نامەیەکی کورت و کراوە بۆ نەوشیروان مستەفا
May 15, 2017
وتار و بیروڕا
سڵاو و رێز و حورمەت
بەڕیز کاک نەوشیروان.. پێشەکی بەخێر هاتنەوەیەکی گەرمت لێدەکەم و هیوای تەندروستییەکی باشت بۆ دەخوازم، هیوادارم گەڕانەوە ئەمجارەت مایەی خۆشی و ئاشتەوایی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی بێت.
بەڕیز کاک نەوشیروان.. گەشتەکەی پیشووت کە (٧) مانگ و (٧) رۆژی خایاند، خەڵک بە ئومێدەوە لە گەڕانەوەتی دەڕوانی، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانی و ئومێدی خەڵک هەنگاوت ناو چارەسەی هەموو کێشەکانی کوردستانت لە رێککەوتنی نێوان خۆت و یەکیتیدا چڕ کردەوە، لەوەش خراپتر رێککەوتنەکەی گەڵ یەکێتیت جگە لە پیلانگێڕی دژ بە لایەنێکی کاریگەری کوردستان، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە هیچ ئامانجێکی تری لە پشت نەبوو، بەڵگەشمان بۆ ئەو راستییەی کە رێککەوتنەکە هەڵگری مەرامی پیلانگێڕی بوو، لە کاتی واژۆ کردنی ریککەوتنەکە راشکاوانە گوتت: لەگەڵ یەکێتی کۆتایی بە بڕیاری تاکڕەوی سیاسی دێنین و باڵانسی هێز راست دەکەینەوە، ئەوەش دوو گوتنی هەڕەشەئامێز و ناوەرکی پیلانگێڕیەکە بوو بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر بۆیەش رێککەوتنەکەی گەڵ یەکێتیت لەلایەن خودی دڵسۆزانی ناو یەکێتی پووچەڵ کرایەوە و سەرکەوتوو نەبووی.
بەڕێز کاک نەوشیروان.. خۆت دەزانی ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ مەترسیدا تێدەپەڕێ، وەڵامدەرەوەی هەستیاری و مەترسییەکانی قۆناغەکەش تەنها و تەنها کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەییە، بۆیە داوا لە جەنابت دەکەم وەک رابردوو بە ئینکاری سیاسی و خواستی رشتنی کۆنەقین وەڵامی هەستیاری و مەترسییەکانی ئەم قۆناغە نەدەیتەوە، خوازیارم لە گەڕانەوەی گەشتی ئەمجارەتدا کە (٨) مانگ و (١٠) رۆژی خایاند، بە گیانی نەتەوەیی و پەرۆشی بۆ داهاتووی گەلەکەمان بێیە پێش و هەوڵەکانت لەسەر رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ هەموو لایەنەکان چڕ بکەیتەوە، بە مەرجێک رێککەوتنەکە بەگژدا چوونەوەی تاکڕەوی سیاسی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بە ئامانج بگرێ و ئامانج لێی راست کردنەوەی باڵانسی هێزی نەتەوەیی کورد بێ بەرامبەر بە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان.
دووبارە رێز و حورمەت