ویژدانە پەروەردەییەکان لە تاقیکردنەوەکان دەردەکەون

ویژدانە پەروەردەییەکان لە تاقیکردنەوەکان دەردەکەون
سەرکردەی بەناوبانگی فەرەنسی ناپلیۆن پۆنا پارت دەلێ " بە سێ وەڵامی سێ دەدەمەوە ھەر یەکێک پێم بلێ ناتوانم دەلێم ھەوڵبدە، پێم بلێ نازانم دەلێم فێر بە، پێم بلێ مەحاڵە دەلێم تاقی بکەوە"
گەر سەیری ئەو ووتە پڕ مانا و بەسودەی ناپلیۆن بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە ھیچ شتێک مەحاڵ نییە ، ھەوڵدان و فێربوون و تاقی کردنەوە دەمانگەینێتەوە ئامانج بەڵام لە ھەمووی گرنگتر سووربوون لەسەر ئەوەی کە بیرو ڕامان پێ ھەیە و پاڵپشت بە ئیرادەی بە ھێزسەرکەوتن مسۆگەر دەکات، بێگومان سەرجەم ووتە و قسە پڕماناکان و پەندەکان لە پەروەردە وە شیکردنەوەیان بۆ دەکرێ بە پراکتیکی جێ بەجێ دەکرێت، بەڵام پەروەردەیەک کە بیرو رای بە توانا و بیرکردنەوەی دڵسۆزی ھەمووان ھەبێت بە بێ جیاوازی چونکە پەروەردە ماڵی ھەمووانە و موڵکی ھەمووانە ، پەروەردە ماڵی پەروەردەکارانە لە پەروەردە پەروەردەی ڕاستگۆیی و ڕەوشت بەرزی و پاکی دەبینین ئەوانەی پەروەردەکارن دەبێت بەرگی دووڕوویی و نمایشکاری و نادڵسۆزی بوون و سیناریۆکان دابماڵن خاوەن ئیرادە و ڕاستگۆیی و دادپەروەری پەروەردەیی بن قوتابخانەکان بینات بنێن و ئاوەدانیان بکەنەوە بە قوتابی ژیکەلە و پاک و بوێرو ڕاستگۆ و خاوەن متمانە چونکە قوتابخانەش ماڵی ھەموو قوتابیانە .
ئەلێرە قوتابخانەیە بە قوتابیان دەلێ ھەوڵبدەن فێربن تاقی بکەنەوە ..... دەگەنە ترۆسکی ئاوات چونکە ھیچ شتێک نییە نەتوانن و نەزانن و مەحاڵ بێت ، قوتابیە خۆشەویستەکانمان لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان ئەو پەری ئامادەباشیان ھەبێت دوور بکەنەوە لە ترس و دوو دڵی و ڕاڕایی ھەموومان ماڵەوەی قوتابی و کەسوکاریان یارمەتیدەری سەرەکی بن لە خوێندن لە ھاندانیان بۆ ئەوەی نەترسن ھەرگیز منداڵەکەت بەراورد مەکە لەگەڵ قوتابیانی تری زیرەکتر ھەرگیز پاڵە پەستۆ و فشاری زۆر لەسەر قوتابی درووست مەکە ھەرەشەی لێ مەکە بە سزا دان مەیترسێنە بە درێژایی ساڵ ، بەداوداچوون و چاودێری بکە لە تاقیکردنەوەکانیش ھانی بدە ھاوکاری بکە و یارمەیتدەری منداڵەکەت بە ، بەھەمان شێوە رۆڵی قوتابخانەش پێویستە رۆڵی ئەرێنی و پاڵپشتی و ئاسنکاری بێت بۆ قوتابی بەرێوەبەر و دەستەی کارگێڕی و مامۆستایی بابەت بەردەوام ئامۆژگاری قوتابی بکەن لەسەر خوێندن بە زمانی پەروەردەیی و نەرم و نیانیان نەک ھات و ھاوار و ھەڕەشە و گوڕەشە بە زمانێکی باوکانە و دایکانە ھانی قوتابی بدات ، خشتەی وانەکانی لە بیر بھێنەوە و بابەتەکانی لەبەر چاوی ئاسان بکە و متمانەی بەھێزی بەدە قوتابی و ترس و دڵە ڕاوکێ لە دڵی قوتابی مەھێلە بۆ ئەوەی قوتابی متمانە و سیقەی بە خۆی ھەبێت ، خودی قوتابی ئەوکات جۆشی و خرۆشیەک لە دڵی درووست دەبێت ئیرادەیەک پاڵی پێوە دەنێ کەوا خوێندن خۆشی و لەزەتێکی تێدایە ئەویش سەرکەوتنە لە تاقیکردنەوەکان لە کۆتایی ساڵ ، نابێ قوتابی زۆر ھەستیار بێت بە ڕادەیەک بەرگەی پێ گوتنی نەکات خۆی بەرنامە رێژی خۆی بێت کاتەکانی خۆی رێکبخات و پلانی خوێندنی ھەبێت و زاڵ بێت بەسەر ھەموو کێشەو دڵە ڕاوکێ و ترس لە تاقیکردنەوەکان ئەویش بە خۆئامادەکردنی تەواو بۆ بابەتەکان و تاقیکردنەوەیان ھیچ بابەتێک دوانەخات بۆ رۆژەکانی تر و پێویستە خوێندنی بەردەوام بکات و پرسیارەکان شیکار بکات و بەداوداچوون و پێداچوونەوە بۆ بابەتەکان بکات ئاگاداری تەندروستی خۆی بێت خواردنی ژەمەکانی کاتی تاقیکردنەوەکان باش و رێک بێت وە کاتەکانی نەگۆرێت کاتێکیش دابنێت بۆ ھێورکردنەوەی خۆی لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر ببات، ئەوپەری متمانە بە خۆی ھەبێت ھەردەم وابێت کە بلێ باشم خوێندەوە بە ئاسانی دەردەچم ، ئەم قۆناخە بە سەرکەوتوویی دەبڕم و ساڵی داھاتوو لە قۆناخی دوای ئەم قۆناخە دەخوێنم بە دڵنیایی پێش خەوتن سەرجەم پێداویستیەکانی تاقیکردنەوە ئامادە بکات و خەوتنی باش بکات و بەیانیەکەی زوو لە خەو ھەڵبستێت ، وە لە کاتی پێویستدا قوتابخانە ئامادە بێت لەگەڵ قوتابیەکانی گفت و گۆی بابەتەکان نەکات پێش تاقیکردنەوەکان تا دەچێتە ھۆڵی تاقیکردنەوەکان بە ئەوپەری سیقە و متمانەوە بە باوەڕ بە خۆبوون پڕسیارەکان وەربگرێت و بیان خوێنێتەوە ئەوەی دەزانێ وەڵام بداتەوە دواتریش ئەوانی تر وە چەند جارێک ھەناسەی قوڵ ھەڵبمژی بە ھێواشی خۆی ھێور بکاتەوە تەنیا ئاگای لە خۆ بێت و ھەرگیز نەترسێ و ڕا ڕا نەبێ .
بەرێوەبەر ویاریدەدەر و مامۆستاکانیش کەشێکی لە بار و ھێمن بۆ قوتابیان فەراھەم بکەن ئەوپەری دادپەروەری جێ بەجێ بکەن لە نێوان قوتابیان خۆیان دووڕ بگرن بە ھیچ شێوەیەک خۆیان لە قوتابیان نزیک نەکەنەوە چونکە کاریگەری و شوێنەواری خراپ لەلای قوتابیانی تر جێدەھێلێت لەوانەیە کار بکاتە سەر ئەنجامی وەڵامدانەوەکانیان کە بەرھەم سالێکی تەواوی قوتابیانە ، بۆیە وێژدانە پەروەردەییەکان لە تاقیکردنەوەکان دەردەکەون تا چەند دەتوانن دادپەروەری پەروەردەیی جێ بەجێ بکەن ، بێگومان پەروەردەکان و وەزارەتیش نابێت بێ ئاگابن وە گرنگە رێنمایی و ووشیارکردنەوە بۆ مامۆستا و قوتابیان ساڵانە لەلایەن وەزارەت و پەروەردەکان ئامادە بکرێن گشتاندنی بۆ بکرێت رێگاکان بۆ گەیاندنی بە قوتابی کارا بکرێن لەلایەن وەزارەتەوە چونکە قوتابیان تاکە دەرئەنجامی پرۆسەی پەروەردەن ، پەروەردە بەگشتی لە پێناو قوتابیانە قوتابیانیش ھەناسەی پەروەردەن ئامرازەکانی پەیوەندی و ئاگا لێبوون و بەرپرسیاریەتی لەلایەن وەزارەت و پەروەردەکانەوە گەرم و گوری و لێک ترازاو نەبن و قوتابی بە پراکتیکی ھەست بەوە بکات کە وەزارەتی پەروەردە بە ھەموو کەناڵەکانیەوە لە پەرۆشی خزمەت کردن و تێگەیاندن و پێگەیاندنی قوتابیانە و دەر ئەنجامی قوتابی خۆشەویستەکانیش بە گشتی لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردە و پەروەردەکانە ، چونکە قوتابیان تاکە ئەمانەتی کۆمەڵگان لای پەروەردەکاران.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top