رێگای مام كامەیە؟

رێگای مام كامەیە؟
ئەو رەوتەی ناو یەكێتی كە خۆیان بە باڵی ریفۆرم ناساند و دواتر بزووتنەوی گۆڕانیان دروستكرد، بەوە دەستیان پێكرد كە مام جەلال یەكێتیی تەسلیمی پارتی كردووە، هەر لەبەرئەوەش بوو كاتێ مام جەلال دەیبنی لەبەرامبەردا سەرۆك بارزانی بۆ نەهێشتنی ناكۆكی و كاری هاوبەش ئامادەیە، هەوڵی خۆی بۆ نەهێشتنی درز و كەلێن لەگەڵ پارتی دەدا، لێ ئەو گرووپە توانییان بەشێكی مەكتەبی سیاسی بەو ئاراستەیەدا ببەن لەگەڵ بۆچوونی مام جەلال نەبن، ئەمەش وای لە مام جەلال كرد خۆی بە تەنیا رێگەی پیرمام و سەری بڵند بگرێتەبەر، چونكە مام جەلال دەركی بە زیانی گەورەی جیابوونەوە كردووە، بۆیە پەشیمانی خۆی بۆ جیابوونەوەكە دەربڕیوە، ئەمەش لە لاوازییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو لەو قەناعەتەوەیە كە دووبەرەكی زیانی گەورەی لە كوردستان داوە.
دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، هەموو باڵەكانی یەكێتی دەڵێن رێگەی مام جەلال بەرنادەین، تەنانەت بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ خۆ دەربازكردن لەو دۆخەی تێیكەوتووە، پەنای بۆ مام جەلال برد و هەر بە ئامادەبوونی ئەویش لە 17/5/2016 دا رێككەوتننامەی گۆڕان و یەكێتی ئیمزاكرا، یەكێتی دوای ئەوەی لە 2009 ئەو بەشەی لێی جیابۆوە حزبی گۆڕانیان دامەزراند، بەشەكەی دیكەیشی لەت بووە، لێ جێی داخە بەشێكی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان، هەموو هەوڵ و توانایەكیان بۆ ئەوە خستۆتەگەڕ، مام جەلال بە زۆر و زۆرداری وەك دژێكی بەردەوامی بنەماڵەی بارزانی و پارتی پیشان بدەن، ئاشكرایە ئەم هەوڵە دژی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، تەنیا ئەوانەی كاری بۆ دەكەن لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دەیبینن.
بڵاوكردنەوەی بیرەوەرییەكانی مام جەلال بەناوی دیداری تەمەن، هەوڵێكی دیكەیە بۆ پێداگرتن لەسەرئەوەی مام جەلال دۆستایەتی بنەماڵەی بارزانی ناوێ، هەرچەندە زۆر ئاسایی و گرنگیشە سیاسەتمەدار و كەسایەتییە دیارەكانی ناو رووداوەكانی كوردستان بیرەوەرییەكانیان بنووسنەوە، بەڵام هێزی بیرەوەری و كاتی بڵاوبوونەوە لەوەدایە، بە ئاگاداری خاوەنەكەی بێت، ئامادەكاری ئەو بیرەوەرییە، لە پێشەكیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ماوەی 15 ساڵ خەریكی ئامادەكردن بووە و لە ساڵی 1990 ـەوە دەستی پێكردووە، هەر لە پێشەكییەكەدا و لە لاپەڕە (15) دا دەڵێ:" زۆر دۆست و هاوڕێ پێیان وابوو كاتی بڵاوكردنەوەی ئەم دیدارە نەهاتووە، بەڵام من ئەم دیدارە لە كاتێكدا بڵاو دەكەمەوە كە بەداخەوە مام جەلال نەخۆشە و پێشتریش دەرفەتی ئەوە نەڕەخساوە دیدارەكە ببینێ و سەرنجی نوێی لەسەر بڵێ، یان تەنانەت روخسەتی بڵاوكردنەوەشی لێوەربگرم"، باشە دەكرێ بیرەوەری كەسایەتییەكی وەك مام جەلال بڵاوبكرێتەوە بێ ئەوەی پرسی پێبكرێ؟ پاشان ئەگەر ئامادەكردنەكە (15) ساڵی خایاندبێ، كەواتە تا ساڵی 2005 بووە، ئێ مام جەلال 7 حەوت ساڵ دواتر نەخۆش بووە، بۆچی لەو ماوەیەدا بڵاو نەكرایەوە، سەلاح رەشیدی ئامادەكاریش بە مام جەلال رازی نەبووە و لێی جیابۆتەوە و ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، دیارە لەبەرئەوەبووە دەرفەتی نەبووە روخسەتی لێوەربگرێ، ئەی خێربوو لەم كاتە هەستیارەدا بڵاوكرایەوە، بۆیە هەوڵێكی دیكەی بەكارهێنانی مام جەلالە، ئەمەش غەدرێكی گەورەیە لەو پیاوە و تێكۆشەرانی یەكێتی دەكرێ.
ئاخر هەوڵی لەوە زیاتریش بدرێ، ناتواندرێ مام جەلالی راستەقینە بشاردرێتەوە، نامەی رۆژی 19/8/2012 ی مام جەلال بۆ سەرۆك بارزانی پەیامێكی زۆر روون و ئاشكرا و گرنگە و تیایدا هاتووە:" براگیان دوا بڕیاری ژیانم ئەمەیە كە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم و بە هیچ شێوەیەك نایەڵم تیكبچێت" ئەو پەیامە رێگەی راستەقینەی مام جەلالە، نەك ئەو رێگەیەی لە غیابی مامدا بۆ بەرژەوەندیی چەند كەس و گرووپێك پیشان دەدرێت.
Top