ناوزڕاندن و قسەی بێ بنەما
May 15, 2017
وتار و بیروڕا
قۆستنەوەی نەخۆشی مام جەلال و بڵاوكردنەوەی كتێبێك بە ناویەوە كە نە دیویەتی و نە پێیداچووەتەوە و نە ئیجازەی داوە، لە حاڵێكدا كە مام نەتوانێت ڕوونكردنەوەی لەسەر بدات و ناڕاستییەكانی بەدرۆ بخاتەوە، ڕەنگە پڕ بێت لە ناوزراندن و قسە هەڵبەستن بە دەمیەوە، هیچ كەسیش نەتوانێت دڵنیایی بە خوێنەر بدات كە ئایا ئەمەی لەم كتێبەدا تۆماركراوە، بۆچوونی ڕاستەقینەی تاڵەبانین یاخود نا، هەر بۆیە ئەم 900 لاپەڕەیە گومانی زۆر هەڵدەگرێت.
سەلاح ڕەشید، لەو كتێبەدا لەچەند شوێنێكدا، بەناوی مام جەلال بۆختان و تەشهیر بە باوكی ڕۆحی نەتەوەی كورد، مەلا مستەفای بارزانی دەكات، چاوپێكەوتنەكە بووەتە كەرەستەیەك بۆ لێدانی كەسایەتییەكان، لەجیاتی ئەوەی ببێتە دۆكیومێنتێكی جێی متمانە.
ئەمە لە كاتێكدایە، مام جەلال لە نامەكەیدا، كە بۆ جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ناردووە، نووسیویەتی: "براگیان دوا بریاری ژیانم ئەمەیە كە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم، بە هیچ شێوەیەك نایەڵم تێكبچێت. كە هەندێ قسەی جەنابتم دەبیستەوە، بە هەڤاڵانم دەگوت گەر كاك مسعوود ئیعلانی هەلوەشاندنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی بكات، من ئیعلانی نوێ كردنەوە و بە هێزكردنی دەكەم، گەر دەركەمان لێ داخات لە پەنجەرەیەكەوە دەچینە لای.!"
بەداخەوە لەم رۆژانەدا دوو بەرگ بەناونیشانی (مام جەلال – دیداری تەمەن) بڵاوكراوەتەوە كە هەر لە ناونیشانەكەیەوە غەدرێكی گەورە لە مام جەلال كراوە، لەبەر ئەوەی مێژووی سیاسی مام جەلال لە 2005 كۆتایی نایەت، بەڵكو لەدوای 2005 ەوە بەهاری تەمەنی سیاسی مام جەلال دەست پێدەكات.
كتێبەكە جگە لەوەی خەڵكی نیگەران كردووە، بەبێ ئاگاداریی و مۆڵەتی تاڵەبانی چاپ و بڵاوكراوەتەوە. لە كتێبەكەدا شوێن و كاتی چاوپێكەوتنەكانی مام جەلال و ئامادەكاری كتێبەكە دیار نییە. ئامادەكاری كتێبەكە هیچ بەڵگەیەكی لەبەردەستدا نییە كە سەڵمێنەری ئەوە بێت قسەكان هی مام جەلالن. نەخۆشییەكەی ئەو، دەرفەتی بە ئامادەكاری كتێبەكەدا، چۆنیان مەبەست بێت وتەكانی بشێوێنن و دارێژنەوە، لەم ڕێگەیەوە بە مەرامی خۆیان بگەن، هاوكات یەكێتی و خەڵكی دیكەیش ئازار بدەن. تاڵەبانی تەمەن 84 ساڵ كە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دووركەوتوەتەوە، لە دۆخێكی تایبەتدایە، بۆچی غەدری لێ دەكەن.