کورد و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
May 16, 2017
وتار و بیروڕا
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس کورد چ وەک بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان و چ وەک بەشداری لە پرۆسەی بنیاتناوەی عێراق رۆڵی سەرەکی هەبووە، لە بەرامبەردا سیاسی و بڕیار بەدەستانی عێراق تا ئەوکاتەی لاواز بوون لە ناچاریدا گوێیان لە داواکانی کورد گرتووە بێ ئەوەی داواکان جێبەجێ بکەن، بەڵگەش بۆ ئەو راستییە بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٥وە دەستی بەسەر مووچە و بودجەی پێشمەرگەدا گرتووە و خۆشی لە جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ دەستوور دزیوەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە یەکلایی نەکردنەوەی ئەو ناوچانەی چارەنووسیان بە ماددی ١٤٠ی دەستوورەوە بەستراوە، بەرمیلێک بارووتە و ئەمڕۆ یا سبەی دوا هەودای پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دەپسێنێ.
ئەوەی باس کراو زۆر هەنگاوی خراپی تر نێتی بەغدا بووە لە کاتی لاوازیدا، بەڵام لەگەڵ خۆ گرتنەوەیان و بەهێز بوونەوەیان نەک هەر گوێیان لە کورد نەگرتووە، بەڵکو هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو دەستکەوتانەی دەیان ساڵ خەبات و قورباندیان و راپەڕین لە بەعس ستێنران لە کوردیان وەربگرنەوە، لیردا دەپرسین: نوێنەرانی کورد لە بەغدا بۆ بڕینی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان چییان کردووە و چییان پێکراوە؟ ئەی خوێندنەوەیان بۆ هەڕەشەکانی نووری مالیکی چی بووە؟ نوێنەرانی کورد لە بەرامبەر دەنگدانیان بە حەشدی شەعبی چییان بۆ پێشمەرگە وەرگرت؟ ئایا بە هەموو نوێنەرانی کورد لە بەغدا و بە خودی سەرۆک کۆماریشەوە توانیویانە چارەنووسی چوار پاسەوانە رفێنراوەکەی سەرۆک کۆمار ئاشکرا بکەن؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تریش ئەوەمان پێدەڵێن: کە بوونی نوێنەرانی کورد لە بەغدا جگە لە فریودانی کورد و راگرتنی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی بەغدا، خێرێکی تری بۆ کورد نەبووە و ناشیبێ.
خاڵێکی تر کە زۆر مەترسیدارە و پێوسیتە ئاماژەی بۆ بکرێ: بانگەشەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی زۆرینەیە کە شیعەکان هەڕەشەی پێ لە دەستکەوتەکانی ئێستای کورد و داهاتووی دەکەن، لێرەدا دووبارە لە عێراقچییەکان و ئەوانەی بوونەتە پارێزەی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەپرسین: ئەگەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی زۆرینە سەپێنرا کە دڵنیام دەسەپێنرێ، نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە کام یاسا بەرگری لە دەستکەوتەکان دەکەن؟! ئەی بە کام یاسا داوای ماف و ئازادییە نەتەوەییەکانی دەکەن، بۆیە عیراقچییەکان و ئەوانەش کە دەستکەوت و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کوردیان لە موزایەدەی مووچەدا چڕ کردۆتەوە، بە واتایەکی تر مووچەیان کردۆتە دوا ئامانجی نەتەوەیی و گرەوی پێ لەسەر دواڕۆژی کورد دەکەن، دەبێ ئەو راستییە بزانن کە رۆژێک دێ بەغدا بە سیاسەتی زۆرینە دێتەوە کەرکوک، هەر بە سیاسەتی زۆرینەش پێدانی مووچە دەکاتە مەرجی گەڕانەوە بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە، لیرەدا بە عێراقچی و مالیک دۆستەکان دەڵێم: ئەگەر لە سەردەمی سەددام حوسێن ئامانجی کورد و شۆڕشەکانی مووچە بووایە، ئەنفال و کیمیاباران و راگواستنی کوردستانمان نەدەدی و مووچەش دوانەدەکەوت و لە کاتوساتی خۆیدا دەهات.