتە بۆچی كە ئەو هەنگاوە لەبەر دەستە، كەسایەتیەكی ناسراو خاوەن پێگەیەكی مێژووی سیاسی بەم كارە هەڵدەستێت بۆ پشتیوانی لێ نەكرێت، ئەوە بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە كە هەندێك لایەن هەن، یان كەسانێك هەبن باس لەوە بكەن كە ئەوە دەچێتە بانگەشەی حزبی، نەخێر هەموو كوردێك كە ئەوە ئاواتیەتی، مادەم ئامانجی هەر تاكێكی كوردە، پێویستە لەو قۆناغەی كە ئێستا ئەو دەرفەتەی بۆ كورد هاتووەتە پێش، سەركردەیەكی بەهێزیش هەیە، لە ڕووی دیبلۆماسی، سیاسی، پێگەیەكی مێژووی هەیە و، بەو كارە هەڵدەستێت، پێویستە هەموو لایەنەكان پشتگیری لێ بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئاواتی خۆی بگات، بۆیە هیوادارین هەموو لایەنەكان پشتگیری لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بكەن بۆ ئەوەی كورد بە ئامانجەكانی خۆی بگات و كوردستان ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی .

پاساو هێنانەو و خۆدزینەوە لە هەمبەر پرسە نیشتیمانییەكان و بە تایبەت ریفراندۆم ناپاكییە لە كورد وكوردستان ... كوردستان ئیستا لە هەلومەرج و بارودۆخێكی تایبەت لەژێر كاریگەری ناوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە كە دەبێت سوود لەم بارودوخە وەربگرێت وەك حاڵەتێكی ئەمری واقیع، دەبێـت سەرەنج و ڕای گشتی هەرێمی و جیهانی بو وروژاندن و هەنگاونان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، چونكە هەریەك لەو دەوڵەتانەی كە ئێستا خاوەن بڕیارن لە ئاستی جیهاندا بەو قوناغ و ئاستانەدا تێپەڕیوون و قوربانی زوریشیان بەخشیووە لەو پێناوەدا، واتا هیچ دەوڵەتێك بە ئاسانی نەهاتووەتە بوون، بەڵكو لە سەردەمێكدا هەنگاونان بەرەو دەوڵەتبوون رووبەڕووی ئاساتەنگ بوونەتەوە تەنانەت گەر سەیری دیدی بیریارانی گرێبەستی كۆمەڵایەتی و ئەوانیتر بكەین دەبینین دەوڵەت لە هەناوی ململانێوە دێتە بوون، ئەڵبەتە ئەوەش بەدەر نییە لە رۆڵی دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خاوەن هێز و بڕیار، ئاستەمە بە سانایی بێتە بوون، بەڵام دواجار ئیرادەی گەلان سەنگی مەحەكە بۆ گەشتن بە خەونی بەدەستهێنانی دەوڵەت.
قوربانیدانی پێشمەرگەی كوردستان، خۆڕاگری سەرجەم كوردستانیان ، بڕیار و روانگە دروستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی و كارێزمایی و حیكمەتی لە بەرێوەبردنی دۆسیە چارەنوسسازەكان وەك نوێنەری ئیرادەی گشتی خەڵكی كوردستان و، ئاراستەی خواست و داواكاری گەلی كوردستان و مرۆڤی كوردستانی بۆ گرتنە ئەستۆی چارەنوسی خۆیان، بڕیاردان لەو چارەنوسە و كاریگەری راوبۆچونەكانی لەسەر وڵاتانی خاوەن بریار و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ هەر بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە؛ بەبێ ترس لە كەس و، بەبێ دوو دڵی لە داهاتوو بگەینە ئەو بڕوایەی كە زەمینەیەكی لەبار لەڕووی سیاسی‌، كۆمەڵایەتی‌، ئابوورییەوە و نێودەولەتییەوە هەیە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و بون بە دەوڵەت .
Top