هه‌نگاوێك بۆ دواوه،چه‌ند هه‌نگاوێك پێكه‌وه بۆ پێشه‌وه
May 13, 2017
وتار و بیروڕا
هه‌موو پارته سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌میشه لافی تێكۆشانیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی لێداوه و به ئامانجی بالای خۆیان هەژماریان کردووە ،هه‌ر بۆیه به دیدی من هه‌ر پارتێكی سیاسی باشوری کوردستان ، گەر بە ئاراسته‌ی سه‌ربه‌خۆیی كار نه‌كات ، نه‌بوونی لە هەبوونی باشتره، ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌و پارته پارتی دیموكراتی كوردستانیش بێت كه خۆم ئەندامم تێیدا.
گه‌لی كوردستان له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی داعش سه‌ربه‌رزانه به خوێن و قوربانی پێشمه‌رگه‌كان و كاری بێ وێنه‌ی ده‌زگا هه‌واڵگری و ئه‌منیه‌كان و به فه‌رمانده‌یی بارزانی سه‌ركه‌وتنی مەزنی بەدەست هێنا، کەواتە گەر بەپێی ئەو بۆچوونەی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی نیچە بێ کە ده‌ڵێت : ئه‌وه‌ی نه‌توانێت وێرانم بكات و له نێوم به‌رێت به‌هێزترم ده‌كات، لە ئێستادا گه‌لی كوردستانی باشور به‌هێزتره له جاران ، هەرچەندە ئامانجی تیرۆریستان له ناوبردنی ئەزموونی حوکمرانی هەرێمی کوردستان بوو .
کەچی بەداخەوە بەهۆی ململانێی تەسکی حزبایەتی وەک دەبینین ، کەسانێک و هەندێ لایەن له ژێر بیانوی جیاواز زۆر به توندی و به فراوانی خه‌ریكن سیستمی سیاسی كوردستان له‌به‌ر چاوی كۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی ناشرین و بێ نرخ دەکەن . ئەو دیاردەیە لەسەر ئاستی ناوەخۆش بە ئاراستەی لاواز کردنی خۆشه‌ویستی هاووڵاتیان بۆ نیشتمان و ئامانجی باڵایان کاری خۆی دەکات .
بێگوومان هیچ كه‌س ناتوانێت سه‌ر له‌به‌ری ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی كه له سیستمی سیاسی كوردستان ده‌گیرێن ڕه‌ت بكاته‌وه. زۆرێک له‌و ڕه‌خنانه په‌یوه‌ستن به لاوازی سیستمی یاسایی،كاڕگێری و دادی لە هەرێمەکەمان ، واته ته‌نیا په‌یوه‌ست نین به سیستمی جێبه‌جێ كردن،ته‌نانه‌ت په‌ڕله‌مانیش ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی وه‌كو یاسا دانان وه‌كو پێویست جێبه‌جێ نه‌كردووه . زۆر یاسای دواكه‌وتوومان هه‌ن كه هی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسن و هەموار نەکراون.
مه‌به‌ست له‌و ووتارە چاوپۆشی کردن نیه له هەڵەو کەموکوڕیەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ، هەرچەندە ئەو ئەزموونە خاوەنی زۆر كاری باش و دەسکەوتی گرنگە ، به‌ڵام لاوازی لە جێبه‌جێ کردنی یاسا و ڕێنمایه‌كان و سیستمی چاودێری کردن ، و سزا و پاداشت، ده‌رگای بۆ دانانی كه‌سانی خراب و مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له جومگه‌كانی سیستمی كارگێری واڵا كرد، ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو بیكه‌ن كردیان.
ئه‌نجامدانی گه‌نده‌لی سیستماتیك به داخه‌وه له لایه‌ك بووه هۆكاری بلاو بونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و تێڕوانین و باوه‌ڕه‌ی كه هه‌ر كه‌س زیاتر پاره‌ی ده‌ست بكه‌وێت ، جا به رێگای ناشه‌ڕعی و حه‌رامیش بێت ، به‌ڵام هی حكومه‌ت بێت به حه‌لالی دابنێت، ته‌نانه‌ت دزه‌كان به پیاوی سه‌ركه‌وتوو ئه‌ژمار کران و به پێچه‌وانه‌وە پاكه‌كان به نه‌زان ولاواز، هه‌ندێ جاریش به‌و پاره‌ی كه دزه‌كان له گه‌نده‌ڵی به‌ده‌ستیان هێناوه مزگه‌وتیشیان پێ دروست كردووه،واته خه‌ریكی كڕینی ناو بانگی باش بوون له‌و دونیایه و كڕینی به‌هه‌شتیش بوون له دونیای تر.
هه‌روه‌ها له لایه‌كیتر كه‌سانێك به‌ناوی شه‌ڕی گه‌نده‌لی به زانا بوون بووبێت یا به نه‌زانی له جیاتی دۆزینه‌وه‌ی مكانیزمێكی ڕاست و دروست بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره، ڕێگای به كارهێنانی ڕاگه‌یاندنی ناپڕۆفێشنالیان به كارهێناو، ئه‌وه‌ی گه‌نده‌لكاران له تێكدانی كۆمه‌ڵگامان نه‌یانتوانیبوو ئه‌نجامی بده‌ن ئه‌وان ته‌واویان كرد، بوون به هۆی لاوازی هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی و خۆشه‌ویستی نیشتمانپه‌روه‌ری.
هه‌میشه پێم وابووه هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی گه‌نده‌لی له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی تیرۆریستانیش بۆ داهاتووی گه‌له‌كه‌مان گه‌وره‌تره به‌ڵام پێویسته به مكانیزم و به ستراتیژیه‌كی گونجاو و هه‌مه لایه‌نه چاره‌سه‌ری ئه‌و دیارده‌یه به بكرێت.
وێرای هەموو ئەو شتانە بە دیدی من چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه ته‌نیا به قسه و به عاتیفه ،و به هه‌ڵچون و به هه‌نگاوی هه‌ڵه ناکرێ ، تەنانەت ئەو شه‌ڕه ڕاگه‌یاندنه‌ی كه زۆر بووه‌تە مایەی بێزاری و تێكدانی ناومالی کوردستانیش چارەسەر نییە،به‌رده‌وامیدان به‌و شه‌ڕه هەرەشەیە لەسەر ئه‌وه‌ی تاكو ئێستا به قوربانی زۆر بەدەست هاتووه.
هه‌ر بۆیە پێم وایه به‌ر له هه‌موو شتێك لایه‌نه سیاسییه‌كان دەبێ هه‌ر یه‌كه‌و هه‌نگاوێك به‌ره‌وه داوه بچن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ڕێك بكه‌ون و پێكه‌وه چه‌ند هه‌نگاوێک كوردستان و گه‌له‌كه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رن. نابێ ڕێگا بدرێت بەوەی کە بەهۆی قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی تۆڵه سەندنەوەی پارته سیاسییه‌كان له یه‌كتری ، گه‌لی كوردستان ده‌رفه‌تی سه‌ربه‌خۆیی له ده‌ست بدات .
ئەرکی هەمولایەک ئەوەیە کە هه‌ر لە ئێستاوە ، به بڵاو كردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی دژه گه‌نده‌لی و پاش سه‌ربه‌خۆیش زۆر به توندی و به سیستماتیك و دامه‌زراوه‌یتر، به رێگای ده‌ستور و ده‌رچواندنی یاسا و جێبه‌جێ كردنی و چه‌سپاندنی سیستمی دامه‌زراوه‌یی، هه‌روه‌ها به‌ر له هه‌موو شتێكیش به دانانی كه‌سانی شیاو له شوێنی شیاو ، زۆرینه‌ی گه‌ل شه‌ری كه‌مینه‌ی گه‌نده‌لكار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ووڵات به‌ره‌و پێش بچێت و گه‌ل له ئاسایش وئارامی و خۆشگوزه‌رانیدا بژین .
هه‌روه‌ك فرێدریك ته‌یلۆر ده‌ڵێت، لە پێشتردا مرۆڤ و تاك به ئه‌وله‌ویت داده‌نران بەڵام له داهاتوودا سیستم ده‌بێتە ئه‌وله‌ویەت . هه‌ر بۆیه ئێمه ده‌بێت كاری جدی بكه‌ین كه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌وڵه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی و دیموكراسی بێت ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێز له تاك تاكی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا، خاوه‌نی هه‌ر باوه‌ڕێك و له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن بگیرێت و به یاسا مافه‌كانیان بپارێزرێت و ده‌رفه‌تی كاریان به یه‌كسانی بۆ بڕه‌خسێنێت.